ڕاگەیەندراوێک لەشانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگەوە
ئەمڕۆ ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لەسنووری میحوەری پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە، بەشێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەکانی پارتی ئازادی کوردستان، لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردوومان کران.
بۆردوومانەکە، بەدوو گەڕ بووە، گەڕی یەکەم کاتژمێر ١٠٣٠ بوو، گەڕی دووەم کاتژمێر ١٣٢٠ بوو.
بەداخەوە لە بۆردوومانەکاندا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، هەروەها چەند ڕۆژنامەنووسێک بریندار بوون لەنێویاندا پەیامنێر و وێنەگری کەناڵی کوردستان ٢٤.
ئەم رووداوە لە کاتێک دایە، کە هێزەکانی پێشمەرگە، سەنگەریان لە تیرۆریستان گرتووە و ڕووبەڕووی ئەو تیرۆریستانە بوونەتەوە، کە بوونەتە بەشێک لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەگشتی.
ئێمە لە شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە ئیدانەی ئەو بۆردوومانانە دەکەین، داواش دەکەین زۆر بە خێرایی ئەم کارە دزێوانە لەسەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە ڕابگیرێن.
شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە
٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