هاوپۆل: Uncategorized

  • پێشەوا هەورامانی: بەفەرمانی سەرۆکی حکومەت هەموو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشتیاری و کشتوکاڵ لە هەڵەبجە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت

    پێشەوا هەورامانی: بەفەرمانی سەرۆکی حکومەت هەموو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشتیاری و کشتوکاڵ لە هەڵەبجە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت

    بەتەنیا جێی نەهێشتین

    من لەنزیکەوە ئاگادارم چەند جارێک بوو لەلایەن جەنابی سەرۆک وەزیران پلانی چوونە هەڵەبجە دادەنرا،بەڵام هەرجارەو بەهۆکارێک شتێک دروستدەبوو یان دروستدەکرا سەردانەکە دوا دەکەوت.

    ئەمڕۆ سەرۆک وەزیران بارزانی هاتە هەڵەبجەو لەگەڵ دانیشتنی لەگەڵ ئیدارەی شارەکە فەرمووی،هاتووم گوێبگرم و قسەی ئێوەم دەوێ چیبکەین بۆ ئەم شارە”

    بەڵام من نیگەرانیم بینی لەوەی کە بۆچی تا ئێستا ئەوەی بۆ هەڵەبجە کراوە نە لە ئاست تموحی خەڵکەکەی بووە نە جەنابییان و گوتی کە “هەڵەبجە دەبوو زیاترو باشتر خزمەتبکرێت و ئەمەی بۆی کراوە من زیاتر لەمەم دەوێت”.

    لەهەموو بوارەکان فەرمانیکرد هەڵەبجە تایبەتمەندی پێبدرێت و دەبێت ئەم شارە ببوژێتەوە بەو جۆرەی کە دەبوو بۆی بکرێت کە زۆر لەمێژە دەبوو بکرایە!

    بەفەرمانی جەنابییان هەموو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشتیاری و کشتوکاڵ لەهەڵەبجە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت و ڕێنمایی و مەرجی قورس لەسەر ئەم پارێزگایە دەبێت هەڵبگیرێن و بازرگان و سەرمایەدارانی هاندا کە بێنە هەڵەبجە بۆ کارکردن و حکوومەت ڕێگایان بۆ ئاساندەکات هەتا خزمەت بکەن.

    لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەبێت پارەیەک بۆ پارێزگاکە تەرخانبکرێت،شەقامەکان دەبێت کارییان تێدا بکرێت و چاکبکرێن،دەبێت کۆلێژی پزیشکی دامەزرێت و ٥٠٠ کەس دابمەزرێندرێن لە هەڵەبجە،ماستەر پلانی هەڵەبجە کاری لەسەر دەکرێت و کەرتی تەندروستی و کۆمەڵێک بواری دیکە کارییان لەسەر دەکرێت کە پێویستن بۆ شارەکەو ڕێککارەکانی بەقەزابوونی خورماڵیش خێرا دەکرێن.

    سەرۆک وەزیران خەمخۆرانەو دڵسۆزانە گوێی لە کەس و کاری قوربانییان دەگرت و لەکاتی ڕوونکردنەوەکانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە حەسرەت و خەمی کوردێکی خاوێن و ڕەسەن و خەمخۆر بەدیدەکرا کە زۆر خەمخۆرانە پرسیاری دەکرد و داوای وەڵامی دەکرد.

    بۆ هەموو ئەو داواکارییانەی ئەمڕۆو یاداشتە نۆ خاڵییەکەی پارێزگای هەڵەبجە لێژنەیەکی تایبەت لەهەولێرەوە دێنە هەڵەبجەو نوسینگەی سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی جێبەجێکردنی خاڵەکان دەکات.

    لەکۆتایشدا گرێکوێرەکەی تووەقوت کرایەوەو لەسەر دەستی جەنابییان بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە دانرا کە خواستی دێرینی هەڵەبجەییەکانە.

    ئەوەی دڵخۆشیبوو بۆ خەڵک هەموو هاوڕابوون کە مەسرور بارزانی پیاوی جێبەجێکردنەو قسەو کرداری وەک یەکە.

    پێشەوا هەورامانی
    وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

  • ڕاگەیێندراوێك لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

    ڕاگەیێندراوێك لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

    سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە، مەكتەبی سیاسیی پارتیمان ڕۆژی پێنجشەممە 22ی شوباتی 2024 بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆبوویەوە. یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوە، تاوتوێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بوو كە لە ڕۆژی چوارشەممە 21ی شوباتی 2024 دەرچوون.

    ئەم بڕیارانە پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵی و پڕەنسیپی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانن كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراون.

