بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، کە لە کۆبوونەوەی ٢٦ی١٠ی ٢٠٢٢دراوە. ئاماژە بە بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران کراوە.
وەکوو لە بڕیارەکە ڕوون کراوەتەوە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەبێ بەپێی پێوەر و بنەماکانی ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە بکرێ.
جەخت کراوەتەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەر لەسەر بنەمای لێهاتوویی فەرمانبەر دەکرێ، ئەویش بەپێی ڕکابەری بێ و شەش مانگیش دوای پێدانی پلەکە لەژێر تاقیکردنەوە دەبێ.
ڕوونیش کراوەتەوە، نابێ پلەبەرزکردنەوە تەنها پشت بە تەواوکردنی ڕاژە ببەسترێ(واتا پێشتر کە فەرمانبەرێک دوای چوار ساڵ یان کەمتر زیاتر مافی پلەبەرزکردنەوەی هەبوو، ئەوە نامێنێ).
بەپێی بڕیارەکە، لە وەزارەتەکان بە فەرمانی وەزیر لیژنەیەک پێکدێت بۆ پاڵاوتنی ئەو فەرمانبەرانەی شایستەی پلەبەرزکردنەوەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، ئەو بڕیارانە بەپێی پڕۆژەیەک لە ساڵی داهاتوو لە لایەن ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە جێبەجێ دەکرێ.
بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی لە ساڵی ٢٠١٦وە دەرچووە و زیاتر لە ٤٢٥هەزار فەرمانبەر پلەبەرزکردنەوەیان ڕاگیراوە.