پاریس سانجێرمان پەیوەندی بە میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵەوە کردووە.
کەناڵی RMC بڵاویکردووەتەوە، لویس کامپۆس، راوێژکاری وەرزشی پاریس سانجێرمان قسەی لەگەڵ ئارتێتا کردووە و داوای لێکردووە، ئەرکی مەشقی پاریس بگرێتە ئەستۆ. ئەمەش دوای یەکلایی بوونەوەی چوونە دەرەوەی کریستۆف گاڵتیێ و تێکچوونی گفتوگۆکانی نێوان پاریس و جولیان ناگلیسمان.
هەرچەندە رازیکردنی ئارتێتا ئاسان نییە، چونکە راهێنەرە ئیسپانییەکە وەرزێکی نموونەیی لەگەڵ گەنەرز بەڕێکرد و ئێستا خەریکی ئامادەکردنی پێکهاتەیەکی گەورەیە بۆ رکابەری کردن لەسەر پرێمەرلیگی وەرزی داهاتوو.
ئارسیناڵ خەریکی گفتوگۆیە بۆ گواستنەوەی دێکلان رایس، یاریزانی وێستهام و کای هاڤێرتز، ئەستێرەی چێڵسی.
پاریس سانجێرمان وێڵە بە دوای دۆزینەوەی راهێنەرێک، بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی نوێ لە یانەکە دەست پێبکات. ناوی ناگلیسمان و تیاگۆ مۆتا، راهێنەری بۆڵۆنیا بە یانە پاریسییەکە بەستراوەتەوە، بەڵام نایانەوێت پەلە لە دەستنیشانکردنی هیچ راهێنەرێک بکەن. بە تایبەت داهاتووی کیلیان ئێمباپێ روون نییە و هەر پڕۆژەیەک لە پاریس دەستپێبکرێتەوە، دەبێ ئێمباپێ چەقی پڕۆژەکە بێت.
پاریس دەیەوێت بەر لە مانگی داهاتوو، راهێنەرێک دەستنیشان بکات و دواتر ئامادەکارییەکانی وەرزی داهاتوو دەست پێبکات و یەکەم یاری ئامادەکاریش، بەرامبەر نەسری سعودی دەبێت.
وەڵامێک بنووسە