گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی کورد لەناوچەکەدا
خدر مەنتک
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشە پێچەوانەکانی ئیسرائیل بۆسەر حەماس و کەرتی غەززە، میدیا جیهانییەکان سەرەنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیان لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا برد. لە دوای شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی ڕێخراوی تیرۆرستی داعش، جارێکی دیکە فۆکەسی میدیا جیهانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لەسەر غەززە چڕ بووەوە و باس و خواسی میدیاکانی جیهان گەرم بوو، بە ڕووماڵکردن و تەحلیلکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
هەر زوو سەدان بیریار و موحەلیلی سیاسی بەشێوەیەکی مەترسیدار لە بارەی گرژییە هەرێمییەکان و نائارامی و ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداریان دەدا، لە ئەگەری بەر پێنەگرتن بەفراوانبوونی جەنگەکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسوتێت. تەنانەت نوسەری بەناوبانگی ئەمەریکی (تۆماس فرێدمان) گوتی:” ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت. جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە و عێراقیش بێبەش نابێت لە ئاگری ئەو جەنگە.” ئەوەی بوو بووە مایەی ئەو مەترسیە گەورەیە، پشتگوێیخستنی ناوچەکە بوو لە ڕابردوودا، بەتایبەتی بەهێزبوونی هیلالی شیعی و میلیشا چەکدارەکانی ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن کە پانتاییەکی فراوان لە جەستەی جیۆسیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن و لەساتەوەختی دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە چەندین بەرەی دیکەوە هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل و هێزەکانی هاوپەیمانان و جوڵەی بازرگانی جیهانی دەستیپێکرد و لە یەمەن و لوبنان و عێراقەوە بەرەی دیکەی جەنگ کرایەوە. چەندین ڕوانگە و تێڕوانین بۆ چارەسەکردنی کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کران. بەتایبەتی لە ئێستادا، ڕۆژئاوا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیرلەوەدەکاتەوە کە تا ساڵی 2025 دەوڵەتێک بەبێ حەماس و ئەبووعەمار لە ژێر چاودێری ئیسرائیل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ فەلەستین درووستبکات. بەڵام ڕۆژئاوا ئەوەی لە بیرکردووە کە تاکە کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەی فەلەستین نیە، بەڵکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێنەرایەتی چوار ناوەندی سەرەکی دەکات، کە هەریەکەیان بە شێوازی تایبەتی خۆی گەشە دەکات.
یەکەم، گەورەترین ناوەندی جیهانی عەرەبیە کە خۆی بەسەر دوو گروپی سەرەکیدا دابەش بووە: وڵاتانی عەرەبی سەرەکی و وڵاتانی پەراوێز. سەبارەت بە وڵاتە سەرەکییەکان کە لە ڕابردوودا پێشەنگی جیهانی عەرەبی بوون و پێشبینیکەری پان عەرەبیزم ئێستا لە لاوازترین یان ناسەقامگیرترین دۆخدان. ئەم وڵاتانە کە سوریا، لوبنان، عێراق و میسر لەخۆدەگرن، بەهۆی کێشەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی-ئابووری، دیمۆگرافی و سیاسییەوە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا خراپتر دەبن، لەگەڵ هەڵچوونەکاندا دەجەنگن. سەبارەت بەو وڵاتانەی کە پێیان دەوترێت پەراوێزی وەکوو وڵاتانی کەنداوی عەرەبی یان مەغریب، ئەوان سەقامگیری و شەرعیەتی زیاتریان هەیە لە هاوتاکانیان لە وڵاتانی دیکە کە ڕژێمەکانیان شەرعیەتی بنەڕەتی نییە.
ناوەندی دووەم، ئێرانە کە کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی سیاسەتی شیعەگەری و بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە عێراقەوە دەست پێدەکات و بەرەو سوریا و لوبنان دەڕوات. ئامانجی سەرەکییەکەی لەناوبردنی ئیسرائیل و دژایەتیکردنی هەژموونی ڕۆژئاوایە لەناوچەکە.
ناوەندی سێیەم، تورکیایە کە لە دوای هاتنە سەرکاری ئاکەپە لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەیدا کردووە. هاوشێوەی ئێران ئامانجی سەرەکی تورکیاش بوون بە هەژموون لە ناوچەکەدا، بەشێکە لە بوژانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیزم.
چوارەم، دوا ناوەندە ئیسرائیلیەکەیە کە بە یەکێک لە بەهێزترین وڵاتەکانی ناوچەکە دادەنرێت لە ڕووی ئابووری و سەربازی و زانستییەوە.
