بکوژ و داڵدەدەر
لەنێوان یاسا و پاشاگەردانیدا
هاودەنگ فارووق:
ئاسایشی هەولێر دەڵێ: عەلی مەحموود، لهسهر ئهوه دهستگیرکراوه، که بکوژهکهی (کاوه بازیانی) لە هەولێر حهشارداوه.
ئەوەی جێگەی هەڵوێستەی جدییە، پێویستە خەڵك لەپێش حكوومەتەوە سەرنجی لێ بدەن: تاكەی میدیاكان دۆخی دەروونیی خەڵك تێكدەدەن و کەیسەکان بەلاڕێدا دەبەن؟ باشە پرسێك تاكوو نەبووبێتە زانیاری ڕاستیی بەرجەستە، چۆن و بە چ شێوازێك میدیا دەیگوازێتەوە؟
ئایا میدیا دەبێت زانیاریی دروست بگوازێتەوە، یان گومان و ڕاڕایی دروست بکات؟ پێش ئەوەی زانیاری هەبێت، بەگومان و پاڵنەری سیاسی، دۆسییەكان بەلاڕێدا بەرێت؟ ئایا كێ باجی ئەم بێسەروبەریەی میدیا و مەعمەعەی سیاسی دەدات؟ سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، لەم نێوەدا لەبەردەم بەرپرسیارێتی و ئەركێكی قورس دایە؟ پێداچوونەوە بە یاساو ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و میساقی شەرەفی ڕۆژنامەگەری، ئیدی دەبێتە ئەرك، چونكە ڕۆژ بەڕۆژ میدیا لەكاری خۆی دووردەكەوێتەوە، پێویستی بەڕێكخستنەوە هەیە!
ڕۆژنامەنووس و نووسەران بەردەوام داكۆكی لە سەروەریی یاسا و ئارامیی كۆمەڵگە دەکەن، بەڵام چۆنە لەدۆسیەیەكدا بێ ئەوەی زانیاری تەواویان هەبێت، قسەی لەگۆترەی تێدا دەكەن ، هەڵوێست دەردەبڕن؟ ئاخر هەڵوێستەكان دەبنە مێژوو، چۆن دەگونجێت نووسەران و ڕووناكبیران و ڕۆژنامەنووسان ڕێگە بدەن لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە مێژووی ڕۆشنبیریی خۆیان بنەخشێنن؟ ئەو پەلەكردنە لە دەربڕینی هەڵوێست، دواجار بە زیانی هەڵوێستی مێژوویی نووسەران دەشكێتەوە!
پرسیارێك، كە پێویستە لەو ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانە بكرێت، كە لەم دۆسیەیەدا پێشوەختە قسەیان كرد و بەهەڵەدا چوون: ئایا ئێوە لەگەڵ ئەوەدان بكوژ داڵدە بدرێت؟ وەڵامەكەی بۆ خودی ئەو نووسەرانە بەجێ دێڵین. بەڵام دڵنیاین لەوەی زۆرینەی ڕەهای نووسەران، بەوانەشەوە كەبەهۆی دڵگەرمییانەوە، یان بە پاڵنەری سیاسی پێش ڕووداوەكە كەوتن، پێیان قورسە بەرگری لە داڵدەدانی بكوژ بكرێت. چونكە ئەستەمە نووسەرێك بتوانێت لەیەك كاتدا داوای سەروەری یاسا بكات و، لە هەمانكاتیشدا داوای بەرگریكردن بكات لە داڵدەدەری بكوژ و پێشێلی یاسا،
تەنانەت ئەگەر مەبەست ئەوەبێت كە كەسی كوژراو تاوانباربووبێت، هێشتا تۆڵەی شەخسی لەو تاوانبارەش هەر پێچەوانەی یاساییە و پێویستە یاسا تۆڵە بۆ هەموو ستەملێكراوێك بكاتەوە، نەك هەركەس بۆی گونجا تۆڵە لەبەرانبەری بكاتەوە، ئەوكاتە لەبری كۆمەڵگەیەك كەتیایدا سەروەری یاسا پایەداربێت، كۆمەڵگەیەك دێتە پێشەوە كە سیخناخ دەبێت لە پاشاگەردانی و تاوانكاری.
ئایا نووسەران بەرگری لەوە دەكەن كە پاشاگەردانی هەبێت و هەركەس بۆخۆی تۆڵە بكاتەوە لەوانەی كە زیانێكی پێدەگەیەنن؟
بۆیە بەبێ دوودڵی دەڵێین: تەنانەت ئەگەر كاوە بازیانی جاشیش بووبێت و تاوانباریش بووبێت، نابێت نووسەران و ڕۆشنبیران پشتیوانی لەوە بكەن كە كەسێك وەك شەخسی خۆی هەستێت تۆڵەی لێبكاتەوە، بەڵكوو پێویستە هەمووان هەوڵ بدەین دادگا و یاسا، تۆڵە لەهەموو ئەو كەسانە بكاتەوە كە ڕۆژێك لەڕۆژان خزمەتێكیان بەداگیركەرانی كوردستان كردووە بەبێ جیاوازی.