وەرگێڕانی: دیار عەزیز
الشرق الاوسط: كەی ئاگادار كرانەوە كە ئەمریكا ئامادەكاری بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن دەكات؟
سەرۆك بارزانی: لە نیسانی ٢٠٠٢ شاندێك لە واشنتۆن هات، بانگهێشتێكی فەرمییان بۆ من و كۆچكردوو مام جەلال هێنابوو تاوەكوو سەردانی واشنتۆن بكەین. ئاگاداریان كردینەوە كە پێشكەوتنێكی زۆر گەورە لە سیاسەتی ئەمریكا وەدی هاتووە، لە داهاتوودا شتی زۆر مەترسیدار روودەدەن، بەڵام راستییەكەی وردەكارییان پێ نەگوتین.
سەردانەكەمان كرد، بەڵام سەردانێكی رانەگەیەندراوبوو، ٣ تا ٤ رۆژ ماینەوە، بە فەرمی ئاگاداریان كردینەوە كە بڕیارەكە دراوە و ڕژێم لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە دەگۆڕدرێت.
الشرق الاوسط: كێ لە كۆبوونەوەكە ئامادە بوو؟
سەرۆك بارزانی: نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بەرپرسی دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، ئەوەی كە پێیان گوتین، جێگری بەڕێوەبەری CIA و پێموایە پێنتاگۆنیش، شاندێكی تێكەڵ بوو، پێیان گوتین كە بڕیارەكە دراوە و دەمانەوێ رای ئێوە وەربگرین. گوتمان ئەگەر ئێوە جددین لە ڕووخاندنی ڕژێم، بەڵام پرسیاری گرنگتر ئەوەیە كە پاش ڕووخاندنی ڕژێم چی؟ گوتیان بۆ ئەم بابەتە ئێمە پێویستیمان بە یارمەتیی ئێوەیە، چ ئامۆژگارییەكمان دەكەن؟ لە راستیدا راوێژمان بە یەكتر كرد، من و كۆچكردوو مام جەلال و ئەو شاندەی لەگەڵماندا بوون، تێبینیی ئەوەمان كرد كە ئەوان ڕژێم دەڕووخێنن جا ئەگەر ئێمە ڕازی بین یان ڕازی نەبین، ئەگەر بەشداریمان بكردایە یان نا.
گوتیان پێمە پێویستیمان بە چەترێكی سیاسی هەیە كە دروست دەبێت لە میانی بەستنی كۆنگرەیەك بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بە هەموو گرووپەكانیەوە و بەبێ ئیستسنا، لەو كۆنگرەیەدا دەبێ بڕیار لەوە بدەین كە چ دەكەین لەپاش ڕووخاندنی ڕژێم؟ گوتیان ئەمە بیرۆكەیەكی باشە و لەگەڵ هێزەكانی دیكەش كارمان كردووە. لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٠٢ لەگەڵ گرووپەكانی دیكە راوێژمان بە یەكتر كرد، زۆرینەیان پشتیوان بوون، بەشێكیش ناڕازی بوون.
الشرق الاوسط: پاش ئەوەی لە ئەمریكا گەڕانەوە، لە هێزە هەرێمییەكان كێتان ئاگادار كردەوە لە ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوەیەتان؟
سەرۆك بارزانی: پێموایە لە ڕێگەی گەڕانەوەم، سەردانی دیمەشقم كرد و چاوم بە سەرۆك بەشار ئەسەد كەوت، پێم گوت كە بڕیارەكە دراوە و رژێم دەڕووخێندرێت، ئەو گومانی هەبوو و باوەڕی نەدەكرد. ئەسەد ناڕازی نەبوو، بەڵام گوتی ئێوە بەرژەوەندیی خۆتان باشتر دەزانن.
الشرق الاوسط: ئایا ئێران رازی بوو بەوەی ئەمریكییەكان ڕژێمی سەددام بڕووخێنن؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، ئەوان هێز و لایەنەكانی نزیك لە خۆیان هان دا.
