هاوپۆل: Uncategorized

  • سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

    سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

    پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یادی حەفتاویەك ساڵەی دامەزراندنی هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان

    بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

    بە بۆنەی حەفتاویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.

    قوتابیان و لاوانی کوردستان لە دەستپێكی دامه‌زراندنیان لە شۆڕشی ئەیلوول هەتا ئەمڕۆ سەنتەری پێگەیاندنی ڕۆڵەی بە وەفا و خەباتگێڕ و سەركردەی بە توانا بوونە و هەمیشە وزە و تینی تازەیان داوەتە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە.

    هەردوو ڕێكخراوی یەكێتی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغی ئێستادا پێویستە لە ئاست چاوەڕوانیی كۆمەڵگە و دۆزی ڕەوای گەلەكەیاندا بن. قوتابیان و لاوان هەمیشە ئومێدی گەلی كوردستانن و پێویستە لە خەبات و تێكۆشانیاندا پابەندی بەها بەرزەكانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بن و بە چەكی زانست و هۆشیاری خزمەتی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان و پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن.

    دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی

    مسعود بارزانی
    18ی شوباتی 2024

  • مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە یەکێتی قوتابیان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکات

    مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە یەکێتی قوتابیان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکات

    مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی 71ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بڵاوکردەوە

    لە پەیامەکەدا هاتووە: پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سکرتێر و مەکتەبی سکرتارییەت و سەرجەم ئەندامانی هەردوو یەکێتی قوتابیان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر و پێشەنگبوونیان بۆ دەخوازم.

    هەروەها لەپەیامەکەدا دەڵێت: یەکێتی قوتابیانی كوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ و مێژوویەکی گەشیان لە بەدەستهێنان و پاراستنی مافەکانی قوتابیان و لاوان و پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری و بەرەوپێشبردنی توانا و ئاستی زانستی قوتابیان و لاوانی کوردستان و داکۆکیکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکاندا هەیە.

    جێگری سەرۆکی پارتی هیوادارە هەردوو یەکێتییەکە، لە کارکردن و ئامادەکارییەکانیان بۆ بەستنی کۆنگرە سەرکەوتووبن و لە ژێر سەرکردایەتییەکی نوێ و بەهێز، گۆڕانکاریی ڕیشەیی و نوێخوازانە لە ڕێڕەوی خەباتی ڕێکخراوەیی یەکێتی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستاندا بکەن و بەرەو قۆناخێکی پێشەنگتری ببەن، بە شێوەیەک کە لە ئاست پێشکەوتن و گۆڕانکارییە هەنووکەییەکانی کوردستان و جیهاندا بن و بە گیانێکی داهێنەرانەوە، بەردەوام بن لە بەرەوپێشبردنی تواناکانی قوتابیان و لاوانی کوردستان بە سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی سەردەم، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی نیشتمانەکەیان بکەن.

    مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەوەشی نووسیوە: ساڵیادی هەژدەی شوبات پیرۆز بێت و هەمیشە سەرکەوتوو بن.

  • لە سلێمانی، کۆمەڵێک مقەڕی چەکدار حوکم دەکەن

    لە سلێمانی، کۆمەڵێک مقەڕی چەکدار حوکم دەکەن

    لە سلێمانی، کۆمەڵێک مقەڕی چەکدار حوکم دەکەن

    بارزان عەلی حەمە:

    لە سلێمانی، کۆمەڵێک مقەڕی چەکدار حوکم دەکەن. بارەگای هەر کامیان لە گەڕەک و قەزا و ناحیەیەکەوە نزیک بێت، ئیتر ئەوەیان دەبێتە حاکمی موتڵەقی ناوچەکە. بۆیە بەردەوام ئەم چەکدارانە پەلاماری یەکتری دەدەن و پێکهەڵدەشاخێن…

    مەسەلەن فەرعێکی دژەتیرۆر بچێتە گەڕەکی وڵوبە، ئیتر حاکمی بزر و ببڕ و بە گوڕ خۆیەتی. عەرزی گەڕەکەکە بە دەست ئەو ئەبێت! ساحەی تاتانی گەڕەکەکە لای ئەو ئەبێت! هەڵکردن و کوژاندنەوەی مۆلیدەی گەڕەک بە فەرمانی ئەو ئەبێت! مزگەوت و خوتبە و دەوامی مەکتەب و تەوزیعی عەرزە و هتد هەمووی لای ئەو ئەبێت…

    مقەڕێکی کۆماندۆ ببەرە سەیدسادق، ئیتر حەفتەی داهاتوو سەیدسادق ئەبێتە موڵکی بابی کۆماندۆ. سەیتەرە لای ئەو ئەبێت، شارەوانی بە کیتابی ئەو عەرز تەوزیع ئەکات! زوو زوو دەوریاتی کۆماندۆ تا سەیتەرەی زەمەقی دەڕوا و لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی زەڵم و سیروان و خورماڵ دەبێتە هەرایان…

    ئیتر لەپڕا کۆماندۆ لە سەیدسادق دەورەی خەیاتی ئەکاتەوە. قەبرەکەی وەلی دێوانە بە سەرپەرشتی کۆماندۆ، سبوغ ئەکرێتەوە! وەلحاڵ شار ئەبێت بە هی ئەوان و تەدەخولی هەموو شتێکی ئەکەن.