    لەسەر ئەم تەوەرە، مەكتەبی سیاسیی پارتیمان جەخت لەم خاڵانە دەكاتەوە:

    1. داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان و پشتیوانیكردنیان لە بەشداریی و هاوبەشییان لە دامەزراوە دەستوورییەكان.

    2. پارتیمان پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات تا وەكو لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق گفتوگۆكانی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوور، بەردەوام بێت.

    3. بڕیاری پەیوەست بە یاسای ژمارە (1) ی سالی 1992ی هەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێك لە بڕگەكانی، پێچەوانەی دەستوور و سروشتی لێكجیایی دەسەڵاتەكانە.

     

    مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

    22ی شوباتی 2024

  • پێکهاتەکانی کوردستان: دەنگی خۆمان دەگەیەنینە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان.

    پێکهاتەکانی کوردستان: دەنگی خۆمان دەگەیەنینە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان.

    ئەمشەو چوارشەم 21ی شوباتی 2024، پێكهاتەكانی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی رێكخست و لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وێڕای ئەوەی بڕیارەكە لەلایەن پێكهاتەكانەوە بە “نادەستووریی” وەسف كرا، هاوكات ئاماژەیان بۆ ئەوەیش كرد كە ئەم پرسە دەبەنە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان.

    لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، محەمەد ئیلخانی سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، مایەی نیگەرانی ئێمەیە لەسەر سكاڵایەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكەی، 11 كورسی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشایەوە، كە ئەمەیش هەڵەیەكی مێژوویی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو پاشگەزبوونەوەیە لە بنەماكانی پێكەوەژیان و شەراكەت و مافی مرۆڤ كە لە رێككەوتنە سیاسییەكانی دوای راپەڕینەوە چەسپێنراوە.

    ئیلخانی زیاتر گوتی، ئەوەی ئەمڕۆ بڕیارێكی تەواو سیاسی بوو لەپێناو لایەنێكی سیاسی كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا تووشی لاوازی و دۆڕان بوون و لە درێژەی قسەكانیشدا دووپاتی كردەوە كە ” وەك پارت و لایەنە سیاسییەكانی پێكهاتەكان “توركمان، كلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن” داوا لە سەرۆك بارزانی دەكەین، ئەم نادادپەروەرییە رەت بكاتەوە و هاوكات ئاماژەیشی دا كە تەنیا سەرۆك بارزانی بە درێژایی مێژووی سیاسی هەمیشە داكۆكیكاری مافی پێكهاتەكان بووە.

    ئیلخانی دووپاتی كردەوە، بە هەموو لایەكتان رادەگەیەنین، ئێمەی پێكهاتەكان پاشگەزنابینەوە لە سیاسەت و ستراتیجیەتمان، بەردەوام دەبین لە خەباتی دیپلۆماسیمان لە پێناو خزمەتكردنی نیشتمان و دەنگی خۆشمان دەگەیەنینە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان.

  • ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە بەردەوامبوون لە چاکسازیکردن و ڕێکخستنەوەی کەرتی باج دەکات

    ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە بەردەوامبوون لە چاکسازیکردن و ڕێکخستنەوەی کەرتی باج دەکات

    ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە بەردەوامبوون لە چاکسازیکردن و ڕێکخستنەوەی کەرتی باج دەکات بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادپەروەریی لە پێدانی باجدا

    ئەمڕۆ چوارشەممە 2/21 ، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
    لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر بەشداری و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات لە ڕۆژانی 12 تا 14ی ئەم مانگە .

    ماوەی چەند ساڵێکە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستێکی باڵا بەشداری لەم لوتکەیە دەکات و پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکرێت . ئەمساڵیش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرنگی لە لوتکەکەدا ئەنجامدا و هەروەها سەرۆک وەزیرانیش ، گوتارێکی سەرەکی لە لوتکەکەدا پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگیی چارەسەرکردنی پرسی گەلی کوردستانی کرد وەک بەشێک لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

    لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە بڕیارێک کرا بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی ڕسومات و کرێ و تێچووی تایبەت بە تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی پێشکەشکردنی کارئاسانی زیاتر بۆ کارسازیی و بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر و ئاسانتر بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکان لە هەرێم بە تێچوویەکی کەمتر و کاتێکی کورتر ودوور لە ڕووتین و ئەڵقەی ئیداریی زیاتر لە ڕێگەی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی وڕاییکردنی مامەڵەکان و ئاسانكردنی ئەرکی سەرشانی ئەو گەنجانەی کە خوازیاری کاری بازرگانی و داهێنەرانەن، بە تایبەتی لە ڕووی کارئاسانیی لە بواری پێدانی باج بۆ کۆمپانیا نوێیەکان و بابەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی موڵکداریی فیکریی وهزریی داهێنەران.

    لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران خشتەی نوێی ئەو رسوماتانەی پەیوەندیداربوون بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پەسەند کرد و لە دوای بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

    دواتر لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوە، کە تەرخانکرابوو بۆ پێداچوونەوە بە کەرتی باج لە هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی کێشە و دەرفەتەکان و چارەسەرەکان، سەرەتا کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کە بۆ ئەو بڕگەیە میوانداری کۆبونەوەکە کرابوو، ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی لە بارەی کەرتی باجەکان لە هەرێم بۆ ئەنجومەن خستەڕوو .

    لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە واقیعی ئێستای باج کرد و ئاماژەیدا بە هەموو ئەو چاکسازیانەی لەم کابینەیە ئەنجامدراون بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی کەرتی باج بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادپەروەریی لە پێدانی باج بە بێ ئەوەی هیچ باجێک زیاد بکرێت یان ڕێژەکەی بەرزبکرێتەوە بەڵکو بڕ و ڕێژەی باج هەروەک خۆیەتی و گۆڕانکارییان تێدا نەکراوە، ئەوەی کراوە ڕێکخستنەوەی ڕێکار و پرۆسەکانی وەرگرتنی باجە و گرتنەبەری میکانیزمی نوێ و گونجاوە، بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج و نەهێشتنی لێخۆشبوونی ناڕەوا و نا یاسایی لە پێدانی باج و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی ڕووتین.

    بەو پێیەی باج یەکێکە لە داهاتە گرنگەکانی هەرێم کە رێکخستنەوە و برەوپێدانی کاریگەری گەورەی لەسەر گەشەی دارایی و بەرزکردنەوەی قەبارەی خزمەتگوزارییەکان و بەکارهێنانەوەی داهاتەکەی لە خەرجیە گشتیەکان و پڕکردنەوەی کورتهێنان دەبێت، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم ، بەردەوام بێت لە چاکسازیکردن لە سیستەمی باج و ڕێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران لە پڕۆژە و کۆمپانیاکان لە پێدانی باج، دەبێ بەشێوەیەکیش ڕێکبخرێتەوە کە ببێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و لە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێت و ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی و ئابووری هاووڵاتیان بکات و بارگرانیی لە سەر کاسبکاران و کارسازان دروست نەکات.

  • حەمە ساڵح قادری : ئەمەی یەکێتی بەرامبەر ئێمە دەیکات کارێکی تاکڕەوانە و کاردانەوەی دەبێت

    حەمە ساڵح قادری : ئەمەی یەکێتی بەرامبەر ئێمە دەیکات کارێکی تاکڕەوانە و کاردانەوەی دەبێت

    حەمە ساڵح قادری نوێنەر و بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر، بۆ بازمیدیا:

    بازمیدیا: ئەو هێزەی یەکێتی بۆ دەوری کەپی ئازادیان لە کۆیە داوە؟

    حەمە ساڵح قادری: ئەو بارودۆخەی بۆ کەمپی ئازادی لە کەمپی ئازادی کۆیە و پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەربە حزبی دیموکرات هاتووەتە ئاراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێککەوتنە دوو قۆڵییەی لە نێوان ئێران و عێراق هەیە، لەو پەیوەندییەدا ئەوەی بۆ هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە نیازپاکی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی سەقامگیری ئێرە، ئێمە هێزەکانمان لە سنوورەکان دوورخستووەتەوە و جوڵە لە خاکی هەرێمەوە بۆ سەر ئێران راگیراوە و شتی وانییە، ئەو بابەتە میکانیزمێکە پەیوەندی بە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ حکومەتی هەرێم و یوئێن و حکومەتی بەغدا هەیە.

    بازمیدیا: هیچ زانیارییەکیان پێنەداون کە بۆ چ مەبەستێک دەوری ئێوەیان داوە؟

    حەمە ساڵح قادری: ئەوەی ئێستا راسپێردراوە کە کۆمپانیایەکی بەڵێندەر بێت و لە دەوری کەمپی کۆیە دیوار دروست بکات، یان خەندەق لێبدات یان تەلبەندی بکات، ئەوە کارێکی تاکڕەوانەیە، بەداخەوە لەلایەن گرووپێک یان باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتییەوە دەکرێت، بە جێبەجێکردنی ئەمری ئەجێندای هەرێمی دێتە بەرچاو، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەی پابەندین بەو میکانیزمەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و یوئێن و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە دەچینە پێش، بەڵام ئەم کارە تاک لایەن و سەرەڕۆیانەیە کە لێکەوتەی دژبە بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاشتەوایی ناو ماڵی کوردی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە ئێمە لە هەموو ئاستێک لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەین، بۆ ئەوەی بەو شێوازە مامەڵە نەکرێت، تا ئێستا جوڵەی هیچ هێزێک مەلموس نییە، بەڵام هەستمان کردووە کە ئامادە باشی بە بەشێک لە هێزەکانیان دراوە وەک ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش. بەڵام بەدڵنیاییەوە مەبەست ئەوەبێ بۆ پاڵپشتی جێبەجێکردنی ئەو کارە، ئەمڕۆ مکاینێکی کۆمپانیاکەیان ناردووە، برادەرانی ئێمە ئینزاریان داوە، ژن و منداڵ لەو کەمپە لە ئامادەباشین، ئەو دڵەڕاوکێی دروست بووە منداڵەکان نەچوونەتە قوتابخانە، ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتە بۆ بەرگریکردن لە جێبەجێبوونی ئەوە لە ئامادەباشیدان

    بازمدیا: ئاگادارکراونەتەوە یان بە بێ ئاگاداری ئێوە هاتوون؟

    حەمە ساڵح قادری: نەخێر، ئێمە ئاگادار کراوین، بەڵام ئێمە رازی نەبووین، ئەو بابەتە ئاوا ئاسایی نییە، کە ئێمە ئاگاداریشبین، کە ڕازی نەبین لێکەوتەی لێ دەکەوێتەوە، پێشتر گوتم میکانیزمێکی دیاریکراوی خۆی هەیە، لە نێوان ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی و کوردستان و یوئێن و حکومەتی عێراق لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵات، رەنگە هەنگاوی یەکەم پێکەوە تەفاهوم کردبێت، بەڵام هەنگاوەکانی دیکەش دەبێ بە لێکتێگەیشتن بێت، ئەوەی ئێستا دەکرێت شتێکی یەکلایەنەیە و لەلایەن ئێمەوە قبوڵکراو نییە، بۆیە خەڵکی ئێمە بەشێوەیەکی مەدەنیانە بەرگری دەکەن.

    بازمیدیا:هەست ناکەن ئەم جوڵەیە دەستی ئێرانی لە پشت بێت، لە کاتێک دا باس لە بوونی هێزێکی نزیک لە ئێران لە زڕگوێز دەکرێت؟

    حەمە ساڵح قادری: پلانەکە لەبنەڕەتدا هی ئێرانە و دەیەوێ لەلایەن حکومەتی عێراق و هێزە پەیوەندیدارەکانییەوە جێبەجێ بکات، بۆ ئێمە پلانی ئێمە چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە جێگای داخە پلانەکە لەلایەن هێزێکی کوردی (یەکێتی) ئەنجام بدرێت، هیوادارین جێبەجێ نەبێت، بەڵام لە ئەگەری جێبەجێبووندا بێگومان کاردانەوەی مەدەنیانە لەلایەن خەڵکی رۆژهەڵاتەوە لە ناوخۆ و دەرەوە دروست دەبێ و قبوڵناکرێت.

    بازمیدیا : ئەگەر یەکێتی داواتان لێ بکات ئەم کەمپە چۆڵ بکەن، چۆڵی دەکەن یان نە؟

    حەمە ساڵح قادری: ئێمە ئەو شتەمان رەتکردووەتەوە، بڕیارمانداوە بەهیچ شێوەیەک کەمپەکان چۆڵناکرێت، لەگەڵ حکومەتی هەرێم و لایەنی عێراقی و یوئێنیش باسکراوە، خەڵکی ئێمە ژیانیان و جێ و رێیان لەو کەمپانەیە، بۆیە چۆڵناکرێ بۆ کەس.

    بازمیدیا : من پرسیومە ئەڵێن ئەم کارە بەرانبەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران تەنیا لە سنووری یەکێتی و بە ئاگاداری و فەرمانی ئەو دەکرێت، پێتوانییە دەستێکە بۆ ئەوەی لە رێگەی یەکێتییەوە تەسلیمی ئەوان ببن؟

    حەمە ساڵح قادری: ئەوەی تا ئێستا دژ بە لایەنەکانی کۆمەڵە یان بڵێین حزبی دیموکرات، بەداخەوە لەو سنوورە ئەنجام دراوە، ئەوەی یەکێتی باڵادەستە، بەلام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ پارتی و حکومەتی هەرێم لەسەر خەتین تا ئەو، هەر لایەنێک تاک لایەنانە بیەوێ وا کارێک باکات، بەدڵنیایی کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە و روانگەی ئێمە لە خەڵکی کوردستان نیشتمان پەروەران

  • بافڵ تاڵەبانی دەیەوێ وەك فەرماندەیەكی پاسدارانی ئێران، بە هەموو تواناوە هەوڵی لەناوبردنی خەباتی رۆژهەڵاتی كوردستان بدات

    بافڵ تاڵەبانی دەیەوێ وەك فەرماندەیەكی پاسدارانی ئێران، بە هەموو تواناوە هەوڵی لەناوبردنی خەباتی رۆژهەڵاتی كوردستان بدات

    عەلی جەوانمەردی ، رۆژنامەنووس:

    📌هێزێكی یەكێتی نێردراوەتە سەر كەمپی ئازادی و لە ڕێی كۆمپانیایەكەوە دەیانەوێ كەمپی ئازادی دیواربەند بكەن.

    📌خراونەتە ئامادەباشییەوە بە ناوی بەرگری لە دژی داعش، لە كاتێك داعش لە كۆیە چی دەكات؟

    📌بافڵ تاڵەبانی وەك سەرۆكی یەكێتی، بە كردەوە بووەتە فەرماندەیەكی سوپای قودسی ئێران.

    📌هێزێكی حەشدی شەعبی كە سەر بە قەیس خەزعەلییە، ویستوویانە بارەگا لە زڕگوێز دابنێن و هێندراون، بەڵام خەڵكی ناوچەكە ترسان و لە میدیا دەنگدانەوەی هەبوو، بۆیە لەجێی ئەوان، هێزێكی ئاسایش جێگیر كراون

    📌هێزەكەی حەشدی شەعبییش كە هێزێكی سوپای قودسیشیان لەگەڵدایە گەڕێندرانەوە بۆ ناوچەی شارەزوور و لەنێو بارەگاكانی لیوای پاسەوانیی سنوور جێگیر كران.

    📌ئەو دۆخەی لە كۆیە ڕوو دەدات، چارەنووسسازە، ئەوەی بافڵ تاڵەبانی كردوویەتی، ژن و منداڵی كەمپەكانی حزبی دیموكرات بڕیارە بە دیوار دەوریان بدرێ و بە كامێرا بخرێنە ژێر چاودێری، پیلانێكە و هاوشێوەی ئەوەیە كە لە كەمپی ئەشرەف بەرامبەر بە موجاهیدین خەلق كرا، دواتر هەرچی سووكایەتی بوو پێیان كردن و لێشیان كوشتن و دەریانكردن.

    📌بافڵ تاڵەبانی دەیەوێ وەك فەرماندەیەكی سوپای قودس، بە هەموو تواناوە هەوڵی لەناوبردنی خەباتی رۆژهەڵاتی كوردستان بدات. بەڵام بافڵ تاڵەبانی و هەندێك خەڵك لەنێو یەكێتی كە خۆیان فرۆشتووە، تاسەر بۆیان ناچێتە سەر.

    📌داوا لە گەنجانی نێو رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەم هەڵوێست بەرامبەر بەم جاشایەتییە قەبووڵ ناكرێت.

    📌زۆر بەڵگەمان لەسەر پارەشۆردنەوە بۆ سوپای پاسداران، لەسەر ئاودیوكردنی زێڕ بۆ سوپای پاسداران، لەسەر هاوكاریكردن لەگەڵ سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان بۆ قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر هەیە. بەڵگەكانمان دەگەیەنینە كۆنگرێسی ئەمریكا.

    📌هەرچەندە یەكێتی وا نیشان دەدات كە هاوكاری ئەمریكایە، بەڵام راست ناكات، ئەوان هاوكاریی سوپای پاسداران دەكەن و ئەمەش بە بەڵگە بۆ كۆنگرێس دەسەلمێنین.

  • ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری تەندروستییەوە

    ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری تەندروستییەوە

    ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری تەندروستییەوە

    دوابەدوای بڵاو بوونەوەی چاوپێكەوتنێك لە یەكێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەربارەی كاریگەری ( ماددە پلاستیكییەكان) لەو چاوپێكەوتنەدا میوانی بەرنامەكە زانیاری هەڵە و ناڕاستی لەسەر بەكارهێنانی كلۆر بۆ خاوێنكردنەوە (تعقیم) كردنی ئاوی بوتڵكراو كرد، بەڵام ئەو بەڕێزە بێ ئاگابوو لە زانیاری و ڕێنماییەكان تایبەت لە پرۆسەی دروستكردن و گواستنەوە و هەڵگرتنی ئەم بەرهەمە كە بە پێی تایبەتمەندی عێراقی دەستنیشانكراوە.
    بە گوێرەی تایبەتمەندی عێراقی ژمارە (1937) ساڵی 2019 تایبەت بە ئاوی بوتڵكراو:
    1- بەكارهێنانی (مركبات الكلورین) قەدەغەكراوە لە گشت قۆناغەكانی پرۆسەی چارەسەركردن و خاوێنكردنەوەی كۆتایی ئاوی بوتڵكراو.
    2- پرۆسەی چارەسەركردن و بە پاڵاوتن بە بەكارهێنانی فلتەری كەمتر لە یەك مایكرۆمەتر یان بەROدەبێت ئەنجامبدرێت.
    3- خاوێنكردنی ئاو لە قۆناغەكانی كۆتایی بە ئۆزۆن یان بە تیشكی سەروو وەنەوشەیی دەكرێت.
    4- شێوەی هەڵگرتن و گواستنەوەی ئەم بەرهەمە لەم تایبەتمەندیە ئاماژەی پێكراوە وە هەڵگرتنی لەبەر تیشكی خۆر یاساغ كراوە وە ئەنجامدانی ئەم كارە سەرپێچی هەژمار دەكرێت.
    5- ئەو ( PET ) و كۆنتێنەرانەی بۆ هەڵگرتنی بەكار دەهێندرێت بە پێی ئەم تایبەتمەندییە دەبێت تەندروست بێت و كارلێك نەكات لەگەڵ ئاوی هەڵگیراو تێدا وە هیچ بەرهەمی لاوەكی زیان بەخش بە تەندروستی دروست نەكات.
    6- بە پێی Code of Federal Regulation ـی ئەمریكی و یاساكانی FDA تایبەت بە ئاوی بوتڵكراو ئۆزۆن بە ڕێگەیەكی نمونەیی هەژمار دەكرێت بۆ پاكژكردنەوە (تعقیم) كردنی ئاوی بوتڵكراو هەروەها لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیشەوە ( WHO ) ئاوی بوتڵكراو ئۆزۆن یەكێكە لە ڕێگەكانی پاكژكردنەوە ( تعقیم ) كردنی ئاوی بوتڵكراوە.

    بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستی ڕووندەكەینەوە كە یاساكە بە شێوەیەكی تەواو ئاماژەی بە هەموو بەشەكانكردوە وبۆ زانینی زیاتری دەتوانن یاساكە بخوێننەوە.
    بەگوێرەی یاساكە ڕووندەبێتەوە ئەو بەڕێزەی چاوپێكەوتنەكەی ئەنجامداوە پێچەوانەی تایبەتمەندی عێراقییە، كە ئەو داوای بەكارهێنانی كلۆر دەكات ئەمەش لە هیچ قۆناغەكانی پرۆسەی چارەسەكردنی ئاوی بوتڵكراو ڕێگە پێدراو نییە، هاوكات داوای بەكار نەهێنانی ئۆزۆن دەكات كە ئەمەش پێچەوانەدەبێت كە ئۆزۆن یان فلتەر یانRO بەكار بهێندرێت.

    وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم
    بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری تەندروستی

  • به‌رهه‌می بایكۆته‌كه‌تان چی بوو؟

    به‌رهه‌می بایكۆته‌كه‌تان چی بوو؟

    به‌رهه‌می بایكۆته‌كه‌تان چی بوو؟

    دڵشاد مه‌ولود گه‌ردی

    له‌ ده‌ستپێكی وه‌رزی خوێندنه‌وه‌ هه‌زاران منداڵی كورد له‌ هه‌زاره‌ی نوێدا له‌ خوێندن بێ به‌ش كراون، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئێره‌ سوریا یان یه‌مه‌ن و غه‌ززه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی عه‌قڵی وێرانكاریان هه‌یه‌ زیاتر له‌ چوار مانگه‌ گوێیان نه‌گرت له‌ داوای ڕه‌وای دڵسۆزان، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و یارییه‌ ناشیرینه‌ نه‌بوون، كه‌ ته‌نیا منداڵی كورد زیانمه‌ندی سه‌ره‌كی بوو.

    بایکۆتچیەکان به‌ ناوی پیشه‌ی پیرۆزی مامۆستاییه‌وه‌ بایكۆتیان ڕاگه‌یاند، زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار منداڵی كوردیان له‌ خوێندن بێ به‌ش كرد، ته‌مه‌نی ئه‌و منداڵانه‌یان فه‌وتاند، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌ست به‌ خه‌جاڵه‌تی بكه‌ن به‌رامبه‌ر به‌و منداڵه‌ شه‌هیدانه‌ی باوكیان خوێنی بۆ پاراستنی كوردستان به‌خشی.

