مەسرور بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەکات

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7ی ئەیلوول، مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا پەرپێدانی په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا و هه‌رێمى كوردستان و دوايين گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخى سياسيى عێراق تاووتوێ كران.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دووپات کردەوە. گوتیشی هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی بەتایبەتی ناکۆکییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوت وگاز کە پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، چونکە چارەسەرنەکردنیان، کاریگەریی خراپی لە سەر ئارامی و سەقامگیریی عێراق دەبێت .
سەرۆکی حکومەت، کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز خستەڕوو. لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە خەڵکی کوردستان، قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافە ڕەواکانی داوە، بۆیە ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی ببێت. خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور، دووپات کردەوە.
گۆڕانی کەشو هەواو کاریگەرییەکانی نەرێنییەکانی لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان ، بایەخدان بە وزەی ژینگەدۆست و پاک و جێگرەوە و برەودان بە وەبەرهێنانی ئەمەریکی و گرنگیدان بە کەرتی تایبەت، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون کە ‌باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەلينا ڕۆمەناوسکی و ئیرڤ ھیکس كونسولى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئامادەی بوون.