بۆ کوێ کۆچ ئەکەی برای شیرینم
کاکە ئاکام گیان؟
دوێنێ خەونمان بە گۆڕانکاری و تێکشکاندنی تیرۆریستانەوە ئەبینی و هیواکانمان لەسەر تۆ هەڵچنی بوو ، ئاخر ئەمە چی پەیمانێکە ئاکام بە ئێمەت دابوو ؟ ئەی بڕیار نەبوو وەک کەشتیەکەی نوح هەموومان لەدەوری خۆت بەڵام بە ئاوازێکی نوێ و بە ورەیەکی قایمتر لە پۆڵا کۆبکەیتەوە؟
کەچی ئەمڕۆ ئەتەوێت جێمان بهێڵی و رادەستی قەدەرێکی نادیارو تونێلێکی تاریکمان بکەیت، ئاخر ئەمە چی زەمەنێکە کاکە گیان لەنێوان دوێنێی خەون و هیواوە ، ئەمڕۆیەکی سەراپا خەممان پێشکەش بکەی.
ئاخ ئاکام گیان تۆ ئەزانی ئێستا لەهەموو کات زیاتر بیری کاکە حەمە دەکەین کاتێک ئەیوت (مەڕۆ مەڕۆ بابە مەڕۆ بۆ جێمان دێڵی ،تاکەی ژیان بەرینەسەر هەروا بە وێڵی) ئاخر تۆ ئەتەوێت بەم ڕۆیشتنەت گەلێک بێ ئومێدو نیشتمانێک رەش پۆش بکەیت
دە کاکە ئاکام بەس ئەمجارە تۆ هەستەوە قەتماخەی برینەکەی خاڵە جەعفەر مەکولێنەوە،خۆت و هەر خۆت جارێ سەر لە مەملەکەتی بێ هیواکان بدە و بروسکەیەک بۆ پێشمەرگەکانی گەرمیان بنێرەو مژدەی هەڵسانەوە بچرپێنە بەگوێی هاوڕێکانتا، ئەو هاوڕێیانەی کە شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک بۆ شۆڕشێکی نوێ دژی تاریک پەرستەکان و تیرۆریستان
ئەمە چی مەرگێکە ئەی تیرۆر؟ تۆ ئەزانی ئەم جارەیان لەبری کوشتنی کەسێک ، دەریایەک لەخۆشەویستی ، دارستانێک لەدار بەڕوو ، دونیایەک لە هیوا ، پۆلێک فەرماندەت، هەر هەموو پێکەوە کوشت!
هۆ کاکە گیان ئێمەش هاوسەفەری هەمان رێگاتین ،نەکەی سەفەر بکەی چونکە کاروانی هەڵسانەوەو خۆ رێکخستنەوەو خەبات و بەرخودان بە بێدادی بەشوێن پێیەکانی تۆدا ڕێگا ئەبڕن .
شێخ بەرهەم شێخ محمد