هەڵمەت حاجی : دیسان لە سلێمانی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی خانەنشینان کەوتنەوە نۆرەگرتن بۆ مووچە

هەڵمەت حاجی : وەزارەتی دارایی سەرقاڵی دابەشکردنی مووچەی مانگی ٣ـیە کەچی لە سلێمانی بۆ مووچەی مانگی ٢ لە نۆرەگرتن وەستاون

هەڵمەت حاجی لەبارەی رووداوەکانی ئەم دوایەی سنووری سلێمانی و ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نووسیویەتی :

دیسان لە سلێمانی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی خانەنشینان کەوتنەوە نۆرەگرتن بۆ مووچە، بانکەکان بەتاڵ کراون و دزیان تێدا دەکرێ ، ماڵپەرەکەی قوباد تاڵەبانی كە بۆ شەفافیەت بە حساب دانرابوو، داھاتی سلێمانی بە حساب تێدا بڵاودەکرا، پارەی ئەویش دیارنییە بیدەن بەو خانەنشینانە، بەو ھەموو خەبات و ڕەنج و ماندووبوونە کەوتوونەتە سەر شەقامەکان، پارەکانیان پێدەچێ بەدەردی پارەکانی تر بردرابێت، وەزارەتی دارایی سەرقاڵی دابەشکردنی مووچەی مانگی ٣ـیە کەچی لە سلێمانی لە نۆرەگرتن بۆ مووچە وەستاون نەک بۆ مانگی ٣ بەڵکو بۆ مانگی ٢.

هەروەها دەڵێت، کارەسات ئەوەیە ئێستا سلێمانی ھیچی بەسەر ھیچەوە نەماوە، زوڵم دەکەی ناگیرێیت، زوڵملێکراوبیت زیاتر دەچەوسێنرێیتەوە، تاوانبار ئازادانە دەسوڕێتەوە، نە دادگا ھەیە و نە سەروەریشی بۆ ماوەتەوە، دادگا بووەتە تۆپێک قوماش چۆنیان بووێ بۆخۆیان دەیدورن بە خەڵکی ھەژاری تێست دەکەن.

هەڵمەت حاجی دەشڵێت: لە سایەی ھێزە ئەمنیەکانی یەکێتی، خەڵک دەچەوسێنرێتەوە و ھەرەشەی لێدەکرێ ، ھەڵدەکوترێتە سەر موڵک و ماڵی خەڵک، وەبەرھێن نازانێ ئاوادەنی لە شارەکە بکات یان ئارامی خۆی دابین بکات، ئەمە جگە لەوەی لە شارەکە ھەر ڕۆژەو ھێزی کەسێک جوڵەی پێدەکرێ.

هەروها باسی کوشتن و ڕفاندن و موزایەدەچییەکان دەکات و دەنووسێت ، لەشارەکە دەسترێژی گوللە لە ھاووڵاتییان دەکرێ، کە کەسێکیش بکوژرێت نابی باس بکرێ و ھەولی پینەکردنی دەدەن، موزایەدەچی و کەمپینچیەکانی سلێمانی مێش میوانیان نییە، ئەڵێی لە شارەکە نین، مرۆڤ ئەوەندە بێ نرخ بووە لەوێ کە کەسێک دەکوژرێت تەنانەت میدیاکانیشی دەیانەوێ باسی نەکەن، کەچی مێشیش لە شوێنی تر ئەخەنە ئاست مرۆڤەکان، سەرتاشینێک لە ھەولێر ڕووبدات سێ شەو ڕۆژ نایبرنەوە ، کەچی بەبەرچاویانەوە خەڵک خەڵتانی خوێن دەکرێ کەڕوکاسن، ئەمە بەرھەمی ئەو دەسەڵاتە فاشیلەی یەکێتییە دەیانەوێ ھەموو وێنەو کردارە ناشرینەکانی خۆیان بە خەڵکی تر پاک بکەنەوە، ئەگەر دەنگی نارازیش ھەڵبڕیت ھەموو شتێک ھەبێت ئازادی نییە بەڵکو رادیۆبوونێک قەرزدار دەبیتەوە، ئەمەیە سنووری مافیاخانە و ترس و تۆقاندن و تیرۆر، بەداخەوە سلێمانیان بەم دۆخە گەیاندووە.