ئازاد جوندیانی : دەنگۆی خۆبەربژێركردنم بۆ كۆمیتەی ناوەندیی پارتی ناڕاستە

ئازاد جوندیانی، لە ڕوونكردنەوەكەیدا لەبارەی دەنگۆی خۆبەربژێركردنی بۆ ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە كۆنگرەی چواردەی حزبەكە راگەیاند: ”هەواڵەكە سەرلەبەری ناڕاست و درۆیە و هەموو خەڵکیش لە مەبەستی  (درۆسازی)ەکە و بڵاوکردنەوەی دەگەن.“

هەفتەی رابردوو و لە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی وەهاب ئاغای جوندیان، ئازاد جندیانی لە بەردەم ڕای گشتیی کوردستاندا داوای لە سەرۆك بارزانی كرد، بە ئەندامی پارتی قەبووڵی بكات و سەرۆك بارزانیش داواكەی قەبووڵ كرد، هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە ئازاد جندیانی ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانییە بۆ کاروباری سیاسی و ڕۆشنبیری.

ئازاد جوندیانی جەختی كردەوە كە هەرگیز نیازی نەبووە لە كۆنگرەی پارتیدا خۆی بۆ كۆمیتەی ناوەندیی حزبەكە بەربژێر بكات.

هاوكات ئازاد جوندیانی، بەشێك لە وتارە مێژووییەكەی سەرۆک بارزانی بیرهێنایەوە كە رۆژی یەكشەممە 6ی 11ی 2022 لە مەراسیمی كۆتاییهاتنی كۆنگرەی چواردەی پارتی پێشكەشی كرد و تێیدا ئاماژەی بە هەوڵێكی شەهید شێخ عەبدولسەلام بارزانی دا كە لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا ویستوویەتی پادشای ئەو سەردەمەی بەریتانیا ببینێ، تا لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە بیروڕا و پێشنیاری لەگەڵدا ئاڵوگۆڕ بکا.

جوندیانی بە لێدوانێکی ”زۆر مەزن و گرنگ و ستراتیژییانە و بەهاداری سەرۆک بارزانی“ش دا، کە  لە وتاری کردنەوەی کۆنگرەدا رای گەیاند، کە پەشیمان نییە لەو بڕیاڕە مێژووییەی كە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دای و جەختی کردەوە کە شانازیشی پێوە دەکات.

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا ئازاد جوندیانی گوتی: ”کۆبوونەوەی لە دەوری سەرۆک بارزانیدا کە ڕێبەری ڕەوتی سەربەخۆیی کوردستانە، مانایەکی تر و ڕەهەندێکی تر بە چەمکی پارتایەتی دەبەخشێ کە ئاوێتە و ئاوێزانی کوردایەتییە، ئەمە ڕوانگەی کوردانەی منە بۆ پارتایەتییەكی ئاوێزان و ئاوێتەبوو بە کوردایەتی.“