فاتیحە بۆ پارتی بخوێنن

سه‌رۆك مەسعود بارزانی‌ له‌ كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنه‌وەی‌ ڕزگاریخوزای‌ كورد، ڕاپەڕین ، دەرفەت و ئاستەنگەکان ، لە بەشی سێزدەهەمدا باسی شەڕی یەکێتی و بەشداری ئێران لەو شەڕەدا دەکات و نووسیوویەتی:

له يادى يۆبیڵی زێڕینی دامەزراندنی پارتیدا ڕۆژی ١٦ی ئاب ئاهەنگێکی گەورە له مەسیف سەڵاحەددین سازکرا و میوانێکی زۆریش بانگهێشتی ئاهەنگەکە کرابوون. له ڕێوڕەسمەکەدا پەيامێكم خوێندەوەو دەستپێشخەرییەکی نوێمان ڕاگەیاند بۆ ئاشتی و کۆتاییهێنان به شەڕ. له هەمان كاتیشدا ئێران و یەکێتی جووڵەیان به هێزەکانیان کرد بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گەورە و سەرتاسەری بۆ سەر پارتی. مام جەلال له دەربەندیخان وتارێکی پێشکەش کرد و له وتارەکەیدا ڕایگەیاند که فاتیحه بۆ پارتی بخوێنن.
شەڕی ئەم جارە زۆر جیاوازبوو لەگەڵ شەڕی قۆناغەکانی پێشتر.

بۆردوومانه چڕ و توندەکەی تۆپخانه و کاتیوشا کاری یەکێتی نەبوو. چاک دەمانزانی و دیاربوو که ئەمه تۆپخانەی ئێرانه و زیانێکی زۆری به هێزەکانمان گەیاند، دیاربوو هەوڵێکی یەکجار زۆرمان لەگەڵ ئەمەریکا و بریتانیا دا بۆ ئەوەی ئاگاداریان بكەينەوە که ئەمه هێرشی ئێرانه دژی پارتی و پێویسته هەڵوێستتان هەبێت، بەڵام هیچ هەڵوێستێكيان نەبوو، تا دەهات بەشداریی ئێران له شەڕدا فرەوانتر دەبوو، به جۆرێک که ڕۆژی ٢٠ی ئابی ١٩٩٦ له بەرەی قەسرێ و مامه ڕووت تۆپخانەکانی ئێران، سەنگەرەکانی پێشمەرگەی پارتییان به شێوەیەک بۆردوومان کرد که لەو میحوەرەدا نزیکەی هەزار پێشمەرگه به ناچاری پەرتوبڵاو بوون.

باشترین پێشمەرگەکانی پارتی، که له سوپای بارزان و سوپای کەرکووک پێک دەهاتن، لەو میحوەرە بوون، سەدوچل شەهید و چوارسەد بریندار هەبوو.
هەتا ئەوكاته له هیچ شەڕێكدا ئەو زيانەمان نەدابوو.
دوای ئەوەی دەرکەوت که ئێران ڕاستەوخۆ هاتووەته ناو شەڕەکەوە، سەددام، مانع عەبد رەشید، بەڕێوەبەری موخابراتی ناردە کوردستان و ئامادەییی خۆی نیشان دا بۆ یارمەتیدانی پارتی دژی دەستوەردانەکانی ئێران. منیش داوام لێ کرد، ژمارەیەک تۆپی ١٣٠ملم و کاتیوشا ١٠٧ و ١٢٢ملم به میلاک و ستافەکەیانەوە بنێرن بۆمان، چونکه کاتی ڕاهێنانمان نییه.
دواتر وەڵامیان ناردەوە که ئامادەين يارمەتيتان بدەين و هەولێر رزگار بكەين، ئەوەی ڕاستی بێت به هیچ شێوەیەک بیرم لەوه نەدەکردەوە که بەم شێوەیه جددی بن له کارەکەدا، به مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و دواپێشهاتەکان و داواکەی حکوومەتی عێراق، كۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیمان بەڕێوەبرد و بەبێ هیچ دوودڵییەک داواکەمان پەسەند کرد.
دیارە قاعیدەیەکی فیقهی هەیه که دەڵێت:
«دفع الأفسد بالفاسد» ؛ واته لابردنی خراپتر و فاسدتر به خراپ و فاسد.
شەوی ۳۱ی ئاب جارێکی تر “پیللترۆ” به تەلەفۆن پەیوەندیی کردەوەو گوتی: « به پێی ئەو زانیارییانەی بۆمان هاتوون جموجۆڵ و جووڵەیەکی ناسروشتی له باشووری هەولێر بەدی دەکرێت، ئایا بابەتەکه به چ شێوەیەکه و چییه؟» منيش له وەڵامدا پێم ڕاگەیاند: « به دڵنیایییەوه زانياريتان لەسەر جموجوڵەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی هەولێر هەیه». دواتر پرسیی: « ئایا ئەگەری دەستوەردانی عێراق هەیه؟» پێم گوت: «کاتێک ئێران مافی هەبێت دەست بخاته ناو بابەتەکانەوە، بۆ عێراق ئەو مافەی نەبێت»؟