ئەژی ئەمین : بانکەکانى سلێمانى تاڵان و فەرهود دەکرێن و دۆلارەکانى ڕەوانەی ئەملا و ئەولا دەکرێن و ئەگەر کەسێکیش بێتەسەر شەقام و داواى مافى خۆى بکات، ئەوا مولازم موحسین ئاسا ئامادەن.
ئەژی ئەمین لەسەر ڕووداوەکانی ساڵی پار و پەلامارى بارەگاى ئاژانسى پاراستن و زانیارى/زانیاریی لەلایەن کوڕانی تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمەش دەقەکەیەتی:
ساڵێک لەمەوبەر تاقمێکى لەیاسا دەرچوو دوور لە هەموو بەها ئەخلاقییەکان و ڕێکارە یاساییەکان، دواى چەند ڕۆژێک لە هەوڵى شکستخواردوو و دانوستانى درۆینە، لەدواجاردا بەترس و لەرزەوە پەلامارى بارەگاى ئاژانسى پاراستن و زانیارى/زانیارییاندا. کە یەکێک لە هەستیارترین دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە.
ئەو پەلامارە لەبەرئەنجامى گەلەکۆمەیەکى هەرێمییدا بوو بۆ پچڕاندنى پەیوەندییەکانى یەکێتیى نیشتمانیى و دەڤەرى سلێمانى لەگەڵ دونیاى دەرەوەو کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى.
ئێمە لەو ڕۆژەدا لەپێناوى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلەکەمان نەمانویست ڕووبەڕوو بوونەوەى چەکدارى لەبەرامبەر ئەو تاقمە ڕووبدات، خوێنى پێشمەرگە و کادیرێک لەلاى ئێمە زۆر گرنگتربوو لە پۆست و پلەوپایە.
بەڵام ئەو پەلامار و دەستدرێژییە بۆسەر دامودەزگایەکى ئەمنى هەستیارى ناوچەکە وەک دەبینن بووە سەرەتاى زنجیرەیەک دەستدرێژى بۆسەر دامودەزگا فەرمییەکانى دیکەى حکومەت و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و موڵک و ماڵی هاوڵاتیان.
هاوکات یەکەم قۆناغى زنجیرەیەک بوو لە تیرۆر و تۆقاندن و تاڵانى و دەستدرێژى و دەرکردنى بازرگان و پیشەوەران و خوێندەوار و دامودەزگا میدیاییەکان و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانى دەڤەرەکە.
ئەو تاقمەى دەستدێژییەکەیان ئەنجامدا هیچ بەها و رەوشتێک لە مام فێرنەبوون و هەرگیزیش فێرنابن، هەمیشە کەسانى دڵسۆز و خەمخۆرى دەڤەرەکەى خۆیان ڕاوەدوو دەنێن و دەبنە گوێقوڵاخ و بەکرێگیراوى ئەوانی دیکە.
لەئێستاشدا چەند کەسێکى نەفس نزمیان بەرداوەتە گیانى کادیرە دڵسۆزەکانى دەزگاکە، کە هەموو کاریان بووەتە خزمەتکارى پیلان و تیرۆرو تۆقاندنەکان کە لەلایەن دارودەستەى دەباشانەوە نەخشەڕێگاى بۆدەکێشرێت، هەموو کارێک دەکەن دژ بە ئەزموونەکە و ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان. ئەم دۆخەش نیگەرانى قووڵى دروستکردووە لەلاى زۆرینەى زۆرى کادیرانى دەزگاى زانیارى.
دەزگاى زانیارى کە سەرەتا بە فەرمان و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک مام جەلال دامەزرا، و دڵسۆزترین کادیرانی یەکێتی خزمەتیان تێدا دەکرد، رۆڵی گەورەی لە پاراستنی سەقامگیری کوردستان و عێراق و ناوچەکە هەبوو. خەڵکی کادیرو سەربازە ونەکانی ئەو دەزگایەى هەر نەدەناسین، بەڵام شەو و ڕۆژ لەپێناوى ئامانجە باڵاکانى گەلەکەمان تێدەکۆشان. کەچی ئێستا وا بۆ ساڵێک دەچێت ئەو دەزگایە داردەستى چەند تاقم و مافیایەکە بۆ مافیاگەرى و قاچاغچێتی و تیرۆری هاوڕێ و هاوسەنگەرانی رێبازی راستەقینەی مام و لێدان لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و سەقامگیری و ئەزموونەکەی بەکاری دەهێنن و بەتایبەت دۆخى ئەمنى سلێمانى و ئاسایشی ناوخۆی ئەو دەڤەرە و هەر بەو هۆیەشەوە ناوخۆی یەکێتیش ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت.
ئەو تاقمەى لەو ناوچەیەیە تەنها بۆ گیانى هاووڵاتیان پاڵەوانن و لەبەرامەر دەستدرێژى و پەلامار و دەستێوەردانى دەرەکى بێدەنگ و هاوکارن و زۆربەى کات هەرخۆیان ڕێکخەرى ئەو دەستدرێژیانەن.
بانکەکانى سلێمانى تاڵان و فەرهود دەکرێن و دۆلارەکانى ڕەوانەی ئەملا و ئەولا دەکرێن و ئەگەر کەسێکیش بێتەسەر شەقام و داواى مافى خۆى بکات، ئەوا مولازم موحسین ئاسا ئامادەن.
هەر بۆیە ئێمە هەموو لایەک بەرامبەر بەم دۆخە بەرپرسیار دەبینین و بەڵێن دەدەین دەزگاکە لە جاران بەهێزتر بکەینەوەو بیخەینەوەسەر ڕێگاى دروستى خۆى و بەردەام بین لە خزمەتکردنی ئاسایش و ئارامی و شکۆی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
داواش دەکەین کۆمەڵانی خەڵکى کوردستان هاوکارو پشتیوانی هەموو دامەزراوە فەرمی و شەرعییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بن و چاوەڕوانی گۆڕانکاریی گەورە و پوچەڵکردنەوەى هەموو پلانەکان بن و هەر لەم ئاڕاستەیەشدا بەڵێنی ئەوە بە خەڵکی خۆمان و کادیرە دڵسۆزەکانی ئاسایش و ئارامی نیشتمانەکەمان دەدەین کە چەندین ڕاستی نەبیستراو بەم زوانە ئاشکرا دەکەین و پیلانگێڕان ڕیسوا دەکەین. هەموو ئەندامانى ئەو تاقمە کە بەشداربوون لەو پەلامارەدا وێنە و ناوەکانیان لەلامان پارێزراوەو ڕوبەڕووى یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى ئاسایشیان دەکەینەوە.
هەموو لایەکیش ئاگادار دەکەینەوە کە دەبێت لە ئاستی بەرپرسیارێتی و گۆڕانکارییەکاندابن و لە ڕاستای ئەو گۆڕانکاریانەدا دۆست و دوژمن و چەتە و قاچاخچی و تاوانباران و لەیاسا دەرچووان بناسن و ئەوە بزانن کە هیچ بەهانە و پاساوێک بۆ درێژەدان بەم دۆخە و مانەوەی نەماوە و ئاسایش و ئارامی و هەموو دەسکەوتە باڵاکانی ئەم ئەزموونەش کەوتوونەتە مەحەکی ئەو گۆڕانکاریانەوە کە پێویستە بکرێن، هیچ سازش و کەمتەرخەمییەکیان تێدا نەکرێت.
نووسینگەى ڕاگەیاندنى یاریدەدەرى ڕاوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان