هاوپۆل: Uncategorized

  • پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە

    پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە

    کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو .

    کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە گشتی و بودجە و بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، لەلایەک و هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی هاوڕابووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە :
    ١ – هەردوولا کۆک بووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکوک
    بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان .
    ٢ – هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانى کوردستان بکەین .
    ٣ – بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.

    یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان

  • دەیان سەرکردەو پلەداری گەورەی حەشدی شەعبی و بەرەی مقاوەمە لەشاری سلێمانی داڵدە دراون.

    دەیان سەرکردەو پلەداری گەورەی حەشدی شەعبی و بەرەی مقاوەمە لەشاری سلێمانی داڵدە دراون.

    میدیای لاهور جەنگی:دەیان سەرکردەو پلەداری گەورەی حەشدی شەعبی و بەرەی مقاوەمە لەشاری سلێمانی داڵدە دراون.

    میدیای لاهور جەنگی، ئاشکرای کرد کە چەندین سەرکردەی حەشدی شەعبی هاتوونەتە سلێمانی، میدیاکە ڕایدەگەیەنێت ، دوای ئەوەی ترسی ئەوەیان هەبوو ببنە نێچیری هێرشەکانی ئەمریکا،دەیان سەرکردەو پلەداری گەورەی حه شدی شەعبی و بەرەی مقاوەمە ڕوویان لەشاری سلێمانی کردوەو داڵدە دراون.

    میدیای لاهور جەنگی ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە ،ئەو سەرکردەو پلەدارانەی حەشد کە لەسلێمانی داڵدەدراون زۆرینەیان خێزان و منداڵەکانیشیان لەگەڵدایەو لەچەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شارەکە شوێنیان کراوەتەوە.

    سەرچاوەیەکی ئەمنی لەشاری سلێمانی بە میدیاکەی ڕاگەیاندووە ” ژمارەی ئەو بەرپرس و پلەدارانەی کەهاتونەتە سلێمانی لە ٢٥ کەس زیاتر دەبن.

    میدیاکە ئاشکرای دەکات کە چەند ناوچەیەکی سلێمانی کەتیبەکای حزب اللە جێگیرکراون و درۆنیان ئاراستەی هەولێر کردووە و ڕایدەگەیەنێت “ داڵدەدانی بەرپرسانی باڵای حه شد لەسلێمانی لەکاتێکدایە کە چەند سریەیەکی کەتائیبەکانی حزبوڵڵای عێراق ماوەیەکە لەزڕگوێز جێگیرکراون و چەندجارێکیش لەوێوە درۆنیان ئاڕاستەی هەولێر کردوە.”

  • ئاسایشی هەولێر: پیاو و ژنی عەرەب کامێرا بۆ خەڵک دەکەنەوە و ڤیدیۆیان تۆمار دەکەن

    ئاسایشی هەولێر: پیاو و ژنی عەرەب کامێرا بۆ خەڵک دەکەنەوە و ڤیدیۆیان تۆمار دەکەن

    ڕێنمایی … ئاگاداری پەیوەندییەکانتان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان

    ماوەیەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) و
    (ئینستاگرام)، كۆمەڵێك کەسی لەیاسادەرچوو لە هەردوو ڕەگەزی (پیاو) و (ئافرەت) كە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و بە شێوەی گرووپ کار دەکەن، خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبیی جیاوازن و هەندێکیان نیشتەجێی شارەکانی خوارووی عێراقن، نامە دەنێرن و خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵك، دواتر سەرنجی خەڵكی ڕادەکێشن و کامیرایان بۆ دەکەنەوە و بە شێوەیەكی نەشیاو خۆیان نیشانی بەرامبەرەكانیان دەدەن، لەم ڕێگەیەشەوە ڤیدیۆی كەسانی قوربانی تۆمار دەکەن و دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان دەکەن.
    كۆی پرۆسەكە بەم شێوەیەیە:
    سەرەتا پێش ئەوەی قسە لەگەڵ بەرامبەرەكەیان بکەن، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی برادەری كەسەكەن یان خزم و کەسوکارین، لە فەیسبووک یان انستگرام، خۆیان دەکەنە هاوڕێ. پاشان ئەو گرتە ڤیدۆییەی تۆماریان کردووە ڕەوانی دەکەن بۆ سەرجەم هاوڕێ و خزمەکانی قوربانییەكە یان لە بەرامبەر بڵاو نەکردنەوەی گرتە ڤیدۆیەکان، داوای پارەی لێ دەکەن کە شێوازی پارەدانەکەش بە ڕێگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت، بۆ ئەوەی ب ەئاسانی ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبێت!

