ئەمڕۆ دیاردەی خۆرگیران لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات

وەزارەتی تەندروستی چەند ڕێنماییەکی بۆ خۆپارێزی لە دیاردەی خۆرگیران بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دیاردەی خۆرگیران ڕوودەدات بەم هۆیەوە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دایە هاوڵاتییان و ڕایگەیاند : بۆ پارێزگاری لە تەندروستی چاوەكانت، پێویستە لەكاتی خۆرگیران ڕاستەوخۆ سەیر نەكەیت و ڕەچاوی ڕێنماییەكان بكەیت.

١- سەیرکردنی خۆر لە کاتی خۆرگیران بە چاویلکەی خۆری ئاسایی تەندروست و گونجاو نییە.

٢- سەیرکردنی خۆر لەکاتی دیاردەی خۆرگیران کاریگەری نەرێنی هەیە ، بۆیە چاوەکانت بپارێزە لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر لە کاتی خۆرگیران.

٣- سەیرکردنی ڕاستەوخۆی خۆر لەکاتی دیاردەی خۆرگیران دەبێتە هۆی تێکچوونی ئەو خانانەی کە بەرپرسن لە بینین و لەوانەیە کاتی بێت و لە هەندێک حاڵەت دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینین لە چاوەکانت بۆیە خۆت بە دوور بگرە لە سەیرکردنی خۆر لە کاتی خۆرگیران.

٤- سەیرکردنی ڕاستەوخۆی خۆر لەکاتی دیاردەی خۆرگیران لە ڕێگەی عەدەسەی کامێرا تەندروست نییە بە تایبەتی ئەگەڕ خۆرگیرانەکە بەشی بێت واتا بەتەواوی نەبێت.