پێشمەرگە ڕۆڵێکی گەورەی لە ڕزگارکردنی کۆبانێ گێڕا باڵانسی شەڕی گۆڕی
“کۆبانێ بووە سیمبولی بەرگری و سەرۆک بارزانیش بووە سیمبولی گەلی کورد لە جیهاندا”
8 ساڵ بەسەر چوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ-ی ڕۆژئاوای کوردستان تێدەپەڕێت، لە کۆبانێ پێشمەرگە ئەو هێزە بوو کە باڵانسی شەڕی گۆڕی ، لە ئەنجامدا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش تێکشکێنرا و شارەکە لە کەوتن و داگیرکردن ڕزگاری بوو ، دوای تەواو بوونی ئازادکردنی شارەکە و کۆتایی هاتنی شەڕ ، پێشمەرگە چەکەکانی خۆیان بەخشییە شەڕڤانان و هیچ دەستوەردانێکیان لە کاروباری ناوخۆی کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان نەکرد و گەڕانەوە باشووری کوردستان.
زیاتر لە 80%ی کۆبانێ کەوتبووە دەست چەکدارانی داعش، ئەگەر پێشمەرگە نەگەیشتبایە شارەکە، ئەو شارە بە تەواوی دەکەوتە دەست داعش.
لە 22ی مانگ 10ی 2014، لەسەر داوای سەرۆک مەسعود بارزانی، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاری چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ پەسەند کرد، ئەوەبوو پێشمەرگە ڕەوانەی ئەو شارە کرا ، تواندرا بە هاوکاری هاوپەیمانان شەڕەکە لە بەرژەوەندی کوردانی ڕۆژئاوا یەکلایی بکرێتەوە و تەواوی شاری کۆبانێش ڕزگار بکرێت.
سەرۆک بارزانی چەندین جار ڕایگەیاندووە، نەک هەر کوردێک، بگرە هەر مرۆڤێکیش تووشی هێرشی دوژمنان بێت، پێشمەرگە پارێزگاریی لێ دەکات.
لە 28ی مانگ پێشمەرگە بەرەو کۆبانێ بەڕێ کەوتن و گەیشتنە باکووری کوردستان و لەوێشەوە بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان چوون
لە 31ی مانگ هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەیشتینە کۆبانێ، ئەوکات شەڕڤانان هیچ شتێکیان بەدەستەوە نەمابوو و پێشوازییەکی جوانیان لێ کردن و مۆرالیان زۆر بەرز بوو.
لە 26ی 1ی 2015دا دوای چەندین مانگ بەرگریکردن، شاری کۆبانێ بە تەواوی لە چنگ چەکدارانی داعش ڕزگار کرا.
شەهید زێرەڤان ئەکرەم مزووری یەکەم شەهیدی پێشمەرگە بوو لە شەڕی دژی داعش لە کۆبانێ-ی ڕۆژئاوی کوردستان و لەو شەڕەدا چەندین پێـشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.