    جا نیزامی سیاسی لە سلێمانی شێوازێکە لە حوکمی سوڵتانەکانی عوسمانی. لەوێ ڕۆژگاریشدا، کێ لەگەڵ سوڵتان بوایە، سوڵتان دێیەکی بە وڵاغ و ماڵات و بەشەر و عەرز و ئاوەوە پێ ئەدا…

    ئێستا هەموو پشدەر، بەدەست جێگری مودیری دژەتیرۆرەوەیە، گەنجێک بە تیسبیحەوە لەم تەعزێ بۆ ئەو تەعزێ، بە خۆی تۆپەڵێک موسەلەحی عەینەک ڕەشی عەسەبییەوە هههه

    دەی ئەمە کوێی نیزامی سیاسییە؟ حەدت چییە پێت وابێت ئەمانە حەریف و مونافسی حوکمی سیاسیی هەولێرن! کوێی نیزامەکەت لە هی هەولێر ئەچێت؟ ئەوە جەریدە و پەیج سەری لێ تێکداویت کەوا ئەزانیت سویسرایت لە ئازادی و ئینگلتەرای لە ئینقلابی سەنعەتیدا هههه

  • یوسف كیلابی دۆسیەیەكی گەورەی گەندەڵی و هەڕەشەی كاری تیرۆریستی لێ ئاشكرا بوو

    یوسف كیلابی دۆسیەیەكی گەورەی گەندەڵی و هەڕەشەی كاری تیرۆریستی لێ ئاشكرا بوو

    یوسف كیلابی بە دۆسیەی تیرۆر و بەرتیل و خیانەت تۆمەتبار دەكرێ و داوا دەكرێ كۆتایی بە پەرلەمانتارییەكەی بهێندرێت

    ”بەڵێنی هەڵڕشتنی پارە و هەڕەشەی كوشتنی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگایەك كردووە“

    بەپێی هەواڵێكی میدیاكانی عێراق، یوسف كیلابی، پەرلەمانتاری شۆڤێنیی عێراق، هەڕەشەی كوشتنی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای واست كردووە و هاوكات بەڵێنی ئەوەشی پێداون كە ئەگەر بیكەن بە پارێزگار، ئەوا ئامادەیە 15 ملیار دینار بەرتیل بدات.

    پێگەی (سۆمەڕیە نیوز) لە هەواڵێكدا ناوەڕۆكی سكاڵایەكی محەمەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واستی بڵاو كردەوە كە ئاراستەی فەرمانگەی داواكاری گشتیی عێراقی كردووە و تێیدا ئاشكرای كردووە، یوسف كیلابی، پەرلەمانتاری عێراق پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای واستەوە كردووە و پێشنیازی پێدانی پارەیەكی زۆری بۆ كردوون لەپێناو وازهێنانیان لە فراكسیۆنەكانیان و چوونە پاڵ فراكسیۆنەكەی ئەو.

    پارێزگاری واست ڕوونی كردۆتەوە كە یوسف كیلابی هەڕەشەی لە هەندێك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاكە كردووە بەوەی كە ئەگەر نەچنە پاڵی، ئەوا دەكوژرێن یان دەكرێنە ئامانجی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان. جگە لەوەی هەڕەشەی هەڕەشەی ئەوەشی لێكردوون كە ئەگەر بە گوێی نەكەن، ئەوا دۆسیەیان لە دادگا بۆ دەكاتەوە، بە تایبەتیش دۆسیەی گەندەڵی.

  • شیفا بارزانی لە پەرلەمانی کەنەدا: داوادەکەین کەنەدا پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکات

    شیفا بارزانی لە پەرلەمانی کەنەدا: داوادەکەین کەنەدا پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکات

    شفا بارزانی لە پارلەمانی کەنەدا

    بە بەشداری پتر ٢٠ پەرلەمانتار، سیناتۆر و دۆستی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کەنەدا بەرێوەچوو.

    لە دەسپێکی ئەو دانیشتنەدا، زیاد ئەبوتەیف سەرۆکی کۆمیتەی پەرلەمانی دۆستایەتی کوردستان- کەنەدا، وێرای بەخێرهێنانی سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی، هاوکات سوپاسی ئامادەبووانی کرد، سەبارەت بە پێوندییەکانی نێوان کەنەدا و کوردستان و رۆڵی رەوەندی کوردستانی پەیڤێکی پێشکەش کرد.

    زیاد لە قسەکانی دا باسی هەلومەرجی دژواری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، لەم پەیوندییەدا سەفەری کاک شفا بارزانی بۆ کەنەدا بە رووداێکی گرینگ لێکدایەوە.

