دانی سیبایۆسی ئیسپانی و ناوەڕاستکاری یانەی ریال مەدرید هەوڵیداوە خیانەت لە یانەکەی بکات.
گرێبەستەکەی سیبایۆس لەم هاوینە لەگەل یانەکەی کۆتایی دێت، تا ئێستاش ریال هەوڵی نوێکردنەوەی نەداوە، ئەمەش وایکرد هەواڵی چوونی یاریزانەکە بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید بڵاو ببێتەوە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووتەوە، دەڵێت هەواڵەکان بە پێچەوانەن، ئاتلێتیکۆ هەوڵی نەداوە گرێبەست لەگەڵ دانی واژۆ بکات، بەڵکو یاریزانەکە خۆی پێشکەش بەو یانەیە کردووە، بەڵام بەرپرسانی رۆخی بلانکۆس داواکەیان رەتکردووەتەوە و گوتویانە لە پلانی ئێمەدا نیت.
هەر بەپێی هەواڵەکەی مارکا گفتوگۆی نێوان ئەو یاریزانە و ئاتلێتی زۆری نەخایاندووە و گواستنەوەکە هەرزوو شکستی هێناوە، بەپێی هەمان سەرچاوەش سیبایۆس لە ئێستادا خۆی پێشکەش بە چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ کردووە، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی یەکلای نەبووەتەوە.
رۆژنامە مەدریدییەکە هەوڵەکەی سیبایۆس بە خیانەت ناو دەبات، بەهۆی ئەوەی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید دوو یانەی رکابەری سەرسەختی یەکترن.
یاریزانە تەمەن ٢٦ ساڵانییەکە لەم وەرزە تا ئێستا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کردووە، هاندەرانی یانەکەش هیواخوازن لە مەدرید بمێنێتەوە، بەڵام بێدەنگی یانەکە لە بابەتی نوێکردنەوەی ئەو گرێبەستە نیگەرانی لە دڵیاندا درووستکردووە.