سەرۆکی حکومەت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پێگەیشت

سەرۆکی حکومەت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پێگەیشت

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە تۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان قبوڵکراو نییە و بۆ ئەم مەبەستەش، لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکان دەکەن.

وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، پشتیوانیی ئەڵمانیای بۆ سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتێک کە ڕەنگدانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ڕێزگرتن لە دیموکراسیی بێت دەربڕی.

هەروەها دڵنیاییدا لەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە دوای پەسەندکردنی لە لایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاریکاریی و پشتیوانیی بەردەوامیی حکومەت و خەڵکی ئەڵمانیای کرد و خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودان بە پەیوەندیی ھەمەلایەنە لەگەڵ ئەڵمانیا دووپاتکردەوە.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *