یەکێتی جارێک گێچەڵ بە شانزەی ئۆکتۆبەر و ئێستاش بە کەیسی هاوکار جاف ئیدامە بە مانەوەی خۆی ئەدات.

یەکێتی وەک حزب چونکە فەوزا دروستی کردووە ئیدی ناتوانێت حیزبی ڕکابەری و ململانێی هەڵبژاردن بێت، ناتوانێت لە دەرەوەی فەوزا و لە ئارامیدا سیاسەت بکات، چەندی کوردستان نزیک بێتەوە لە یاسا و تەوافق، چەندی ئاوەدانی و دیموکراسیەت گەشە بکەن ئەو بە سروشت پاشەکشە دەکات.
بۆیە جارێک گێچەڵ بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و جارێک بە شانزەی ئۆکتۆبەر و تانەدان لە یەک بازنەیی هەڵبژاردن، جارێک بە شارچییەتی و هەڕەشەی جیابوونەوە، جارێک بە شاننان بە بۆری غازەوە، ئێستاش بە کەیسی هاوکار جاف ئیدامە بە مانەوەی خۆی ئەدات.
بەڵام مانەوەیەک ئەگەر پێشتر چەند سەرکردایەتی و ژمارەیەک کادر بە ژیری خۆیان مەزهەری ڕووشاوی حوکمڕانییەکەیان بۆ جوان کردبێت، ئێستا ئەوانیش خۆیانی لێناکەن بە خاوەن.
مەزهەر و زمان دوو شوێنن زۆرترین تەعریفی مرۆڤ دەکەن، ئەمە بۆ سیاسەتیش هەر وایە زۆنی حوکمڕانی مەزهەرە و ڕاگەیاندنیش زمانیەتی، دەی حزب ئەگەر مەزهەر و زمانێکی جوانیشی نەبن، لانیکەم با یەکێکیانی هەبێت.
بەڵام ئێستا یەکێتی نە مەزهەری نە زمانی، وەک دەڵێ نە کەماڵی ماوە نە جەماڵی .
ئاخر حزب ئەگەر واجیهەی حوکمڕانیشی جەماڵی نەبێت خۆ دەبێت زمانی کەماڵی هەبێت تا هەم خۆی بتوانێت قسە لەگەڵ خەڵک بکات هەم خەڵکیش بتوانن قسە لەگەڵ ئەو بکەن.
لوقمان بیارەیی