٥٤ ساڵ پێش ئێستا لە شاخۆڵان چی ڕوویدا؟

٥٤ ساڵ پێش ئێستا لە شاخۆڵان چی ڕوویدا؟
سەرۆک مەسعود بارزانی چۆن داستانی شاخۆڵانی نزیک هەولێر دەگێڕێتەوە؟
لە بەشی دووەمی بەرگی سێیەمی کتێبی ( بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ) ، سەرۆک بارزانی باسی شەڕە سەختەکانی ساڵی ١٩٦٩ دەکات ، کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٩دا ، سوپای عێراق بە هاوکاری و پێشدەستیی جاشەکانی ٦٦ ، چەندان هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە .
بەڵام لەم کاتەدا هێزی پێشمەرگە چەندان چاڵاکی نەبەردیان بۆ کپکردنەوەی ئەو هێرشانەی دووژمن تۆمار کردووە، سەرۆک مەسعود بارزانی باسی دابەزینی چەند پێشمەرگەیەک بۆ گوندی شاخۆڵانی نزیک لە هەولێر دەکات ، کە ئێستا کۆمەڵگەیە و سەر بە شارەدێی بەحرکەیە.
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: یەکێک لەو داستانانەی ئەو سەروەختە کە شایەتی ئەوەن لەسەریان بنووسرێت و باس بکرێن ، داستانی ئۆپڕاسیۆنی شاخۆڵانی ١٥ کیلۆمەتری ڕۆژئاوای هەولێرە.
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: ڕۆژی ١٩٦٩/٢/٢١، چەند پێشمەرگەیەک ڕوویان کردە ئەو گوندە ، ڕژێمیش بەوەی زانی ، محەمەد ئەمین فەرەج ، کە تاخمی جاشی ٦٦ بوو ، لەگەڵ سەرکردەی فیرقەی یەک عەمید تەها شەکرچی ، بە سەرکردایەتی هێزێکی گەورە ڕوویان کردە ئەو گوندە و گەمارۆیاندا و داوایان لە پێشمەرگەکانی ناو گوندەکە کرد ، خۆیان بەدەستەوە بدەن.
بەڵام پێشمەرگەکان بەردەوام بوون لە بەرگریی سەرسەختانە و بۆ ماوەی ٢٤ سەعات بەرامبەر ئەو هێزە شەڕیانکرد.
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژە بەوە دەکات: دوو لەو قارەمانانەی ڕێزەکانی ئەو پێشمەرگانەی چووبوونە ئەو گوندە ، سەید فەتحی و خەلیل بوون ، لە ماڵێکدا ئابلووقە درابوون و بەردەوامیش بوون لە بەرگری و خۆیان بەدەستەوە نەدا.
سەرۆک بارزانی دەڵیت : تانکیان هێنایە سەر ئەو دوو پێشمەرگەیە ، تانک ماڵەکەی دایە بەر گوللە تۆپ و بۆخۆشیان چوون بەسەریدا و کاولیان کرد و ئەو دوو قارەمانەشیان کرد بەژێر دیوار و داروپەردووی ماڵە کاولکراوەکەوە.
سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوەشی بیر هێناوەتەوە : ڕازی ئەم قارەمانێتییە بەهەموو لایەکدا بڵاوبووەوە ، بوو بە وێردی سەر زمانی هەموو کەس و خەڵک گۆرانییان پێدا هەڵدەگوتن و ، شاعیران چەندان چامە و چەکامەیان لەبارەوە هۆنییەوە.