سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی تێكۆشەری ناسراوی گەلەکەمان حەمید ئەفەندی

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەداخێكی زۆرەوە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 17ی شوباتی 2023 پێشمەرگە و فەرماندەی ماندوونەناس و تێكۆشەر و خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەری گەلەكەمان حەمید ئەفەندی كۆچی دوایی كرد.

حەمید ئەفەندی لە قۆناغە جیاجیاكانی بەرخودان و خەباتی گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕین و هەروەها لە قۆناغی دوای ڕاپەڕین و شەڕی ڕزگارکردنی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا پێشمەرگە و فەرماندەیەکی ئازا و بەرگریكاری سەرسەختی بەها و ئامانجەكانی گەلی كوردستان بووە. حەمید ئەفەندی تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەی تەرخان کرد و، پێشمەرگەیەكی وەفاداری ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی و هەمیشە جێگەی متمانە و پشتبەستن بوو.

كۆچی دوایی حەمید ئەفەندی بۆ هەموومان کۆستێکی گەورەیە، كوردستان پێشمەرگەیەكی قارەمانی لەدەست دا و منیش برا و دۆست و هاوسەنگەر و هەڤاڵێكی خۆشەویستم لەدەست دا. سەرەخۆشی لە خۆمان و سەركردایەتیی و كادیر و ئەندام لایەنگرانی پارتی و هەڤاڵ و هاوڕێ و هاوسەنگەران و خانەوادەی بەڕێز و کەسوکاری خوالێخۆشبوو حەمید ئەفەندی و هەموو خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەكەم.

لە خودای مەزن داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو حەمید ئەفەندی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیه راجعون

مسعود بارزانی
17ی شوباتی 2023