داعش ھەڕەشە لە ناوچەکە دەکات

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دووپاتیدەكاته‌وە، ھێشتا داعش مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه‌. ئاماژەی به‌وەشكرد، مانگی رابردوو ٤٣ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازییان دژ به‌ چه‌كدارانی داعش له‌ عێراق و سووریا ئه‌نجامداوە.

رۆژی هه‌ینی (٣ـی شوبات/فێبرایه‌ری ٢٠٢٣)، ئێریک کۆریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، مانگی رابردوو لە عێراق و سوویا ٤٣ ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش ئەنجامداوە و ١١ چەکداری داعشیان کوشتووە و ٢٢٧ی دیکەشیان دەستگیرکردوون.
ئێریک کۆریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاش گوتیشی، “راستە ئۆپەراسیۆنەکانمان جموجوڵی داعشی کەمکردووەتەوە، بەڵام هێشتا داعش نەک تەنیا هەرەشەیە بۆ سەر عێراق و سووریا بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی.”
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، لە کۆی ٤٣ ئۆپەراسیۆنی سه‌ربازی، ٣٣ ئۆپەراسیۆنیان لە عێراق و ١٠ ئۆپەراسیۆنیش لە سوورپا ئەنجامدراون. روونیشیكرده‌وه‌، له‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌دا ٩ چەکداری داعش لە عێراق و ٢ چەکداریش لە سووریا کوژراون.
له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارنه‌ی داعش كه‌ له‌میانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌دا ده‌ستگیركراون، كۆریلا رایگه‌یاند، له‌ كۆی ٤٣ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌ عێراق و سووریا، ٢٩ چەکداری داعش لە عێراق و ١٩٨ یش لە سووریا دەستگیرکراون.
کۆریلا ئاماژەی به‌وه‌شكرد، “لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبین. لەسووریا بەتەواوی پشت بە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبەستین. هاوپەیمانەکانمان لە عێراق سەرکێشی شەڕی دژی داعشن.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button