بە گوژمەی ٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە عەنکاوە جێبەجێ دەکرێت

بە گوژمەی ٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە عەنکاوە جێبەجێ دەکرێت
ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوژمەی (٥،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠) پێنج ملیار و بێنجسەد ملێون دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانیی عەنکاوە، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر جێبەجێ دەکرێت.
وەزارەتی شارەوانی دەڵێت ، ئەو پرۆژانە بریتین لە تێکەڵەڕێژکردن و دانانی کربستۆن بۆ شەقامەکانی عەنکاوە لەگەڵ دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و دانانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە بۆ کەرتی ١٢٨ی عەنکاوە.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە ، پێشتر بەردی بناغەی ئەو پرۆژانە لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دانراون و ئێستاش کارکردن تێیاندا بە باشی بەڕێوەدەچێت، بە تەواوبوونیان ئاستی خزمەتگوزارییەکانی عەنکاوە بەرزتر دەبێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە ، کارەکانی ئەو پرۆژانە لەلایەن ئەندازیارانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و سەرۆکایەتیی شارەوانیی عەنکاوە و بەرێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر سەرپەرشتیی دەکرێت.