    دواتر سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی لە وتارێکی مێژوویی و پڕ بایەخدا، سوپاسی ئامادەبووانی کرد لەسەر گرینگی پەیوەندییەکانی کوردستان و کەنەدا پێداگریی کرد و راگەیاند: ئەمرۆ سەلماندتان جیا لە چیاکان دۆستی دیکەشمان هەن و ئێوە دەنگێکی بەرزن بۆ پشتیوانی لە کوردستان.

    شفا بارزانی بە ناوی کۆنفێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی سوپاسی پشتیوانی و یارمەتییەکانی کەنەدای بۆ کورستان و پێشمەرگە دژ بە داعش کرد، هەروەها رۆڵی رەوەندی کوردستانی بەرزنرخاند و لە بەشێک لە وتارەکەیدا داوای کرد کەنەدا ناوی رێکخراوە کوردستانییەکان لە لیستی رەشی ئەو وڵاتە دەربهێنن، گوتی: کوردستان هەموو کات قوربانی دەستی تیرۆر و جێنوساید بووە و هەنووکەش لەو شوێنانەی ئازادی هەیە ئێمە نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانمان پێشکەش کردوە.

    لە لایەکی دیکەوە بارزانی بە پێداگرییەوە باسی لە هەرەشەکانی سەر کوردستان بە گشتیی و هەولێر بەتایبەتی کرد و لەم بارەوە داوای لە ئامادەبووان کرد پتر گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی کەنەدا تاکوو بەرفراونتر داکۆکی و پشتیوانی لە کورستان بکات، کە هەنووکە کەوتۆتە بەر هەرەشەی میلیشیاکانی ئێران و لە لایەکی دیکەوە تاران بە بڕوبیانووی بێ نێوەرۆک لە نێوخۆ خەریکی کوردکوژییەو لە دەرەوەش بە موشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان پەلاماری کوردستان دەدات و بەمەش ناوچەکە پتر ناسەقامگیر دەکات.
    لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا، شفا بارزانی راگەیاند ئەمریکا لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دایە و نابێ رێگابدرێ واشنتۆن کوتوپڕ لە نێوچەکە بکشێتەوە بەم هەنگاوە بەرەی تیرۆرو تاریکی دەتوانێ کارەسات بخولقێنێ و لەم بارەوە داوای کرد کەنەدا لەگەڵ هاوپەیمانەکان باشتر تاوتوێی ئەم مەترسیانە بکەن.
    لە بەشێکی دیکەیڤدیدارەژەدا، ئەندامانی پەرلەمانی کەنەدا، وێرای بەرز نرخاندی وتارەکەی شفا بارزانی، هاوکات کۆمەڵێک دیدو بۆچوونیان سەبارەت بە بەهێزکردنی پێگەی کوردستان هێنایە ئاراوەو لەم بارەوە لەسەر بایەخ و گرینگی ئەو کۆبوونەوانە پێداگریان کردەوە.
    لە کۆتاییدا سەرتیپ کاکەیی سەرۆکی فێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە کەنەدا، وێرای سوپاس لە ئامادەبووان و بەرزنرخاندنی وتارەکەی سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی و هەوڵەکانی زیاد ئەبوتەیف، هاوکات سوپاسی مستەر کورد نوێنەری کۆنفێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکاو کەنەدا کرد، کە لە رێخستن و سەرخستنی ئەو کۆبوونەوە پەرلەمانییەدا دەورێکی باڵای گێراوە.
    هەروەها سپاسی پشتیوانییە ماددی و مەعنەوییەکانی هاشم سندی و محەمەد مزووری کرد کە خۆبەخشانە بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوە تێکۆشاون.

    باز میدیا
    ئۆتاوا – کەنەدا

  • سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ محەمەد بن ڕاشد کۆبووەوە

    سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ محەمەد بن ڕاشد کۆبووەوە

    سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ محەمەد بن ڕاشد کۆبووەوە

    ئەمڕۆ چوارشەممە 2/14 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە شاری دوبەی, لەگەڵ شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی كۆبووەوە.
    لە کۆبوونەوەکەدا کە شێخ حەمدان بن محەمەد بن ڕاشد جێنشینی دوبەی و مەکتووم بن محەمەد بن ڕاشد جێگری یەکەمی حاکمی دوبەی و ژمارەیەکی دیکەی لە بەرپرسانی باڵای ئیمارات ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرا.
    سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد .
    شێخ محەمەد بن راشد ، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەربڕی.

  • سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت دەكات 

    سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت دەكات 

    سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت دەكات

    ڕۆژی چوارشەممە 14ی شوباتی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز دەیڤید برگەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت و شاندێكی یاوەری كرد.

    لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە ئاڵوگۆڕ كرا.

    هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە بارودۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەو دەستوورە بن كە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بپارێزرێن. ناشبێ بەشێوەیەكی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی یاسادانانی هەرێم بكرێت. هەروەك لە دەستووریشدا بەڕوونی هاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساكانی هەرێم و یاساكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەبوو ئەوە ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێم دەبێت.

    لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە پێویستە هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێن و نابێ بە بیانووی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕێوشوێنەكانی وەربدرێت و نابێ كۆسپی بۆ دروست بكرێت و هەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت بە بیانووی بوونی تانە یاساییەكان.

    لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە خوازیاری ئەوەن پێكهاتەی سووننە بە لێكتێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا لەسەر كاندیدێك ڕێك بكەون و هەموو لایەكیش هاوكار بن بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

    سەبارەت بە دۆخی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەم بابەتە پرسێكی نیشتیمانییە و پەیوەست نیە تەنیا بە پێكهاتەیەكی دیاریكراو و دەبێ ئەم بابەتە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە و لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەكان بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانان بگەنە ڕێككەوتن و ئەنجام. دەبێ هەموو پێكهاتەكانی عێراقیش ئەو ڕاستییە بزانن كە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەر بەرقەرارە. هەر لەبارەی ئەم پرسەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی زیاتر بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك پشتیوانی پڕۆسەی دیالۆگ و ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان بن و ئەم بابەتە ئەركی پارلەمان نییە و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی عێراق دەبێ دوور بێت لە موزایەدەی سیاسی و لێكەوتە و هاوكێشەكانی هەرێمایەتی و دەبێ بەرژەوەندی و سەقامگیری و ئاسایشی هەموو شوێن و پێكهاتەكانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.
    هەموو لایەکیش باش دەزانن ئەگەر ئەمەریکا ڕژێمی پێشووی نەڕووخاندبا و یارمەتیی عێراقییەکانی لە پڕۆسەی ئازادیی عێراق نەدابا، ئەوانەی ئێستا لە عێراق دەستەڵاتدارن هەرگیز نەیاندەتوانی حوکمی عێراق بکەن.

  • شفا بارزانی لەگەڵ رەوەندی کوردستانی لە دیترۆیت کۆبووەوە

    شفا بارزانی لەگەڵ رەوەندی کوردستانی لە دیترۆیت کۆبووەوە

    دیداری شفا بارزانی لەگەڵ رەوەندی کوردستانی لە دیترۆیت

    لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا، شفا بارزانی سەرپەرشتیكاری رەوەندی کوردستانی، لە شاری دیترۆیت؛ لە ولایەتی میشیگان، لەگەڵ رەوەندی کوردستانی کۆبوویەوە.
    لە دەسپێکی ئەو دیدارەدا ئۆمێد جاف چالاکڤان و کەسایەتی دیاری شارەکە، بە ناوی ئامادەبووانەوە بە گەرمی بەخێرهاتنی شفا بارزانی و وەڤدی هاورێی کرد.
    دواتر شفا بارزانی سڵاوى سەرۆک بارزانی گەیاندە ئامادەبووان، هەروەها بە وردی لەسەر کارو پرۆژەکانی کۆنفێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی قسەی کرد، بەرنامەئ کار و ئامانجەکانی رێکخستن و یەکخستنی کوردستانییانی لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی شیکردەوە.
    سەرپەرشتیکاری رەوەندی کوردستانی داوای لە ئامادەبووان کرد وێرای هەوڵدان بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگای ئەمریکیدا، هاوکات پێویستە ئەوان بایەخ بە پاراستنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بدەن.

    لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی دا شفا بارزانی بە پێداگرییەوە باسی لەوە کرد چاویان لەوەیە لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە هاوکاری بکەن لە باوەڕیان بە ئاڵای کوردستان و مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان هەیە و پێشمەرگەیان وەک سیمبولی بەرخودان و پارێزگاری کوردستان قبول بێت.

    لە بڕگەی کۆتایی ئەو دیدارەدا، درگای دیالۆگ بۆ ئامادەبووان کرایەوە، پاش قسە و باسێکی تێروتەسەل بڕیاردرا ناوەندی دیترۆیتی ڕەوەندی کوردستانی دابمەزرێندرێت، ئەوە بوو لە کەشێکی دیموکراتییانەدا پێنج کوردستانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان وەک کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەند هاتنە هەڵبژاردن.

    بۆ نانی ئێوارەش بەڕێز سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی و وەفدی هاوڕێی بەیاوەری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی دیترۆیت میوانی کەسایەتی کلدانی و کوردستانی نیشتیمانپەروەر ڕەعد تلکێفی بوون.

    باز میدیا
    میشیگان – دیترۆیت
    وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

  • ئەوانەی بەشداریان لە یادکردنی شۆڕشی ئێران کردووە، گەر کەمێک کەرامەت و مەبدەئیان هەبووا بیریان نەدەچوو کە تا ئێستا کوردستان بریندارە

    ئەوانەی بەشداریان لە یادکردنی شۆڕشی ئێران کردووە، گەر کەمێک کەرامەت و مەبدەئیان هەبووا بیریان نەدەچوو کە تا ئێستا کوردستان بریندارە

    فرسەت سەید شکور :
    ئەوانەی بەشداریان لە یادکردنی شۆڕشی ئێران کردووە، گەر کەمێک کەرامەت و مەبدەئیان هەبووا بیریان نەدەچوو کە تا ئێستا کوردستان بریندارە

    لە چل و پێنجەمین ساڵیادی شۆڕشی ئێراندا هەندێک بە ناو کورد، بەشداریان لە ساڵیادەکە کردووە، بەبێ ئەوەی ئەو ڕووداوەیان بیرمابێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە <مووشەک>ی دوور هاوێژی جەبانانە هێرشکرایە سەر هەولێری پایتەخت، لە ئاکامدا هاوڵاتی سڤیل و تەنانەت منداڵی کەمتر لە یەک ساڵە کرانە ئامانج، لەگەڵ ئەوەی ڕووداوە شورەییەکی گەورەی بۆ دەسەڵاتی ئێران بە دوای خۆی هێنا سەڕەرای ئەوەش دەسەڵاتدارانی ئێران بێشەرمانە پێیان لە تاوانی خۆیان نەنا و بەوپەڕی شانازییەوە باسیان لە کردەوە ترسنۆکەکانیان کردووە.

    ئەگەر ئەوانەی بەشداریان لەم بۆنەیە کردووە، کەمێک کەرامەت و مەبدەئیان هەبووبا پرەنسیپی کوردایەتیان بەسەردا زاڵ دەبوو ئەوەیان بیرنەدەچوو کە کە تا ئێستا کوردستان و هەولێر هەر بریندارن بە دەستی ڕەشی داگیرکەرانی زوڵم و ستەمی ناڕەوای ئێران.

    ڕۆژانە، ڕژێمی سێدارەی ئێران ڕۆڵەکانی کورد لەسەر تۆمەتی بێبنەما لەسێدارە دەدات و ئازاریان دەدات، بۆیە ئەوەی کەمێک هەست و سۆزی نەتەوایەتی هەبێت، تێدەگات لەوەی شەهیدکردنی هاووڵاتیانی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان چەند پڕ ئازار و ناسۆر و ئێشە، بەڵام وا دیارە ئەوانەی بە پێکەنین و خۆ بچووکردنەوەیان ڕۆژانە لە خزمەت سیاسەتی خۆسەپێنی کۆماری ئێراندان ئەوەیان بیرچووەتەوە کە زۆرێک لە خۆفرۆشەکانی زەمانی پێشووتر زۆریان بۆ نەیاران و داگیرکەران کرد بەڵان ناویان بەو پەڕی شەرمەزارییەوە دەهێنرێت، هاوسۆز بوون و نۆکەرایەتی بۆ دەسەڵاتێک کە بە ئاشکرا دژایەتی دۆزی ڕەوای گەلێک دەکات، خۆفرۆشییە بە مانای وشە.

  • وتاری مەسرور بارزانی له‌ لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان 

    وتاری مەسرور بارزانی له‌ لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان 

    مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان لە دوبەی وتارێک پێشکەشی سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەکات.

    دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەت:

    بەڕێز شێخ محەممەد بن زاید

    بەڕێز شێخ محەممەد بن راشید ئال مەکتوم

    بەڕێزان.. رێکخەرانی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان

    میوانانی هێژا… رۆژی هەمووتان باش

    خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە دەستپێکی ئەم کۆبوونەوەیەی بیرمەندان و سەرکردە جیهانییەکاندا قسەتان بۆ دەکەم. ئەم ئیڤێنتە هاوبیران کۆدەکاتەوە؛ ئەو کەسانەی پابەندن بە باشترکردنی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی، بە رێکخستن و کۆکردنەوەی باشترینەکان دەتوانین وەک بڕیاربەدەست پێشکەشیان بکەین. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان، لە دۆزینەوەی ئاسۆ و رێگەی نوێ بۆ ئەوەی توانای خۆمان تاقی بکەینەوە و باشتر بین. ئەمەش ئاڵنگارییەکە و پێویستە هەموومان لەبەرچاوی بگرین.

    من ئەمڕۆ وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق قسەتان بۆ دەکەم. ئەو هەرێمەی بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو توانیویەتی لەناو پاشماوەکانی عێراقی پێشوو خۆی یەکبخاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، من وەک کەسێک قسەتان بۆ دەکەم کە شانبەشانی ئەو خاوەن بڕیارەی ناوچە خۆشەویستەکەمان وەستاوم، پێکەوە رووبەڕووی زۆرێک لە ئاڵنگاری هاوبەش بووینەتەوە.

    هەموومان بە شێوەیەک لە شێوەکان لەسەر ژیانکردن لە سایەی هەڵچوون و گرژییەکان و زۆرێک لەو قەیرانانە راهاتووین، کە بەلایەنی کەم بەدرێژایی چەند دەیەی رابردوو پێویستییان بە ئیدارەدانێکی حەکیمانە هەبووە.

