سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 27ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هیچن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاڵۆگۆڕ كرا و پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردن سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەر لە 1991ـەوە پارتی دەستپێشخەری هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی بووە و هەمیشەش لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی یەكەمی هێناوە. ماوەی دووساڵە كە هەڵبژاردنەكان بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی و هاندانی دەرەكی دوادەخرێت، ئێستاش كە بە بڕیاری سیاسی دادگەی فیدڕاڵ و بەپێی ئەجێندای دەرەكی دەسكاریی یاسای هەڵبژاردن كراوە، ئینجا دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت. ئێمە خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین بەڵام دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگەی فیدڕاڵ كە ئامانج لێی شكاندنی پارتی بێت. سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاند كە ئێمە ناچینە ژێر باری بڕیاری نادەستووری دادگەی فیدڕاڵ كە تێیدا دادگە خۆی خستووەتە جێگەی دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن. هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە تێبینی و داواكارییەكانی پارتی یاسایی و لە چوارچێوەی دەستوور و لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ڕاست و ڕەوا و بێگەردە.

لەبەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستەسەر سیاسەتی برسیكردن و بڕینی بودجەی خەڵكی كوردستان و جەختی كردەوە كە ناكرێ مامەڵەی سیاسیانە لەگەڵ بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان بكرێت بۆ لاوازكردن و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان، بەپێویستی زانی كە چارەسەرەكی یەكلاكەرەوە بۆ بابەتی بودجەی هەرێم دابنرێت. ئەوەشی بۆ شاندی میوان ڕوونكردەوە كە ئێمە پشتئەستوورین بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلەكەمان و هەرێمی كوردستان بە خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستان دروست بووە نەك بە بڕیاراتی دەرەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەددەی ڕابردوو هەتا ئێستا بە بایەخەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و پاڵپشتیەتی، و لەگەڵ هەرێمی كوردستانی بەهێز و سەقامگیر دایە. باسی لەوەشكرد كە ڕۆڵی پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان گرنگە و پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا بە بێی ڕۆڵی پارتی پڕۆسەیەكی كامل نابێت و دەیانەوێ یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ڕاشیگەیاند لە نیگەرانییەكانتان تێ دەگەین و بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن بەشدار و هاوكار بن بۆ چارەسەری كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەرد.