هاوپۆل: Uncategorized

  • سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە هەردوو حزبی شیوعی کوردستان و عێراق دەکات

    سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە هەردوو حزبی شیوعی کوردستان و عێراق دەکات

    ئەمڕۆ هەینی ٣١ ی ئادار، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعی کوردستان و عێراق ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە هەردوو حزب کرد، کە ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

    بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی کوردستان وعێراق ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و کۆمیتەی ناوەندی و سەرجەم ئەندام ولایەنگرانی حزبی شیوعیی کوردستان و عێراق دەکەم و هیوای سەرکەوتنيان بۆ دەخوازم.
    هەردوو حزبی شیوعیی کوردستان وعێراق، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە بزاڤی سیاسیی عێراق و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا گێڕاوە و قوربانییەکی زۆریان داوە . ئومێدەوارم لە خەبات و تێکۆشانیاندا بەردەوام بن لە پێناو بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پەرەپێدانی کولتووری دیموکراسی و فرەلایەنی و ئازادی لە عێراقدا.

    مەسرور بارزانی
    سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
    ٣١/٣/٢٠٢٣

  • لەوەتەی هەیە هەر قسەی پارتی سەردەکەوێت

    لەوەتەی هەیە هەر قسەی پارتی سەردەکەوێت

    هەر هەندێک شتی دیار ناچمە ناو وردەکاریەکانی دیکە هەر ئەوانەی زۆر زەقن و دیارن

    ساڵی ٢٠١٤ گوتتان پەرلەمان یاسای سەرۆکایەتی هەمواردەکاتەوە پارتی گوتی ناهێڵم، نەیهێشت
    ساڵی ٢٠١٥ گوتتان پەرلەمان لە سلێمانی کۆدەبیتەوە چونکە لەهەولێر داخراوە، پارتی گوتی ناهێڵم نەیهێشت
    ٢٠١٧ گوتتان ناهێڵێن ریفراندۆم بکات پارتی گوتی دەیکەم، کردی
    ٢٠١٧ گوتتان پارێزگاری کەرکوک دادەنێین پارتی گوتی ناهێڵم، نەیهێشت
    ٢٠١٨ گوتتان ناهێڵین سندوق لەو دیووی دێگەلە دابنرێت پارتی گوتی دادەنێم داینا
    هەمان ساڵ گوتتان ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسند ناکەین پارتی گوتی پەسەندی دەکەن کردتان
    ٢٠١٨ گوتتان لە وەزیری ناوخۆ و سامانە سروشتیەکان یەکمان نەدەنێ بەشداری حکومەت ناکەین، پارتی گوتی هەردووکی هی خۆمە هەر واشبوو
    ٢٠١٩ گوتتان سیستەمی لای مەرکەزی دەبێت جێبەجێبکرێت، پارتی گوتی ناهێڵم، نەیهێشت
    ٢٠١٩ گوتتان هەرێمی سلێمانی و هەڵەبجە رادەگەینین پارتی گوتی ناهێڵم، نەیهێشت
    ٢٠٢٠ پارتی گوتی هاوسەرۆکایەتیم قبوڵ نیە مامەڵەی لەگەڵ ناکەین، گوتتان کەیفی خۆتە هاوسەرۆکایەتی بە تەکتیکێک ئاوا لێکرد
    ٢٠٢١ گوتتان لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکەین و ناگەرێینەوە هەولێر پارتی گوتی ناهێڵم، نەیهێشت
    ٢٠٢٢ گوتتان حکومەت فەشەلی هێناو و هەڵیدەوەشێنینەوە پارتی گوتی ناهێڵم نەیهێشت
    ٢٠٢٣ گوتتان ناهێڵێن هەڵبژاردن بکرێت ئەمساڵ، پارتی گوتی دەکرێت ، ئەوە رۆژەکەی لۆدیاریکردن

    ئەوەندە خەڵکی خۆتان مەشکێنن سیاسەتتان پێناکرێت وازبهێنن

  • مەرجێکی تری یەکێتی بۆ گەرانەوەیان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرابوو

    مەرجێکی تری یەکێتی بۆ گەرانەوەیان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرابوو

    مەرجێکی تری یەکێتی بۆ گەرانەوەیان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرابوو

    -داخستنی کەیسی تیرۆرکردنی ھاوکار جاف.

    -دواخستنی ھەڵبژاردنەکان و ھەڵبژاردن لەمساڵ ئەنجام نەدرێت.