    جەنگ، یاخیبوون، سەختییەکان و نەبوونی سەقامگیری ئابووری، بەداخەوە بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەمان، ناکرێت نکۆڵی لەو تێچووە بکەین کە لە ئاکامی ئەو ئالنگارییانە لەسەر ئاستی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری رووبەڕوومان بوونەتەوە.

    بەڵام لەمیانەی گفتوگۆکانم لەگەڵ خاوەن بڕیارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوە، درکم بە بوونی خواستێک بۆ رزگاربوون لە نەهامەتییە هاوبەشەکانی رابردوومان کردووە.

    لە سەرانسەری ناوچەکەمان خواست و ئیرادەیەک بۆ پێشکەوتن هەیە، درکیش بەوە کراوە، گۆڕانکاری نەک تەنیا پێویستە، بەڵکوو زەرورەتێکی حەتمیشە. گەلان چ لەسەر ئاستی تاک یانیش کۆمەڵ چاویان لە مافی خۆیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. مافی چارەی خۆنووسین پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ سرووشتی مرۆڤ، پێویستیمان بە دەستەبەرکردنی ژینگەیەکە کە هاووڵاتی بتوانێت تێیدا بە ئاسوودەیی بژیت.

    من پێم وایە لێرەدا چوار هەنگاو بۆ ئەو پێشکەوتنە هەن، کە هەموومان هەوڵی بۆ دەدەین، ئەوانیش: سەقامگیری سیاسی، ئاسایش، پێشکەوتنی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ژینگەییەکانە. ئەمانە پرسگەلێکی ئاڵۆزن، بەڵام چارەسەرکردنیشیان پێویستی بە رێبازێکی تایبەت بە هەر یەکێکیان هەیە.

    گومانی تێدا نییە ژمارەیەک بابەتی جیۆسیاسی لە ناوچەکەمان بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ خراونەتە ناو سەبەتەی کێشەکانەوە، بەڵام بۆچی پشتگوێیان دەخەین؟ هەبوونی بوێریی بۆ بڕیاردان لەکاتی بوونی کێشەدا هەنگاوی یەکەمە بەرەوە چارەسەرکردنی خودی کێشەکە.

    ئەو قەیرانەی لە فەڵەستین دەیبینین سەبارەت بە زۆرێک لە ئێمە تا ڕادەیەک جێگەی نیگەرانییە. زیانە مرۆڤایەتییەکانی زۆر گرانبەهایە لەسەر هاووڵاتییانی سڤیل و شیاوە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی غەززە پێشوی بەدوادا بێت. وێرای چارەسەرنەکردنی هۆکارە ریشەییەکانی ستەمکاری. ئەگەر بەر لە 80 ساڵ مامەڵە لەگەڵ مافە بنچینەییەکانی فەڵەستینییەکان بکرابایە، یاخود لە ماوەی ئەو دەیانەی بەدوایدا هاتن، ئەو کات دەرفەتی روودانی ئەو نەهامەتییانەی ئێستا دەیانبینین کەمتر دەبوو؛ بەڵام لەجیاتی ئەمە، پرسەکە پشتگوێخرا و ئاڵۆزتربوو، لە کاتێکدا خاوەن بەرژەوەندییەکان ئەو بۆشاییەیان وەک دەرفەت بۆ ئەجێندای خۆیان بەکارهێنا.

    دەکرێت هەمان پێناسە بۆ گەلی کوردیش بکرێت. ئێمەش داوایەکی رەوامان هەیە بۆ بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنووسین. دۆست و هاوپەیمانەکانمان دانیان بەو مافەدا ناوە، بەڵام لە هەمانکاتدا پێمان دەڵێن، زەرورەتە سیاسییەکان کۆسپ دەخەنە بەردەم هاوکارییەکانیان و رێگرن لە بەردەم دادپەروەی مێژووییدا.

    داوامان لێدەکرێت ئەم نادەدپەروەرییە قبووڵ بکەین. لەکاتێکدا ئەو نادادپەروەرییە بووەتە خۆراکێک بۆ نایەکسانی، هەژاری، گەندەڵی و ناسەقامگیریی سیاسی. بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و کۆمەڵگەکان و لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەمشێوەیە دڵسۆزری خۆیان بۆیان بنوێنن. پێویستە هەست بکەن بەشێک لە دادپەروەری سرووشتییان بەدەستهێناوە. پێویستە رێگەیان پێ بدرێت بەگوێرەی مەرجە تایبەتەکانیان نەخشەی ئاییندەی خۆیان بکێشن. نابێت هیچ کەسێک لە رێزگرتن لە مافی نەتەوەکان بترسێت، یانیش وەک حاڵەتی ئێمە لە مافی گەلان بترسێت. رێزگرتن لەو مافانە سەقامگیری بەهێز دەکات و بەرەوپێشچوون بەدی دێنێت.