    بۆیە داوا دەکەین ئاگاداری پەیوەندییەكانتان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و متمانە بە کەسێک مەکەن کە نازانن کێیە و بۆچی مەبەستێک پەیوەندیی پێتانەوە كردووە.

    بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
    ٢٠٢٤/٠٢/٠٣

  • ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەزووترین کات دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بکات

    ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەزووترین کات دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بکات

    ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەزووترین کات دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بکات

    ئەنجومەنی وەزیران:
    * ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی پێویستە لە زووترین کاتدا هەمواری یاسای بودجە پەسەند بکات بەوشێوەی لەسەری ڕێكکەوتوین و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بۆ پەسەندکردنی

    ئەمڕۆ چوارشەممە 1/31، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

    لە سەرەتای کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر بەشداری و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیى سەرۆکوەزیران لە کۆڕبەندی ئابووریى جیهانیی داڤۆس لە وڵاتی سویسرا لە ڕۆژانی 15-19ى ئه‌م مانگه‌.

    سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە کۆڕبەندی داڤۆس، یەکێکە لە گردبوونەوە گرنگەکان لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لەو جۆرە کۆڕبەند و کۆنفرانسانەدا، گرنگییەکی زۆری هەیە و نیشانەی پێگەی گرنگی هەرێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. سەرۆکوەزیران گوتیشی بۆ یەکەم جار ئەمساڵ لە داڤۆس، (ماڵی کوردستان)مان بە بەشداری و ئامادەبوونی چەندین وەبەرهێنەری کوردستانی کردەوە بە ئاراستەی دروستکردنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە نێوان کەرتی تایبەتی کوردستان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە و پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەت و هەلی کاری زیاتر.

    سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە بابەتی سەرەکیى کۆبوونەوەکانمان لە داڤۆس لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی جیهان، گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بوو بەو هێرش و پەلامارانەی دەکرێنە سەر هەرێم، جەختیشی کردەوە کە هاوسۆزییەکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو، بەتایبەتی کە هێرشی ناڕەوا و بێپاساو دەکرێتە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی کوردستان.

    سەرۆکوەزیران دووبارە بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهید پێشڕەو دزەیی و هەموو شەهیدانی دیکە کرد کە بوونە قوربانی هێرش و زوڵم و ستەمێکی زۆر گەورە لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

    لە بڕگەی دووەمدا، دوا پەرەسەندنەکانی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە بودجە و مووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا کە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.

    ئەندامانی شاندی دانوستان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هەرێمی کوردستانیش پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵی کردووە بە ئاراستەی لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدڕاڵ هەن کە ڕێگرن لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بەگوێرەی تەرخانکراوی خشتەکانی بودجە، لەپێش هەموويشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بە تەمویلکردنی هەرێم بە بەشێک لە خەرجیى مووچە لە ڕۆژی 1/14 بەڵام بە داخەوە دوای تێپەڕبوونی 17 ڕۆژ تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

    ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرانبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشەبودجە و مووچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت هاوشێوەی سەرتاسەری عێراق، كە مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی ئەم دواخستن و بیانوو و ڕێکارانەوە، ماوەیەکی زۆرە مووچەکەنیان دواکەوتووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێوی دروست کردوون، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەرچی زووە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتیشدا هەرچی زووە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، هەمواری یاسای بودجە پەسەند بکات بەوشێوەی لەسەری ڕێكکەوتوین و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بۆ پەسەندکردنی تاکوو چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە دەست بێ بودجەیی و بێ مووچەییەوە زیانی زیاتریان بەرنەکەوێت و چارەسەرێکی بنەڕەتیى ئەم بابەتە بکرێت، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە بە زیادەوە جێبەجێ کراوە چ لە پێشکەشکردنی زانیاری لەسەر میلاکی گشتی و داهات و خەرجییەکانی هەرێم و واڵاکردنی دەرگا و تۆماری دامەزراوەکانی هەرێم بۆ وردبینیى چاودێریى دارایی فیدراڵ، بۆیە هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوەته‌وه‌ بۆ دواخستنی هەموارکردنی یاسای بودجە و بەجێگەیاندنی بەرپرسیاريه‌تی خۆی لە بەرانبەر دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان هەروەک لە دەستووردا جێگیر کراوە.

    بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گرێبەستەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆژەکانی ماستەرپلانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خرایە ڕوو، کە تێیدا کێشە و گرفت و پێشنیاری چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو گرێبەستانە خرانە ڕوو بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی ماستەرپلان لەچوارچێوەی نەخشەی پەسەندکراو کە گرنگیيەکی زۆری هەیە و بنەمای پێشخستن و ڕێکخستنی تەواوی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمە و زامنی ئاراستەی فراوانبوون و بووژاندنەوەیە بۆ مەودایەکی درێژخایان بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە ئابووری و ژینگەیی وکۆمەڵایەتیيەکان و دوور لە بەکارهێنانی نادروستی زەوی گشتی و بە ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی و گەشەسەندنی هەڕەمەکی و بێ پلانیی سێکتەرەکان.

    وێڕای ئەوەی حکومەت و هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی سەختی دارايی تێدەپەرێت، بەڵام بەهۆی کاریگەریى ماسته‌رپلان وەک بنەمایەک بۆ پێشخستن و ڕێكخستنی ته‌واوی سێكته‌ره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی شار و ڕێكخستنه‌وه‌ی بە‌كارهێنانی زه‌وی و ئاراسته‌ی فراوانبوون و بووژاندنه‌وه‌ی شار، هەروەها بابه‌ته‌کە كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌ركـ و ئه‌دای وه‌زاره‌تی شارەوانی و گەشتوگوزار هه‌یه‌ و ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ گرێبه‌ستیان له‌سه‌ر ئه‌نجامدراوه‌ به‌ ڕاگیراوی ماونه‌ته‌وه‌ بارگرانی له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت دروست كردووه‌.

    بۆیە لە دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسەندکرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بەگوێرەی تایبەتمەندی و توانای داراییى بەردەست ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان بگیرێنە بەر.

    لە دوا بڕگەی کۆبوونەوە، ڕەشنووسی کۆتایی (ڕێنمایی کارکردنی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان) خرایە ڕوو کە لەلایەن لیژنەیەکی وەزاریی هاوبەش ئامادە کرابوو کە تێیدا ڕەچاوی ئەو تێبینیانە کرابوو کە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە لە ماوەی پێشوو ئاراستەی سکرتاریەتیى ئەنجومەنی وەزیرانیان کردبوو.
    ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگی ئامادەبووان ڕەشنووسەکەی پەسەند کرد کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانیيە لە هەرێم بە شێوەیەک بگونجێت لەگەڵ پێداویستیەکانی بازاڕی کار و ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی گرێبەستی نێوان خاوەنکار و کرێکاری بیانی و کۆمپانیای هێنەری کرێکاری بیانی بە شێوەیەکی هاوسەنگ کە مافی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت و پابەندیەکانی هەمووان ئاشکرا بێت و لە کاتی سەرپێچی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی ببنەوە، لە هەمان کاتدا ڕێنماییەکان بنەماکانی پاراستنی مافی کرێکاری خۆماڵی لەخۆ گرتووە و پێدانی هەلی کار بە کرێکاری بیانی تەنها لەو دەرفەت و بوارانە دەبێت کە کرێکاری خۆماڵی ناتوانێت پڕیان بکاتەوە، لە هەمان کاتدا پاراستنی مافەکانی کرێکاری بیانی بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان لەچوارچێوەی ڕێکەوتننامە جیهانییەکان بەشێکی گرنگی ڕێنماییەکە پێک دەهێنێت.

  • بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە

    بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە

    بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە

    ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، به‌سه‌رپه‌رشتیی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ و چه‌ند تەوەرێک و بابه‌تی گرنگ تاوتوێ ده‌كرێت.

    له‌ تەوەری یەکەم، پوخته‌یه‌ك له‌سه‌ر سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ داڤۆس و ده‌ره‌نجامی ئه‌و دیدار و گفتوگۆیانه‌ی له‌داڤۆس كران، ده‌خرێته‌ڕوو.

