دوو میدیاکاری باڵێكی یەكێتی بە برینداری دەستگیرکراون

دوو میدیاکاری باڵێكی یەكێتی بێسەروشوێنن

هەریەكە لە سەرتیپ قەشقەیی و ئیبراهیم عەلی كە خاوەنی پەیجی ” بوارمیدیا”ن و لەسەر باڵێكی ناو یەكێتی حیسابن بێسەروشوێنن، بەگوێرەی راگەیەندراوی پەیجەكەشیان كە هەریەك لە سەرتیپ وەیسی قەشقەیی و ئیبراهیم عەلی، بۆ كارێكی ڕۆژنامەوانی لە هەولێرەوە بەرەو سەنتەری شاری سلێمانی بەڕێكەوتوون، لەو ماوەیە تاوەكو نزیك كاتژمێر شەشی ئێوارەی دوێنی لە پێوەندیدابوون لەگەڵیان و بڕیار بوو ئێوارە بگەڕێنەوە هەولێر، بەڵام ژمارە مۆبایلەكانیان داخراوە.

ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە ئەوەی بووەتە جێی گومان لە رێی ئەكاونتی ئیبراهیم عەلی، ئەكاونتێكی تر كراوەتە ئەدمین لە پەیجی بوار.

هەندێك لە چاودێران پێیان وایە كە ئەوە پێوەندی بە حساباتی سیاسیی نێوان باڵەكانی یەكێتی هەیە، بەڵام لەسەرەتای كێشەكاندا میدیاکاران دەكەنە قوربانی.

هەروەها عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری کوردستان ڕایگەیاند” پاش سۆراخ و بەدواداچون دەرکەوت هەردوو هاوڕێی ڕۆژنامەنووسمان سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم عەلی لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراون.