سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق دەکات

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 2023/6/5 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سوید کرا.
سەبارەت بە پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی و پێویستی ڕێزگرتن لە ڕێککەوتننەکانی نێوان هەردوولا و دابینکردنی ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە .
لە تەوەرێکی دیکەدا ، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان كرد و سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا بکرێت .
باڵیۆزی سوید ئاماژەی بەوە دا کە سەڕەڕای گرفت و ئاستەنگەکان ، بەڵام خۆشبەختانە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و هەولێر بەتایبەتی بەردەوامە .
باشترکردنی دۆخی ئافرەتانی کوردستان و گرنگی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتان لە کایە جۆراجۆرەکاندا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.