مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی له بەڕێز مايك برايسن ريچاردسن باڵيۆزى بريتانيا له عێراق كرد.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەمان تایبەت بوو بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن.
جەختمان لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان بە ئاراستەی داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە. هەروەها دووپاتمان کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و ڕێکارە یاساییەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە زووترین کات تەواو بکرێن و حکومەتی هەرێمیش ئامادەیە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی هەڵبژاردن.
باڵیۆزی بەریتانیا هاوڕابوو لە سەر گرنگیی نەهێشتنی هەموو کێشە و ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لەمساڵدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا. هەردوولا هاورابووين لە سەر ئەوەی پێویستە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، بە زووترین کات پەسەند بکرێت و ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
هەروەها باڵیۆزی بەریتانیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی هەرێم بۆ بازاڕەکانی دەرەوە و پێشخستنی کەرتی وزە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان بوو، کە بەڕێز ڕۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.