سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئامارەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکانی عێراق زیادیکردووە، تائێستاش دوو کەس بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کاتی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵان لە هەولێر ڕایگەیاند، دوێنێ دووەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا وتمان کە نیگەرانین لە بوونی ئەم حاڵەتە، بەڵام مانای وانیە کە نابێت، بەڵکو ساڵانە یاخود چەند ساڵێک جارێک سەرهەڵدەدات.
وەزیری تەندروستی گوتی، ماوەیەکی زۆربوو لە هەرێمی کوردستان نەبوو، بەڵام بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی لە عێراق جارێکی دیکە لە هەرێم سەریهەڵداوەتەوە.
سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشداوە، یەکەم حاڵەتی گیان لەدەستدان لە ئیدارەی سەربەخۆی قەزای سۆران تۆمارکراوە، دووەمیشیان لە شاری هەولێر تۆمارکراوە.
سامان بەرزنجی ئاماژەی بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێم کرد بۆ خۆپاراستن لەم پەتایە، داواشی لە هاووڵاتییان کرد گۆشت و بەرهەمەکانیان لە شوێنە ڕێگەپێدراو و فەرمییەکان بکڕن.
دوێنێ چوارشەممە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەولێر گیان لەدەستدانی گەنجێکی تەمەن (١٩) ساڵی ڕاگەیاند، بەهۆی پەتایەکی تای خوێنبەربوونەوە.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە کە له ماوهی پێنج مانگی ئەمساڵدا له عێراق (١٢٨) كهس تووشی نهخۆشییەکە بوون و (١٨)ـیان گیانیان لەدەستداوە.