پارێزگارى هەولێر: ” لە پلانى ئەم ساڵماندا کە ئێستا لە سەروبەندى ئامادەکارییداین، دواى ڕەزامەندى وەرگرتن بە گوژمەى (١٤ ملیار و ٢٥٢ ملیۆن دینار) دەست دەکرێت بە ئەنجامدانى پڕۆژەکانى کەرتى تەندروستى”
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/٢/١٤ ، بە ئامادەبوونى د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سەربەست لەزگین، بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر و هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسى ڕێکخراوە جەماوەرى و پیشەییەکانى پارتى و ئانۆ جەوهەر، وەزیرى گواستەنەوە و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرۆکى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و بڵند ئیسماعل، بەرپرسى لقى2ى پارتى و زانا مەلا خالید، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگا و بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى و ژمارەیەکى تر لە ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان و ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و نوێنەرانى ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پزیشک و کارمەندانى تەندروستیى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى هەولێر کۆنفرانسى پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنى کاروچالاکییەکانى ٢٠٢٠ – ٢٠٢٢ و پلانى داهاتوویان ئەنجامدا.
لەوتارێکدا پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى هەولێر، لە خستنەڕووى داتا و زانیاریی کاروچالاکییەکانیان، ڕایگەیاند: “ئەو سێ ساڵەى ڕابردوو سێ ساڵى سەخت و پڕ قەیران بوون بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆنا، کە لەسەر ئاستى جیهان کەرتى تەندروستى تووشى شۆک کرد، بەڵام خۆشبەختانە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر سەرەڕاى قوربانییەکى زۆر توانیمان لە کۆرۆنا دەربازبین، بۆیە لێرەوە بە پێویستى دەزانین دەستخۆشى لە تەواوى پزیشک و کارمەندانى تەندروستى بکەین کە خۆنەویستانە بوونە فریادڕەس و ژمارەى قوربانییەکانیان کەم کردەوە، سڵاو درود بۆ ڕوحى ئەو پزیشک و کارمەندانەشى کە لەپێناو سەلامەتى و پاراستنى گیانى هاوڵاتییان گیانى خۆیان کردە قوربانى”.
پارێزگارى هەولێر گوتیشى: “وەک لاى هەمووان ئاشکرایە ئێستا هەولێر لە ڕووى تەندروستییەوە پێشوەچوونى زۆرى بەخۆیە بینیوە و بۆتە ناوەند و سەنتەرێکى لێهاتووە، بۆ نموونە سەنتەرى دڵ، سەنتەرى ئاوات بۆ شێرپەنجە، نەخۆشخانەى نانەکەلى، سەنتەرى بوژانەوەى جەستەیی، یەکێکن لەو سەنتەرانەى خزمەتێکى زۆرى چارەسەرى تەندروستى پێشەکەش بە هاوڵاتییانى سەرتاسەرى عێراق دەکەن”.
لە کۆتایشدا ڕاشیگەیاند: “پارساڵ وەکو پارێزگاى هەولێر لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدان بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست بۆ کەرتى تەندروستى پڕۆژە و کارى باش ئەنجامدران، لە پلانى ئەم ساڵیشماندا کە ئێستا لە سەروبەندى ئامادەکارییداین، دواى ڕەزامەندى وەرگرتن بە گوژمەى (١٤ ملیار و ٢٥٢ ملیۆن دینار) دەست دەکرێت بە ئەنجامدانى پڕۆژەکانى کەرتى تەندروستى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر”.