ڕۆژنامەی العربی الجدید: لە دەروازەكانی سلێمانییەوە دۆلار بە قاچاخ ئاودیوی ئێران دەكرێت

چەند دەروازەیەكی نایاسایی هەن، ناكەونە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوەكانی دەوڵەت

سەرچاوەیەكی نزیك لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەكەی ئیستەنبۆڵ شاندە ئەمریكییەكە بە لایەنی عێراقییان ڕاگەیاندووە، لە دەروازەكانی سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و دیالەوە، دۆلاری كاش بە قاچاخ دەبرێتە نێو كۆماری ئیسلامیی ئێران.

ڕۆژنامەی ( العربی الجدید )ی قەتەڕی لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە باڵیۆزخانەی ئەمریكییەوە ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەكەی ئیستەنبۆڵی نێوان براین نیلسۆن، یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكی بۆ كاروباری تیرۆر و هەواڵگریی دارایی و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، باسی بابەتی بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران كراوە.

بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەكە، بەرپرسە ئەمریكییەكە پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراقی لەوە ئاگادار كردۆتەوە كە چەند دەروازەیەكی نایاسایی هەن، ناكەونە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوەكانی دەوڵەت و تێیاندا ڕێگە بە ئاودیوكردنی دۆلار بە شێوەی كاش بۆ ئێران دەدرێت كە ئەوانیش لە پارێزگاكانی دیالە و سلێمانین. ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ”لە كۆبوونەوەكەدا شاندی ئەمریكی بەڵگەیان خستۆتە ڕوو لەسەر ئەوەی قاچاخچێتیی دۆلار بە شێوەیەكی ڕێكخراو لە لایەن چەند كەسێكەوە دەكرێت كە سەر بە حزبن و پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە و بە بارهەڵگری گەورەوە دۆلار دەبەنە ئێران و دواتر بارهەڵگرەكان بە بەتاڵی دەهێننەوە نێو عێراق.