    لەسەر ئاستی ئەمنی، پێویستیمان بە هەوڵی زیاترە بۆ چارەسەرکردنی ئاسایشی گشتیمان. هاوکاریی هەرێمایەتیمان بۆ شکستپێهێنانی داعش نموونەیەکە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەرگرین کە چۆن ئامانجەکانمان بەدەستدەهێنین و چۆن خاوەن عەقڵەکان دەتوانن شانبەشانی یەکتر بوەستن.

    لەگەڵ زیاتربوونی گرژییەکان لە غەززە، عێراق، سووریا و دەریای سوور، هەوڵەکان بوونەتە پێویستییەکی حەتمی تاکو پلانێکی نوێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و هەرێمایەتییەکان و جیهانی دابنرێت.

    پێویستە رووبەڕووی ئەوانە ببینەوە بە هەڕەشەکردن لە دراوسێکانیان و لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان هەوڵی جەنگ دەدەن. دەبێت بە بەرپرسیار بناسێنرێن. نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر سەرچاوەی هەڕەشەکان نەرمی بنوێنێت، تەنانەت ئەگەر ئەو هەڕەشانە لەگەڵ بەرژەوەندی تایبەتیشدا دژیەک بن.

    لەسەر ئاستی هەرێمیش بەهۆی هەڵوێستەکانمان باجێکی زۆر گران دەدەین. ئێستا ناوچەکە رووبەڕووی جۆرێکی جیاوازی قەیران بووەتەوە. دەبێت هەموو پێکەوە کار بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی بکەین. ئێمە بەبێ پاساو کراوینەتە ئامانج. دەبێت ئەم شەڕانگێزییە راگیرێت. وەک ئەوەی پێشتر وتوومە. لێرە و لە پایتەختەکانی دیکەش، کوردستان هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ کەسێک. ئێمە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیرین. ئێمە دەمانەوێت رەفتاری هەرێمایەتی لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندی هاوبەش بێت. ئێمە پێشبینی پاڵپشتی دەکەین و پێویستمان بە کاری هاوبەشە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییە مەترسیدارەکان کە دەکریت هەموو ئەوانە لەناو ببات کە بەدەستمان هێناوە.

    با ئه‌مه‌ ساتێكی مێژوویی بێت، سه‌ركرده‌كان تێیدا بتوانن له‌ رێگه‌یه‌وه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك سنوورێكی بۆ دابنێن. ئێمه‌ پێویستمان به‌ چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌ییه‌ بۆ كێشه‌ ئاشكراكان.

    ‌له‌سه‌رده‌می شەڕی داعش شانبه‌شانی هاوپه‌یمانه‌كانمان وه‌ستاینه‌وه‌. ئه‌وكات باشترین كارمان به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامدا، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان به‌ده‌ستنه‌هێنابا، ئێستا ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوی ده‌بووه‌ شوێنێكی جیاواز، ناوچه‌یه‌كی پڕ ده‌بوو له‌ تیرۆریستانی بیانی ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانویست شوێنپێی خۆیان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رساتێك بیانویستبا پشێویمان بۆ دروست بكه‌ن.

    به‌ڵام ئێمه‌ سه‌ركه‌وتین، تێكۆشانی بیست ساڵی رابردوو و به‌رخۆدانی چه‌ندین ده‌یه‌ی كورد بوونه‌ رێگه‌خۆشكه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌، ئێمه‌ وه‌ك گه‌لێك مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ خاوه‌ن سه‌روه‌ری و به‌شێكی دانه‌بڕاو بین له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

    دامەزراندنی ئابوورییمان لەسەر بناغەیەکی تۆکمە، بناغەی بنەڕەتی ئەو ده‌ستكه‌وتانه‌ بوو کە لە کوردستان بەدەستمان هێنا، گەشەسەندنی ئابوورییش لە ئاستێکی فراواندا بووه‌ بنه‌مایه‌كی زیندوو بۆ گه‌شه‌كردن و سه‌قامگیری هه‌رێمایه‌تی.

    سەرکردەکان پێویستە سەرنجیان لەسەر خۆشگوزەرانی خەڵک بێت و بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە سەرچاوە مرۆییەکان.. پراکتیزەکردنی حوکمڕانی باش زۆر گرنگە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا و کولتوورە سیاسییەکانمان، هاووڵاتیانیش مافی خۆیانە چاوەڕێی ئەوەمان لێ بکەن كه‌ گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌وپێشچوون ده‌رفه‌تی كار دروست ده‌كه‌ن و خۆراكێكیشن بۆ هیوا و ئامانج. ئه‌گه‌ر توانیمان ژینگه‌یه‌كی ئابووری و سیاسی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری و گه‌نده‌ڵی بخوڵقێنین، ئه‌وا به‌مه‌ ده‌توانین ده‌رفه‌تی بڵاوبوونه‌وه‌ی توندڕه‌ویش به‌رته‌سك بكه‌ینه‌وه‌ و پایه‌كانی سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منیش به‌ره‌وپێش ببه‌ین.