هەریەک لە چوار ناوەندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەناو کۆمەڵێک قەیراندا برەو بەبوونی خۆیان دەدەن. لەناو چوار ناوەندەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەنووسی فەلەستین وەکوو تاکە قەیرانێک دەردەکەوێت وەکوو پێکهاتەی ناوەندێک کە ئەویش ئیسرائیلە. وەلێ لەناو سێ ناوەندە سەرەکیەکەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، قەیرانێکی ئیجگار گەورە هەیە و بەبێ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
لە هەریەک لە ناوەندی (عەرەبی، تورکی، ئێران) دا، ئەتنیەکی دیکە هەیە، کە هەرگیز نابێتە بەشێک لەویدیکە و تواندنەوەی لەناو ئەو یەکە سیاسییەدا. ئەویش گەلی کوردە وەکوو تەحدا و ئاڵنگارییەک لەناو پێکهاتە و یەکەی سیاسی عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران بەرگری لە شوناس و مافە ڕەواکانی دەکات. بەتایبەتی گەلی کورد، لە عێراق لە سەردەمی (شێخ ئەحمەد)ی بارزانەوە تا ڕاپەڕینی مەزنەکەی ساڵی 1991 خەباتیکردووە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیدا و لەم ڕێگەیەشدا ڕووبارێک خوێنی بەخشیوە. باشووری کوردستان نزیکەی سێ دەیەیە لە ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆی بەهرەمەندە و نەک تەنها بۆ مافی خۆی تێکۆشان دەکات، بەڵکو هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەڕی بەرگری لە ژیانی ڕووت دەکات و ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشی تێکشکاند کە نزیکەی 40%ی وڵاتی عێراقی داگیرکردبوو.
هەرێمی کوردستان دوای تێکشکاندنی داعش، لە ساڵی 2017دا ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و لەوکاتەدا هەر سێ ناوەندە سەرەکییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستیان کرد بە دژایەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی کە بریکاری سەرەکی ئێرانە لەناوچەکەدا پەلاماری خاکی کوردستانیان دا و بەشێکی زۆر لە ناوچە کێشە لەسەرە کوردستانییەکانیان داگیرکرد.
لە سەروەختی ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییەوە تا نووسینی ئەم وتارە، دوو ناوەندە سەرەکییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (عەرەبی و ئێرانی) لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی عێراق و میلیشا چەکدارە بیرکارەکانی ئێرانەوە، هەوڵدەدەن بۆ لەباربردنی ئەزموونی سەربەخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق. تەنانەت هەندێکجار ئێران ڕاستەوخۆ پەلاماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات و لە ڕێگەی هێرشی مووشەکییەوە ماڵی هاوڵاتیان سڤیل و بازرگان و وەربەهێنەرەکانی دەکاتە ئامانج تا بەر بە گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان بگرێت و سەقامگیرییەکەی بشێوێنێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی دژی تیرۆرستانی داعش. پێویستە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پشتیوانی لێ بکرێت و هێشتا زۆر پرسی تایبەتیان هەیە کورد و هاوپەیمانان پێکەوە دەبەستێتەوە. کورد هەمیشە جێی باوەڕترین هاوپەیمانی ئەمەریکا بووە لە عێراقدا. ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا بەغدا بەجێبهێڵن، سەلامەتترین ناوچە بۆ گواستنەوەیان حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت. وەکوو “سەقامگیرترین و ئەمنیترین ناوچەی عێراق.” هەروەها ناوچەیەکی سەقامگیرە بۆ گەشەکردنی بازرگانی جیهانی. بۆیە پێویستە هاوپەیمانان لە هەوڵبدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتێکی بەهێز کوردی و هەرێمێکی سەقامگیر بۆ کوردستان درووست بکەن وەکوو بەربەستێک لە بەردەم هەژموونی ئێران بیرکارەکانی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بانگهێشتکردنی ڕێزدار( مەسرور بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتۆن دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، لەناوچەکەدا. بەتایبەتی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، (ئەنتۆنی بلیکن) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد وەکوو هاوبەشێکی جێی بایەخی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە هاوبەشی کورد و ئەمەریکا لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە. هەروەها، پشتیوانیی ئەمەریکاشی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدرالی لە چوارچێوەی عێراقدا نیشاندا. ئەمەش دەرخەری ئەو واقیعەیە، کە بەتێکچوونی سەقامیگری هەرێمی کوردستان، ئەستەمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە بیبنێت.