مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە : ڕاپەڕین پەیامێکی ڕوون و زوڵاڵی خەڵکی کوردستان بوو بۆ هەموو جیهان ، کە ژێردەستەیی و داگیرکاری ڕەتدەکاتەوە و دەیەوێ بە سەربەرزی و شکۆمەندانە بژی.
دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕینی ١٩٩١:
بە بۆنەی ( ٣٢ )مین ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزن و شکۆداری گەلی کوردستان لە ئاداری ١٩٩١، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان دەکەم .
ڕاپەرینی شکۆداری ١٩٩١، بەرهەمی یەکریزی و یەکگرتوویی هێزە کوردستاییەکان و پێکهاتە جیاوازەکان و چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بوو، کە وەرچەخانێکی مێژوویی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو ڕزگاربوونی لە ستەم و چەوساندنەوە و داگیرکاری و بەدەستهێنانی ئازادی دروست کرد.
ڕاپەڕین پەیامێکی ڕوون و زوڵاڵی خەڵکی کوردستان بوو بۆ هەموو جیهان ، کە ژێردەستەیی و داگیرکاری ڕەتدەکاتەوە و دەیەوێ بە سەربەرزی و شکۆمەندانە بژی.
لەم یادە پیرۆزەدا، جەخت لە هاوهەڵوێستی و تەبایی خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان دەکەینەوە بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، کە بە هەموو شێوەیەک، بەرگریان لێ دەکەین و دەستبەرداریان نابین و بەردەوام دەبین لە کاروانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان.
لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی نەمری ڕاپەرین وگشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان