ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان:ناردنی ئەم ٢ ملیۆن لیترەی نەوتی سپی لەسەر داوای هیچ لایەنێکی سیاسی نەبووە

 

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

پاش سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، حکومەتی فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ ٢٨ی کانوونی دووەم (٦٠) تەنکەر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان نارد. ناردنی ئەم ٢ ملیۆن لیترەی نەوتی سپی لەسەر داوای هیچ لایەنێکی سیاسی نەبووە و، بە بەراورد لەگەڵ زیاتر لە ٢٥٤ ملیۆن لیتر پێداویستیی ناوخۆیی هەرێم بڕێکی زۆر کەمە، کە بۆ دابینکردنی بەرمیلێکی نەوت بۆ هەر ماڵێک (١ ملیۆن و ٢٧٤ هەزار خێزان) پێویستمانە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تا ئێستا زیاتر لە (٦٤) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش کردووە و ئەم (٢) ملیۆن لیترەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بێ بەرامبەر بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دابەش دەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان و دەستپێکردنی لە ناوچەکانی دەوروبەر.