    هەروەها ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌کە، تاوتوێی ئه‌نجامی گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌باره‌ی مووچه‌ و بودجه‌ و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ده‌كرێت.

    له‌ به‌شێكی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە ، ده‌نگ له‌سه‌ر ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای كاركردنی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت.

  • باندێکی نێودەوڵەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کرا

    باندێکی نێودەوڵەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کرا

    ئاسایشی هەولێر باندێکی مەترسیداری نێودەوڵەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکرد

    بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە:
    دوای چاودێری کردن و بەدواداچونی هێزەکانمان ، وەرگرتنی فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر باندێکی نێودەوڵەتی بازرگانی کردن بەماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکەن، کە لە (٤) تۆمەتبار پێکهاتبوون بەناوەکانی (ر ، ع ، ص) و(ف ، أ ، م) و (ف ، ح ، ر) و (ب ، ب ، ح)، خەڵکی وڵاتی ئێرانن و لەوڵاتی ئێرانەوە ماددەی هۆشبەری جۆری (کریستاڵ)یان هێناوەتە هەرێمی کوردستان .

    ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت، جێگەی ئاماژەیە ئەم باندە لەشێوەی (کەپسول) ماددەی هۆشبەریان ئامادە کردبوو ،بە شێوازی قوتدان لە(گەدەیان )هەڵیان گرتبوو ،هەروەها هەندێکی تر لەو ماددە هۆشبەرەیان بەشێوەی هەڵگرتن لەڕێگای (کۆمەوە) لەجەستەیان حەشاردابوو ،دوای دەستگیرکردنیان دەست گیرا بەسەر تەواوی ئەو ماددە هۆشبەرەرانەی کەلەجەستەیاندا حەشاریان دابوو.

  • وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵام  ڕاوێژکارێکی سودانی دەداتەوە

    وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵام ڕاوێژکارێکی سودانی دەداتەوە

    ‌‎پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی لێدوانێکی ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایەگەیاندووە؛

    ڕاوێژکارێکی بەڕێز سودانی پەیامێکی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووەو دەڵیت ئێوە واز لە دیبلۆماسییەت بهێنن و خەریکی مووچەبن!

    ‌‎وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسیار دەکات و دەڵێت؛

    پرسیارەکە ئەمەیە،سەرەڕای ئەوەی بە نادەستووری دەستخراوەتە قوڕگی حەوت ملیۆن کەس و برسی دەکرێن و پەنجا و پێنج ماددەی دەستووری بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشێل کراون ، بەڵام ئەم بەڕێزە دڵی لای ئەوەیە کە نابێت هەرێم جوڵەی دیبلۆماسی هەبێت.

    دەشڵێت؛ پێویستە هاوڵاتیان لە سەرانسەی عێراق بزانن کە ئەوانەی شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەخۆرەکانی ڕاگرتووە ، کەسانی وەک ئەو ڕاوێژکارەن کە تا سەر ئێسقان بەو عەقلییەتە شۆفینییە پێداگری لە سەر برسیکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

    پێشەوا هەورامانی ئەوەشی خستووەتەڕوو و دەڵێت؛ ئێمە دڵنیاین کەسانی هاوشێوە و خاوەن ئەم بیر و هزرە کۆسپن لەبەردەم نزیکبوونەوەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، هەروەها ڕاوێژکاری هاوشێوەن کە دەیانەوێت لەمپەر بخەنە بەردەم هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران سودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەل هەرێم.

    ‌‎

  • لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتنی سەرتاسەری دەستی پێكرد

    لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتنی سەرتاسەری دەستی پێكرد

    مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستی پێكرد

    دوای ئەوەی ئێران چوار بەندکراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە سێدارەدا، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەشێکی زۆر لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاندووە.

    دوێنێ دووشەممە، چوار بەندكراوی سیاسیی كورد، كە پێشمەرگەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بوون، بە ناوەكانی موحسین مەزڵوم (27 ساڵ) خەڵكی مەهاباد، وەفا ئازەربار (26 ساڵ) خەڵكی بۆكان، محەمەد فەرامەرزی (28 ساڵ) خەڵكی دێولان، پژمان فاتیحی (29 ساڵ) خەڵكی كامێران، لە بەندیخانەی (قزڵحیسار)ی شاری کەرەج لە ئێران جێبەجێ کرا.

