پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد
ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و پڕۆسەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ 375 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ 120 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای هەولێر، 113 هەزار تۆن لە پارێزگای دهۆک و 142 هەزار تۆنیش لە پارێزگای سلێمانی و، ئەگەر زیاتر لە پشکی هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنم هەبێت، لیژنەی دانانی پلانی کشتوکاڵی ساڵ و وەرگرتنی گەنم لە عێراق جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە و بڕیاری دیکە دەدات.
لەبارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق 40 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دینار دیاریکراوە و، وەکو خۆی دەڵێت، دوای رادەستکردنی گەنم، جووتیاران دەتوانن شایستە داراییەکانیان وەربگرن.