ئاسایشی هەولێر: ئەو کەسەی لەناو بازاڕی هەولێر هێرشیکردە سەر ڕۆژنامەنووسێک دەستگیرکرا

ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێرەوە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی نیسانی 2023, هەواڵێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوویەوە گوایە لەناو بازاڕی شاری هەولێر هێرش کراوەتە سەر ڕۆژنامەوانێک، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەوە دەست پێ کرد و دەرکەوت، هاووڵاتییەک بەناوی ( ک.س.ع ) پەلاماری ڕۆژنامەوانێکی داوە. لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار دەستیگر کراو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کرا.

لێرەوە بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە، شاری هەولێر وێڕای ئەوەی شاری ئاشتی و پێکەوەژیانە، ناوەندێکە کە تێیدا میدیای ئازاد و سەربەخۆ ئازادانە کار دەکەن و پاراستنی میدیا و میدیاکارانیش وەک تەواوی چین و توێژەکانی تر پارێزراوە و دەپارێزرێت.

هاووڵاتییانی بەڕێز و هاوشارییانی خۆشەویستیش دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی سەروماڵی هاوشارییان و ئاسایش و ئارامیی شاری هەولێر ئەرکێکە و بەزاندنیان لە لایەن هەرکەس و گرووپێکەوە بێت هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
17ی نیسانی 2023