نھێنی ئەو ڕووناکییە چیە کە لە دهۆک بینرا؟
بۆچوونەكان لەبارەی ئەم ڕووناكییە جیاوازن، کە شەوی ڕابردوو لەکاتی بومەلەرزە لە ئاسمانی دھۆک و باکوری کوردستان بینرا،هەندێك پێیانوایە كە ئەمە گێژەڵووكەیە، بەشێكیش وای دەبینن كە تەقینەوەی هێڵەكانی كارەبایە، هەندێكیش زیاتر دەڕۆن و دەڵێن بوومەلەرزەكە چەكێكە و بەكار دەهێندرێت. چەند كەسێكیش وای بۆ دەچن كە ئەم بوومەلەرزەیە دەرئەنجامی تاقیكردنەوەی پرۆگرامێكی سەر بە هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە كە بە (بەرنامەی تیشكی جەمسەریی چالاكی لەرەلەر بەرز – High-frequency Active Auroral Research Program) ناسراوە، ئەو ڕووناكیەش بە بەڵگەی قسەكانیان دەهێننەوە.
بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی (الجزیرة)، سەرچاوەی ئەو ڕووناكییە لە زەوییەوەیە نەك لە ئاسمان، بۆیە بەدووری دەزانن بەهۆی بوونی هەڵمی ئاوی نێو هەور بێت. ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە هەندێك لەو شوێنانەی ڕووناكییەكە دەركەوتووە، هیچ هێڵێكی كارەبای پێدا ڕەت نابێت. بەڵكوو لە شوێنێك دەردەكەوێت و دواتر ون دەبێ و لە شوێنێكی دیكە دەردەكەوێتەوە.