    ده‌توانم بڵێم لێره‌دا خواستێكی به‌ كۆمه‌ڵ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین ئاڵنگارییه‌كان كه‌ رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌، هه‌یه‌، ئه‌ویش گۆڕانكارییه‌ ژینگه‌ییه‌كانه‌‌، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی په‌یڕه‌وكردنی رێبازێكی نوێ و جیاوازه‌وه‌ ده‌بێت. ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی وڵاتی ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو له‌ میوانداریكردنی لوتكه‌ی كوب28 له‌ ساڵی رابردوو به‌ده‌ستیهێنا، بووه‌ هۆی پێدانی به‌ڵێنێك بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌تیسبوونی گه‌رمی جیهانی، به‌ر له‌وه‌ی وێرانكارییه‌‌كه‌ی بۆ هه‌میشه‌ باڵی به‌سه‌ر هه‌ساره‌كه‌ماندا بكێشێت.

    ئەو ئاڵنگارییەی ئه‌مڕۆ لەبەردەمماندایه‌ پێویستی بە بڕیاری بوێرانەیە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە و وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە. ده‌وڵه‌تی ئیمارات پێشەنگێکی جیهانییە لە به‌كارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێدا. دوبەی و هەولێر هەردووکیان لە ناوەندی هەسارەیەکی گەرمبوودان، ئێمه‌ بە تەواوی ئاگاداری مەترسییەکانی پشتگوێخستنی راستییەکی کارەساتبارین.

    زۆرێک لەو پابه‌ندییانه‌ی تاوەکو ئێستا نراون، دژی بەرژەوەندییە ئابوورییە کورتخایەنەکانن. ئەو پابەندیی و بەڵێنانەی دراون بۆ پاراستنی نەوەکانی داهاتوو بوون. گومان له‌وه‌دانییه‌ گواستنەوە و گەیشتن بە سەرچاوەی وزەی خاوێن لەوانەیە لە ماوەیەکی کورتدا تێچووی زیاتر بێت. بەڵام پاشەکەوتی درێژخایەنی بۆ هەموومان بێ هاوتایە. ئێمە له‌م رووه‌وه‌ پێویستیمان به‌ بوێریی، راستگۆیی و دانایی هه‌یه‌ بۆ ئەوەی بڕیارێکی وه‌ها قورس بدەین. ئەگەر لە ئەنجامدانی ئەو بڕیاره‌ شکست بهێنین، ئه‌وا ئه‌م بەشەی جیهان دەبێتە کوورەیەک لە ژیانمان و به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێكی فراوانی زه‌وی بۆ ژیان شیاو نابن، سەرچاوەکانی ئاو وشک دەبن و ئاسایشی خۆراک رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێتەوە. لەوانەیە بە بیابانبوون، کۆچکردنی بەکۆمەڵ و داڕمانی ئابووری بەدوای خۆیدا بهێنێت.

    دواتر کۆچی ناوخۆیی، کۆچی نێودەوڵەتی و گۆڕانی دیمۆگرافی دەبینین. کێبڕکێ له‌سه‌ر سەرچاوە بچووكه‌كان، گه‌لان رووبه‌ڕووی ناكۆكی ده‌كاته‌وه‌، ئەمەش واده‌كات کێشەیەکی نێودەوڵەتی فرە رەهەند دروست بێت.

    هەموو وڵاتێک دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئه‌و کێشە ئابووری، سیاسی، کلتووری و ئەمنیانه‌دا بکات كه‌ دەبنە هۆی کۆچی بەکۆمەڵ.. ئێستا سەرکردایەتی بۆ مەبەست و ئامانجێکی دیاریکراو لە هەموو کاتێک پێویستترە. ئێمە ئێستا لەنێوان بڕیاربەدەستانی جیهان و نەوەکانی داهاتوودا دەبێت سەرکردە باوەڕپێکراوەکان خەڵات بکەین و زیاتر هانیان بدەین. پێویستە بە روونی ئەوانەی لەگەڵ پێشکەوتن و مۆدێرنییەتدان، جیایان بکەینەوە لەوانەی دەیانەوێت بمانوەستێنن و بمانگەڕێننەوە دواوه‌.

    خانمان و بەڕێزان….

    ئێمە دەتوانین ویستەکانمان کۆبکەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانەی ده‌بنه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌مماندا. هەمیشە ئاسان نییە وەک سەرکردەکان سەیری دواڕۆژ بکەین. بەڵام به‌رپرسیارێتیمان ئه‌وه‌یه‌ دەبێت بیکەین. ئێمە قەرزاری ئەوانەین كه‌ متمانه‌یان پێداوین.
    زۆر سوپاسی هەمووتان دەکەم کە ئەمڕۆ لێرە بوون، هیوادارم ئەم کۆنفرانسە ببێتە سەکۆیەک بۆ بیرۆکە گەورەکان و نموونە راستەقینەکانی سەرکردایەتیكردن.
    زۆر سوپاس