الشرق الاوسط: كێت بینی لە تاران؟
سەرۆك بارزانی: چاوم بە شەهید محەمەد باقر ئەلحەكیم كەوت، داوام لێی كرد كە ئامۆژگاریی شاندی ئەنجوومەنی باڵا بكات تاوەكوو زیاتر واقیعی بن. چاوم بە رەفسنجانی كەوت كە ئەوكات سەرك كۆمار بوو. چاوم بە قاسم سولەیمانی كەوت، قسە لەسەر بابەتەكە نەبوو، ئەوكاتە كەسایەتییەكی دیار نەبوو وەك دواتر، دۆسیەی عێراقی بەدەستەوە بوو.
الشرق الاوسط: قاسم سولەیمانی پشتیوانی ئەوەبوو كە ئەمریكا بێتە عێراق؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، تەنانەت رەفسنجانی گوتی كە ئێمە ناتوانین بە ئاشكرا پشتیوانی ئەمە بكەن، بەڵام ڕووخاندنی سەدام بۆ ئێمە شتێكی گەورە و سەركەوتنێكی گەورەیە.
الشرق الاوسط: ئەی توركیا؟
سەرۆك بارزانی: توركیا پشتیوان بوو بەو مەرجەی رێگەی پێ بدرێت دوو فرقەی سوپای توركیا بێتە ناوەوە، فرقەیەكیان بچێتە مووسڵ و فرقەیەكی دیكەش بچێتە كەركووك.
الشرق الاوسط: لە كۆنگرەی لەندەن ڕێككەوتن لەسەر سیستەمی فیدرالی؟
سەرۆك بارزانی: رێككەوتین لەسەر ناسنامەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدرالی دیموكراسی فرەیی.
الشرق الاوسط: هەستت بە چی كرد ئەو ڕۆژەی ڕژێمی سەدام حوسێن ڕووخێندرا و سەرۆكەكەی لادرا؟
سەرۆك بارزانی: والله ئایەتێكم بیر كەوتەوە كە دەفەرموێ ( اللَّهُمَّ مَالِكَ الْمُلْكِ تُؤْتِي الْمُلْكَ مَن تَشَاءُ وَتَنزِعُ الْمُلْكَ مِمَّن تَشَاءُ وَتُعِزُّ مَن تَشَاءُ وَتُذِلُّ مَن تَشَاءُ – ال عمران – الایە ٢٦) بەبیرم هاتەوە كە ئەوكاتەی بچووك بووم، كاتێك كە شۆڕشی تەمووز ڕووی دا لە ساڵی ١٩٥٨، چووینە كۆشكی (الرحاب) سەركەوتین بۆ سەربانی كۆشكەكە، دەستەواژەیەكم خوێندەوە كە لەسەر تانكیی ئاو نووسرابوو، كەسێك لەسەری نووسیبوو: كوفر بەردەوام دەبێت، زوڵم بەردەوام نابێت، ئەو دەستەواژەیە تاوەكوو ئێستاش ئەو ڕستەیەم وەبیرم ماوە.
الشرق الاوسط: لە ساڵی ١٩٥٨ چوویتە كۆشكی (الرحاب)؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ پاش شۆڕش،
الشرق الاوسط: پاش ئەو كوشتارگەیەی ڕووی دا؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ پاش كوشتارگەكە.
الشرق الاوسط: لەگەڵ ئەمریكییەكان لەسەر چی ڕێككەوتن لە پێناو ڕۆژی دوای ڕووخانی ڕژێم؟
سەرۆك بارزانی: كۆنگرەی لەندەن بە ڕێككەوتن بوو، هاتنی حاكمی مەدەنی (گارنەر) بۆ یارمەتیدانی ئۆپۆزسیۆن بوو بە مەبەستی پێكهێنانی حكوومەتێكی كاتی، بەڵام پاشان برێمەر بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە هات، ژمارەی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشم لەبیر نییە، بەڵام لە ئازادكردنەوە گۆڕدرا بۆ داگیركردن، ئەمەش ئەمەش هەموو شتەكانی گۆڕی.
الشرق الاوسط: دیارترین هەڵەی ئەمریكییەكان چی بوو لە بابەتی هاتنیان بۆ عێراق؟
سەرۆك بارزانی: گەورەترین هەڵەیان خۆگۆڕینیان بوو بۆ داگیركەر.
الشرق الاوسط: پاش دوو دەیە، ئایا هیچ تەفسیرێكت بۆ بڕیارەكەی پۆل برێمەر هەیە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق؟
سەرۆك بارزانی: وەك بڕیاری لەسێدارەدان بوو بۆ كەسێكی مردوو، سوپا بە كردەیی هەڵوەشابووەوە، سوپا نەمابوو، پاش هەڵوەشانەوەی ڕژێم لە ڕۆژی نۆی نیسان، سوپا داڕما، نە سەربازگە و نە سەركردایەتی و نە پلەبەندی نەمان، هەموو پێكهاتەكانی داڕمان، سوپا بە تەواوی لەبەریەك هەڵوەشایەوە، بۆیە بڕیارەكە وەك ئەوە بوو تۆ بڕیاری لەسێدارەدان بۆ كەسێكی مردوو دەربكەیت.
الشرق الاوسط: كێ بوونی سەربازیی ئەمریكی تووشی داهێزران كرد؟ بەرەی مقاوەمە، ئێران یان سووریا؟
سەرۆك بارزانی: هەموویان بەشدارییان كرد لە داهێزرانی سوپای ئەمریكا، ئێران و سووریا و تیرۆر و مقاوەمەش جا هەر شتێكی ناو لێ دەنێیت، هەموویان بەشدار بوون.
الشرق الاوسط: رژێمی سووریا دەترسا لەوەی ئامانجی دواتر بێت؟
سەرۆك بارزانی: راستەوخۆ پاش ڕووخانی ڕژێم، ئێرانییەكان و سوورییەكان تا ئەوپەڕی دەترسان، لەوەیان دەپێچایەوە كە كامیان لە پلەی یەكەمدا ئامانجە پاش ڕژێمی بەعس، ئایا ئێران ژمارە یەكە یان سووریا؟
الشرق الاوسط: كەی دوایین جار بوو چاوت بە سەدام حوسێن كەوت؟
سەرۆك بارزانی: رەنگە لە ١٩٩٦.
الشرق الاوسط: چاوپێكەوتنەكە چۆن بوو؟
سەرۆك بارزانی: چاوپێكەوتنێكی باش بوو.
الشرق الاوسط: ئەوكات عێراق گەمارۆ درابوو؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ.
الشرق الاوسط: ئەو كاتەی هێرشتان كردە سەر هەولێر و داوای یارمەتیتان لە سەدام كرد، چ ساڵێك بوو؟
سەرۆك بارزانی: لە ١٩٩٦ بوو.
الشرق الاوسط: پاش ئەوەی داوای یارمەتیتان لێی كرد، سەردانت كرد؟ یارمەتی پێشكەش كردن؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ. یارمەتیی پێشكەش كردین. هەڵبەت یارمەتییەكانی پاش دەستێوەردانی ئێران هات، سەرەتا ئێرانییەكان هاتنە ناوەوە، ئەوەش وەڵامێك بوو بۆ دەستێوەردانی ئێران.
الشرق الاوسط: ئایا سەدامت لە بەندیخانە نەبینی؟ هەوڵت نەدا چاوت پێی بكەوێت؟
سەرۆك بارزانی: نەمبینی و هەوڵیشم نەدا، نەمویست لە بەندیخانە بیبینم.
الشرق الاوسط: دڵخۆش نەبووی بەو دۆخەی سەدام كە دوژمنێكی كۆن بوو؟
سەرۆك بارزانی: دڵخۆشبوونی بەم جۆرە لە سیفەتی پیاواندا نییە هەرگیز، نە ئێمە دەستگیرمان كرد و نە ئێمەش ڕووخاندمان، ئەمریكییەكان هاتن و رووخاندییان، دڵخۆشبوونی لەم جۆرە سیفەتێكی پاك نییە.