ڕۆژنامەنووسانی گەرمیان: هێزێكی دەمامكدار وەك ئەوەی تیرۆریست دەستگیر بكەن، دوو ڕۆژنامەنووسەكەی گەرمیانیان گرتووە

به‌یاننامه‌یەک لە رۆژنامەنووسانی گەرمیانەوە
دوێنێ هێزێكى چەکداری ئەمنی هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵی كه‌سایه‌تىی كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیی ناسراو (حه‌سه‌ن سایه‌خان) له‌ گه‌ڕه‌كى شه‌هیدانى قه‌زاى كه‌لار و (ئارام)ـى كوڕى و (شه‌رمین عه‌لی)ـى بوكیان ده‌ستگیر كرد‌.
هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌ تائێستا هۆكاره‌كه‌ى روون و ئاشكرا نییه‌، به‌ تایبه‌تى كه‌ له‌وباره‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ نه‌دراوه‌، ئه‌مه‌ش مایه‌ى نیگه‌رانییه‌، له‌وه‌ش زیاتر، نیگه‌رانین له‌ شێوازى ده‌ستگیركردنى ئه‌و دوو فه‌رمانبه‌ره‌ و مامه‌ڵه‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌كه‌‌.

هه‌ردوو ده‌ستگیركراوه‌كه‌ كه‌سى مه‌ده‌نی و ئاشتیخواز و فه‌رمانبه‌رى فه‌رمیی حكومه‌تن، هیچ پێشینه‌یه‌كى تاوانكاریی و كارى نایاساییان نییه‌، كه‌چى به‌ شێوازێكى زۆر ناشرین هه‌ڵكوتراوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌یان وه‌ك ئه‌وه‌ى “تیرۆرست” ده‌ستگیر بكه‌ن و هێزێكى زۆری چه‌كدارى ده‌مامكدار به‌ ناو گه‌ڕه‌ك و سه‌ر خانووه‌كاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت كامێرای چاودێریی هه‌موو دراوسێكانیشیان كۆكردونه‌ته‌وه‌!

ئه‌م ره‌فتاره‌ جگه‌ له‌وه‌ى ناشایسته‌ و نه‌گونجاوه‌ ده‌رهه‌ق به‌ هه‌ردوو ده‌ستگیركراوان كه‌ فه‌رمانبه‌ر و پێشتریش رۆژنامه‌نووس و چالاكوان بوون، هاوكات بێڕێزیشه‌ به‌رامبه‌ر كاك (حه‌سه‌ن سایه‌خان) كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی و رۆشنبیریی رێزلێگیراوى گه‌رمیانه‌ و تێكۆشه‌رێكى دێرینه‌ و ته‌مه‌نێكى زۆری بۆ خزمه‌تى كۆمه‌ڵگا و رۆشنبیری و به‌گژاچوونه‌وه‌ى سته‌م و ناعه‌داله‌تى و گه‌نده‌ڵی و چەوتییەکان ته‌رخانكردووه، جگە لەوەی رەفتارەکە بووەتە مایەی درووستبوونی نیگەرانی و تەنانەت دڵەڕاوکێش لەناو هاووڵاتیاندا.

ئێمە ئه‌م ره‌فتاره‌ به‌ توندى ئیدانه‌ ده‌كه‌ین، حكومه‌ت و ده‌زگا ئەمنییەکان و به‌رپرسانى یه‌كێتى نیشتمانى به‌ به‌رپرس ده‌زانین له‌و بێڕێزییه‌ى كراوه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت به‌ فه‌رمی داواى لێبوردن له‌و ره‌فتاره‌ بكه‌ن و لێپێچینه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامده‌ران و کەسانی كه‌مته‌رخه‌م بكه‌ن و به‌شێوازێكى ئسوڵی و یاسایی له‌ دۆسیه‌ى هه‌ردوو ده‌ستگیركراوه‌كه‌ بكۆڵنه‌وه‌.

به‌ ئیمزاى:
ئازاد عوسمان
دڵشاد ئەنوەر
کاروان کەلاری
ئاراز محەمەد
ئەیاد محەمەد
کاروخ عومەر
دلێر کەریم
بڕیار جاف
هاوڕێ کرێکار
هونەر فارس
نیگار عومەر
لەیلا ئەحمەد
گەرمیان حەمەپور
سیروان حەسەن
محەمەد عەدنان
میلاد جەلال
باران جومعە
محەمەد مەحمود
هەرێم جاف
رێبین محەمەد