    لەسێدارەدانی ئەم چوار بەندکراوە، بووە هۆی تووڕەیی و دڵگرانیی زۆر لای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی خەڵكی كوردستان، بڕیار دراوە ئەمڕۆ سێشەممە، لە مانگرتنێکی سەرتاسەریدا، تووڕەیی خۆیان لەو كارەی ئێران دەرببڕن.

  • كەس لیستی ئەو میلیشیایانەی لایە كە هەرێمی كوردستان بۆردومان دەكەن؟

    كەس لیستی ئەو میلیشیایانەی لایە كە هەرێمی كوردستان بۆردومان دەكەن؟

    كەس لیستی ئەو میلیشیایانەی لایە كە هەرێمی كوردستان بۆردومان دەكەن؟

    پێشەوا هەورامانی:

    لەوەتەی درووستبوونی کێشەکان لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەر ڕۆژەو بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجی ناردنی مووچە و مافی خەڵک، لەکاتێکدا ئێمە ڕوون و ئاشکرا هەموو شتێکمان پێشکەشی حکوومەتی فیدراڵ کردووە!
    بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە! ئایا ئەم شەفافیەت و تەوزیحەی لە ئێمەیان دەوێت، لای ئەوان هەیە؟
    گەڕانێکی سادە، لە چوار هەواڵی بڵاوکراوەی ژمارەیەک سەرچاوەی میدیایی باوەڕپێکراو:
    الجزیرة: 20%ی پارەی مووچەی عێراق بۆ مووچەخۆری وەهمی دەڕوات کە نزیکی 10 ملیار دۆلاری ساڵانەیە کە زیاترە لە مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
    الحرة: 300 ملیار دۆلار لە عێراق بۆ پڕۆژە و مووچەی وەهمی چووە..
    بغداد الیوم: لە لیستی خانەنشینانی عێراقدا، 22 هەزار مووچەخۆری وەهمی هەن کە 800 ملیار دینار لە
    خەزێنەی عێراق دەبەن.
    بی بی سی: ساڵی 2014 حکوومەتی عێراق خۆی دانی بەوەدا ناوە کە 50 هەزار سەربازی وەهمی مووچە لە خەزێنەی عێراق وەردەگرن، وەهمی نەک بندیوار!
    ئایا کەس لیستی ئەو گرووپە میلیشیایانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن؟
    ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو مووچەی خەڵکی هەموو پارێزگاکانی عێراق رابگیرایە، نەک وەکوو ئەوەی هەندێک موراهیقی سیاسیی ناوخۆیی دەیڵێن، لەبەر خاتری شەریف ناوێک، گەلێک لە کوردستان برسی کراوە!

  • لە ئێران چوار بەندکراوی سیاسی کورد لە سێدارە دران

    لە ئێران چوار بەندکراوی سیاسی کورد لە سێدارە دران

    لە ئێران چوار بەندکراوی سیاسی کورد لە سێدارە دران

    بەرەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە، سزاى لەسێدارەدانى چوار بەندکراوى سیاسیى کورد جێبەجێکرا، ئەوەش دواى 18 مانگ لە دەستگیرکردنیان.

    رێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو بڵاوى کردەوە، کاتژمێر 5:00ى بەرەبەیانى ئەمڕۆ، سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی (موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی)، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێکرا.

    لە سێدارەدانى ئەو چوار بەندکراوە لە کاتێکدایە، وەک ئەوەى رێکخراوى هەنگاو بڵایکردووەتەوە: دۆسیەکەیان ناڕوون بوو، لە ماوەی 18 مانگ دەستبەسەربوونیان لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بوون.

    ئەم چوار بەندکراوە رۆژی یەکشەممەى رابردوو، بۆ یەکەمجار و دواجار لە بەندیخانەی ئێڤین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ئەنجام دابوو، بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ ئەم چوار بەندکراوە بۆ جێبەجێکردنی سزایەکەیان بە چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکان لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج گواسترانەوە.

    رێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو وێڕای ئیدانەکردن سزای سێدارەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، رایدەگەیەنێت کە تەنانەت بەپشتبەستن بە پێوەرە ناوخۆیییەکانی ئێرانیش، کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دۆسیەکەیاندا رەچاو نەکراوە و پرۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەو چوار چالاکە کوردە بە تەواوەتی ناڕوون بووە.