وەزارەتی ناوخۆى حكومهتى ههرێمى كوردستان ڕاگهیاندراوێكى بڵاوكردەوە، تێیدا هاتووە: “دوای فەرمانی مهسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە تورکیا و سووریا و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ڕاسپاردنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە سەرپەرشتیکردنی کەمپەینی هاونیشتیمانیانی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک، سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ کوردستانییانی ئازیز هەیە کە وەکوو هەمیشە بەشدارییەکی کاراییان لەو کەمپەینە کردووە و ماڵ و کەلوپەلی خۆیان و سەروەتیان لەگەڵ لێقەوماوان بەش کردووە.”
ئهوەش خراوەته ڕوو، ئەو کۆمەکانەی کۆکراونەتەوە، لەلایەن تیمەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خۆبەخشەکان پۆڵێن و ئامادە دەکرێن و ڕۆژانە بۆ هاوکاریی لێقەوماوان ڕەوانەی تورکیا و سووریا دەکرێن، بۆ ئەوەی پرۆسەی گەیاندنی کۆمەک بە لێقەوماوان بە خێرایی بەڕێوە بچێت، ئەو کەمپەینە لە ئێوارەی هەینی ١٧/٢/٢٠٢٣ کۆتایی دێت.