    بایکۆتچیەکان به‌ ناوی ماف و موچه‌وه‌ له‌سه‌ر جاده‌ بوون، منداڵانی كوردیان له‌ خوێندن بێ به‌ش كرد، له‌ كاتێكدا هاوپیشه‌كانیان له‌ هه‌ولێر و دهۆك و ته‌واوی كوردستان دڵسۆزانه‌ ئه‌ركی پیرۆزی خۆیان ڕاده‌په‌ڕاند. باشه‌ هه‌ر به‌ جددی ئه‌وانه‌ شه‌رم ناكه‌ن له‌ ئاستی ناو و پیشه‌ی پیرۆزی مامۆستایی.

    بیرمه‌ دوای ڕاپه‌ڕینی 1991، مامۆستایانی كوردستان بوونه‌ به‌ردی بناغه‌ی كیانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم، یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیان به‌ڕێوه‌برد، قوتابخانه‌كانیان چۆڵ نه‌كرد، بۆ یه‌ك ڕۆژیش ده‌وامیان بایكۆت نه‌كرد، له‌ كاتێكدا قوتی ماڵ و منداڵیان نه‌بوو، یه‌ك دیناریش موچه‌یان وه‌رنه‌ده‌گرت. ئاماده‌بوون خزمه‌ت بكه‌ن.
    مه‌ته‌ڵه‌كه‌ ئاشكرا بوو، كه‌ ئه‌وه‌ی مامۆستایانی هێنابووه‌ سه‌ر جاده‌، داوای ڕه‌وا نه‌بوو، موچه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو حزب بوو، هه‌ر بۆیه‌ به‌ بڕیاری حزب و به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌ستكه‌وتێكیان هه‌بێت جگه‌ له‌ زیانگه‌یاندن به‌ داهاتووی كوردستان بایكۆتیان شكاند.

    پێویسته‌ بپرسین، جگه‌ له‌ كوشتنی ته‌مه‌نی منداڵانی كورد و دواخستنی خوێندن و بێهیواكردنی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی كوردستان و زیانگه‌یاندن به‌ ژێرخانی په‌روه‌رده‌یی له‌ كوردستاندا چیتان ده‌ستكه‌وت، ئایا ئه‌وه‌ی دوێنێ قوباد تاڵەبانی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داخراودا پێی وتن، هه‌مان ئه‌و به‌ڵێنه‌ نییه‌ كه‌ چه‌ند مانگ به‌ر له‌ ئێستا وه‌زیری خۆتان وه‌زیری په‌روه‌رده‌ پێی دان، خێره‌ بۆ ئه‌و یاخی بوون و بۆ حزب ملكه‌چانه‌ په‌سندتان كرد؟

  • هەر خۆپیشاندانێک خۆرسکانە نەبوو بەبڕیاری سیاسی و بۆ ئامانجێکی سیاسی ئەنجام بدرێت، سەر ئەنجام هەر بەبڕیارێکی سیاسی کۆتایی دێت

    هەر خۆپیشاندانێک خۆرسکانە نەبوو بەبڕیاری سیاسی و بۆ ئامانجێکی سیاسی ئەنجام بدرێت، سەر ئەنجام هەر بەبڕیارێکی سیاسی کۆتایی دێت

    نیاز حاجی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی:

    چەندین جار دووپاتم کردۆتەوە کە زیاتر لە سەدا ٩٩ـی خۆپیشاندانەکانی سنووری زۆنی سەوز سیاسین، باوەڕ بەدەربڕین و هاتووهاوار و هەڵپەڕین و فرمێسکە تیمساحانەکانیان مەکەن، بەفیکەیەک خەڵکانێک دەهێنرێنە سەر شەقام و بەرووبعە فیکەیەکی تر چۆڵی دەکەن، ئەمە جارێک دوو جار و سەد جار هەزارەم جار نیە ئەو ئەتوارە هەزار بارە دەکرێتەوە، هەموو جارێک کەسانێک دەبنە ڕەقەم و بەتەڵ و پۆستی پلە و امتیازی پێ وردەگرن ، خەڵکەکەش بەئاسانی فریووی پێ دەخۆن و دواتر دەبنە قوربانی.

    هەر خۆپیشاندانێک خۆرسکانە نەبوو بەبڕیاری سیاسی و بۆ ئامانجێکی سیاسی ئەنجام بدرێت، سەر ئەنجام هەر بەبڕیارێکی سیاسی کۆتایی دێت!
    بەهۆی بایکۆتە سیاسیەکەی ئەمجارەی مامۆستایان خوێندنی پێنج مانگ کوڕ و کچی خەڵکی هەژار فەوتا، ئایا کەسێک هەیە بپرسێت بۆ؟ و لەپێناوی چی؟

