ڕونکردنەوەیەک لەلایەن به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی ئاكرێ

به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی ئاكرێ رەتیدەكاته‌وە ئه‌و تاوانبارەی عه‌قید سابیر ئاكرەیی كوشتووە چه‌ك، ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لی ئاسایشی ئاكرێی به‌كارهێنابێت.

ئه‌مڕۆ شه‌ممە  ١٧ـی ئه‌یلوولی ٢٠٢٢، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی ئاكرێ روونكردنەوەیه‌كیان له‌بارەی كوژرانی عه‌قید سابیر ئاكرەیی، ئەفسه‌ری بەڕێوەبەرایەتی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوكردەوە و رایگه‌یاند، له‌ماوەی چه‌ند رۆژی رابردوودا برا گه‌ورەی خوالێخوشبوو عه‌قید سابر ئاكرەیی له‌ كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌وانیدا لێدوانی بۆ میدیاكان داوە و ئاماژەی به‌وەداوە، ئەو تاوانبارەی براكەیانی كوشتووە چه‌ك، ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی ئاسایشی ئاكرێی بەكارهێناوە، ئێمە سه‌رله‌به‌ری ئەو دەنگۆیانە رەتدەكه‌ینه‌وە و هه‌موو لایەك دڵنیا دەكەینه‌وە ئەو هەواڵه‌ دوورە له‌ راستییه‌وە.

ئاسایشی ئاكرێ ئه‌وەشی خستووەته‌ڕوو، ئەو چه‌ك، ئۆتۆمبێل و كەلوپه‌لانه‌ی تاوانباره‌كە به‌كاریهێناون بۆ كوشتنی عه‌قید سابیر ئاكرەیی موڵكی تایبه‌تی خۆی بوونە، نه‌ك ئاسایشی ئاكرێ. ئاماژە به‌وەشدراوە، تاوانبارەكه‌ به‌ر له‌ دەركردنی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ سه‌بارەت به‌ قەدەغه‌كردنی فرۆشتنی چه‌كی بێ مۆڵەت، چه‌كەكەی ‌دەستخستووە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، عەقید سابیر جەمیل ئاكره‌یی، ئه‌فسه‌ری بەڕێوەبەرایەتی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە به‌ردەم ماڵه‌كه‌ی له‌ ئاكرێ دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و گیانی لەدەستدا، هەروەها هاوسەرەکەی، كچێكی و خوشكی هاوسەرەکەی کە له‌گه‌ڵیدابوون، برینداربوونه‌ و ئێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌ن

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *