ھێزێکی زۆر لە کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە

بۆ لابردنی پۆستەرەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر ھێزێکی زۆر لە کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە

ئەمشەو شەممە ١٥ـی ١٠ـی ٢٠٢٢ هێزە عێراقییەکان لە کەرکووک بڵاو کراونەتەوە بۆ لابردنی هەر پۆستەرێک لەسەر خیانەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەر.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە بازمیدیای ڕاگەیاند: سەرجەم موختارت گەڕەکانی کەرکووک ئاگادار کراونەتەوە کە نابێت هیچ پۆستەرێک لەسەر ١٦ـی ئۆکتۆبەر هەڵبواسرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا هێزە عێراقییەکان لەناو کەرکووک بڵاوەیان پێ کراوە بۆ لێکردنەوە و لابردنی هەر پۆستەرێک کە لەسەر ١٦ـی ئۆکتۆبەر هەڵواسرابێت.
جەختیشی کردەوە کە ئێستا هەڵمەتەکە دەستی پێ کردووە و هەرچی پۆستەر لەمبارەیەوە هەبووە لابراوە.

جێی باسە، سبەی یەکشەممە ٥ ساڵ بەسەر خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ـدا تێدەپەڕێت کە بە ڕێككەوتنێكی ژێربەژێری سەرۆكی ئێستای یەكێتی و بەشێک لە سەركردەكانی یەكێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان ئەنجام درا و نیوەی خاكی كوردستان بە كەركووكەوە ڕادەستی نەیارانی گەلی كوردستان كرا.