    خۆپیشاندانێک بە بریاری سیاسی دەستی پێکردبێت، بە بریارێکی تری سیاسی کۆتایی دێت. ئاخر ئەو بایکۆت و مایکۆتەی سنووری سلێمانی بەدەست لەپشتدانی ئێران و فەرمانی راستەوخۆی حەشد و عەصائیب و مستەفا سەند و کیلابی و …. هتد و هەندێک کلک و باڵی لای خۆمان بوو سێلفی و کۆنگرە رۆژنامەوانیەکانی سەرانی ئەو بایکۆتچیانە لەبەغدا شایەدی ڕاستی ئەو چەند دێرەن، هەر بۆیەش دوێنێ بەکۆبونەوەیەکی سیاسی کۆتایی پێ هێنرا و پێیان گوتن چیتر پێویست بە خۆپیشاندان ناکات و بگەرێنەوە هۆلەکانی خوێندن!

    دۆڵ دڕاو تەقەی بڕا، بەفیڕۆ چوونی پێنج مانگی خوێندنی کچ و کوڕی خەڵکیش وەک جارانی پێشتر نابێتە پرسیار لای خەڵکەکە!

  • شفا بارزانی لەگەڵ رەوەندی کوردستانی و چەند پەرلەمانتارێکی کەنەدا کۆبوویەوە

    شفا بارزانی لەگەڵ رەوەندی کوردستانی و چەند پەرلەمانتارێکی کەنەدا کۆبوویەوە

    شفا بارزانی لەگەڵ رەوەندی کوردستانی و چەند پەرلەمانتارێکی کەنەدا کۆبوویەوە

    سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی لە شاری ئەدمنتۆنی هەرێمی ئەلبەرتای کەنەدا لەگەڵ ژمایەک کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە و پەرلەمانتاری کەنەدا کۆبوویەوە.
    شفا بارزانی سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی لەگەڵ چەندین کوردی دانیشتووی کەنەدا و، چەند پەرلەمانتارێکی ئەو وڵاتە، کە بریتی بوون لە زیاد ئەبوتەیف و تۆم كەمیج، وە بە ئامادەبوونی محەمەد مزوری بەرپرسی ناوەندی رەوەندی کوردستانی-ئەدمنتۆن و، مستەر کورد نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا و کەنەدا، کۆبوویەوە.
    سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و سروودی نەتەوەیی كەنەدا و ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان دەستی پێكرد. دواتر محەمەد مزوری بەرپرسی ناوەندی رەوەندی كوردستانی-ئەدمنتۆن، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد.
    مستەر كورد نوێنەری كۆنفدراسیۆنی و، كەسایەتی دیاری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئەمریكایی دۆستی كورد، ناسراو بە سورە، قسەیان كرد و، ڕۆڵی رەوەندی كوردستانیان بەرز نرخاند، لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان كەنەدا و كوردستان پێداگریان كردەوە.
    شفا بارزانی سەرپەرشتیکاری رەوەندی كوردستانی، وەكوو وتاربێژی سەرەكی ئەو كۆبوونەوە جەماوەرییە، سڵاوی سەرۆك بارزانی گەیاندە ئامادەبووان و لە وتارەكەی دا
تیشکی خستەسەر هەلومەرجی کوردستان، هەروەها دوورە دیمەنەی پێکەوە کاردنی کوردستانیانی لە دەرەوە شیكردەوە.
    لە ناوەڕۆکی قسەکانی دا شفا بارزانی باسی لە هەلومەرجی ناسکی ناوچەکە و لە ئارادابوونی هەڕەشە و مەترسییەکان کرد و، لە گۆشە نیگاوە بە پێداگرییەوە رایگەیاند، کە پێویستە کوردستانییان لە دەرەوە، لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی تێکۆشانی خۆیان گەشە پێبدەن.
    کوردستانییانی هەرچواربەشی وڵات، وێڕای پێکهاتە جۆربەجۆرەکان لەو کۆبوونەوەدا ئامادەبوون و دیدو بۆچوونی خۆیان هێنایە زمان و بە گەرمی پێشووازیان لە قسەکانی سەرپەرشتیاری رەوەندی كوردستانی کرد.
    ڕێژەی بەشداری ژنان و گەنجان لە دیارترین بابەتەكانی ئەو كۆبوونەوە بوو، كوردستانیان بە پێداگرییەوە باسیان لەوە كرد كە بۆ یەكەم جارە كۆبوونەوەی ئەوتۆی دوور لە حیزبایەتی و بە نەفەسی كوردستانی دێتە ڕۆژەڤەوە و، داوایان كرد ئەم ڕەوتە پتر پەرەی پێبدرێ.
    لە بڕگەیەكی دیكەدا، دەرگای گفتوگۆی راشكاوانە كرایەوە و دواتر وڵامی پرسیاری بەشداران درایەوە.