  • باشترین سوودەکانی ژەمی پارشێو

    باشترین سوودەکانی ژەمی پارشێو

    – بەپێی لێکۆڵینەوەکان باشترە کاتژمێرێك پێش بانگی بەیانی خواردنی پارشێو بخورێت بۆئەوەی تاوەکو کاتی بانگ گەدە خواردنەکە هەرس بکات و گەدە قورس نەبێت و خەوت لێبکەوێت.

    – وزە بە جەستەت دەدات و وای لێدەکات بتوانیت لە ڕۆژەکە کارەکانت بەباشی ئەنجامبدەیت و بێتاقەت و بێ هێز نەبیت.

    – ئەگەری تووشبوون بە سەرئێشە کەمدەکاتەوە.

    – لەکاتی بەڕۆژووبووندا ئاستی شەکری خوێن کەمدەکاتەوە.

    – رێگە لە تووشبوون بە برسییەتی و تینوێتی ئەگرێت.

  • ھەڵوێست و قسەکانی مایکل رۆبن لەبلقێکی سەرئاو و بانگەشەیەکی پوچەڵ زیاتر ھیچی تر نیە.

    ھەڵوێست و قسەکانی مایکل رۆبن لەبلقێکی سەرئاو و بانگەشەیەکی پوچەڵ زیاتر ھیچی تر نیە.

    نیاز حاجی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت:

    ئەو حکومەتەی کە ساڵانێکە لەنێوان پەلامارو ھێرش و تەماعی چەندین ئەژدیھا ماوەتەوەو بەرگری لەمانەوەی خۆی دەکا، ئاساییە ھاورەگەزبازێکی وەک مایکل رۆبن و ئەمسالەکانی بەکارتۆنی ناوی ببەن!

    ئەگەر ھەرێمیش مل بۆ ھاورەگەزبازی و ئاڵای ھاورەگەزبازی کەچ بکات، ئەوان بەکارتۆنی ناوی نابەن بۆیە پێیان دەڵێین ئەو خەونەتان لەگەڵ خۆتان دەبەنە ناو گڵ ھاو شێوەی ئەوانەی کە چەندین خەوی زراویان لەگەڵ خۆیان بردە ناو گڵ.

    دەست لەپشتدەری راپۆرتەکەی فۆرین پەلەسی کە مایکل رۆبنە، لەسەر ھاورەگەزبازی لەزانکۆی صەلاحەدین دەرکراو لە زانکۆکانی سلێمانی گیرسایەوە، ئاساییە ھەڵوێستی دوژمنکارانە بەرامبەر حکومەتی ھەرێم بنوێنێت، ھەڵوێست و قسەکانیشی لەبلقێکی سەرئاو و بانگەشەیەکی پوچوڵ زیاتر ھیچی تر نیە.

    ئەو ھەرێمەی کە پێشتر چقلی چاوی چەندین ناحەزو نەیاو و دوژمن بووە، ئێستاش بەھەمان شێوە چقلی چاوی بانگەشەکارانی ھاورەگەزخوازانیش دەبێ.

  • ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

    ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

    حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا ، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت وگاز ، هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا ، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن .
    بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لە گەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدرال ، لە دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی فیدرالیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە.
    بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەکانمان لە گەل حکومەتی بەغدا.
    لەم چوارچێوەیەدا ، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار.
    لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێم وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەکانی لە گەل بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەرەتی و یاسایی و دەستووری.

    وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی
    حکومەتی هەرێمی کوردستان
    ٢٥/٣/٢٠٢٣

  • خراپترین جۆرەکانی خۆراک بۆ پارشێو

    خراپترین جۆرەکانی خۆراک بۆ پارشێو

    خراپترین جۆرەکانی خۆراک بۆ پارشێو ئەمانەن:

    ۱ ـ برنج و شله‌.

    ۲ ـ خواردنی سوورکراوە.

    ۳ ـ شیرینی و چه‌وری.

    ٤ـ فاست فوود.

    ٥ ـ شه‌ربه‌تی گیراوە و شه‌ربه‌تی فرێش و خواردنه‌وە گازیه‌کان.

    ٦ ـ خۆراکی سوێر و پڕ به‌هارات و ترشیات و سوێرکراو.

  • نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەداتەوە

    نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەداتەوە

    رۆژی ٢١/٣/٢٠٢٣ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە لە چەند بەشێکیدا باس لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەکات.

    نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان وەڵامی بەشێک لەو تێبینی و سەرنجانە دەداتەوە کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.

    بە داخەوە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زؤر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی و ناواقيعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەکات و دووڕوویی و ئیزدواجیەتی تێدایە و وەکو پێویست، ئاماژە بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم ناکات بەتایبەتی لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، کە بە تەحەدایەکی گەورە دادەنرێت لەسەر هەرێمی کوردستان.

    سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، ئاشكرایە کە لە هەرێمی کوردستان ئەوپەڕی ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن هەیە و سەدان دەزگای ڕاگەیاندنی جۆراوجۆی ڕاگەیاندن هەن کە بە ئازادی کاری خۆیان دەکەن و زۆربەشیان رەخنەگری دەسەڵاتن و یاسا و رێنمایی و میکانیزمەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن، ڕوون و ئاشکران بەڵام راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشت بە چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی و دەزگای میدیایی دەبەستێت کە هەڵوێستەکانیان سیاسین و خۆیان دژی ئەم دەسەڵاتەن و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسین و دەیانەوێ بۆ مەرام و ئامانجی سیاسی خۆیان ڕاستییەکان بشوێنن.

    سەبارەت بە کەیسی ژمارەیەک لە گیراوان کە ئاماژەیان پێکراوە، لێرەدا پێویستە ئەوە روون بکرێتەوە ئەم کەیسە یاساییانە هەرچەندە پەیوەندییان بە تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەبووه، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پڕۆسەی دادگایی کردنیان بە ئاشکرا و شەفافانە بەڕێوەچووە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکان و پەرلەمانتاران، بێ ئەوەی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە هەوڵەکان بکات بە مەبەستی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ئەمن سەقامگیری هاووڵاتیان.

    لە لایەکی ترەوە، حکومەتی هەرێم ساڵانە زانیاری و داتای ورد پێشکەش بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات لە رێگای کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر، بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ زانیاریمان پێشکەش کردووە، بەڵام ديارە بەمەبەست ئاماژەیان پێنەکراوە و وەکو پێویست پشتیان بە زانیاریەکانی حکومەتی هەرێم نەبەستووە بۆ ئەوەی راپۆرتەکە زیاتر شەفاف و بێلایەن بێت و هەڵوێستی لایەنی بەرامبەریش وەربگرن نەک تەنیا تاکلایەنە و بە ئارەزووی خۆیان شت بنووسن.

    حکومەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، سیاسەت و رێوشوێنی تایبەت بە خۆی دەگرێتە بەر بەڵام لە راپۆرتەکەدا ئەم بابەتەی بە هەند وەرنەگیراوە. لە هەمانکاتدا بە پێوەری جیاواز مامەڵە دەکات وەک ئەو کردەوە تیرۆریستییەی کە لە ساڵی ڕابردوو لە هەولێری پایتەختی هەرێم روویدا و بووە هۆی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف، کەچی بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکی لەگەڵ تۆمەتباری سەرەکی تیرۆرکردنەکە کۆدەبنەوە و وێنە دەگرن.

    مایەی نیگەرانییە کە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ چەند کەس، گرووپی میدیایی و ژمارەیەک لە بەناو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات و پاڵپشتی داراییان دەکات کە ئەجێندای سیاسییان لە پشتە و تەنانەت زۆریشیان مۆڵەتی یاسایی کارکردنی نییە،

    سەبارت بە پرسی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی گشتگیری داڕشتووە لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) كه له ڕۆژی ١٥/٩/٢٠٢٢ پەسەند کرا، پلانەکە لە (٢٧) بەش پێکهاتووە ئامانجی بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.

    بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت لە نێو هێزەکانی پێشمەرگە لیژنەیەکی پزیشکیی تایبەت پێکهێنراوە و پشکنینی بۆ (٩٥٧٨) خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجامداوە، بەپێی بڕیاری لیژنەکە (٤٦٦٤) خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێژەی پێویستیان هێناوە.

    بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی (٤٠٠٠) ئەفسەر و کارمەندی پێشمەرگە لە هەردوو ڕەگەز سوودمەند بوونە لە بابەتەکانی مافی مرۆڤ و جێندەر و پاراستنی خەڵکی سڤیل، زیاتر لە (٥٠٠٠) نامیلکەی ڕێساکانی هەڵسوکەوتی پێشمەرگە بە ناوی (پێشمەرگە جەنگاوەرە، بکوژ نییە) چاپکراوە.

    سەبارەت بە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خراوەتە سەر، دووپاتی دەکەینەوە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سەرپەرشتی دەکرێن کە دامەزراوەیەکی حکومەتی هەرێمە و بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و ئەرک و بەپرسیاریەتییەکانی لەسەر بنەمای لامەرکەزی بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشکراوە هاوکات پابەندە بە چەسپاندنی سیاسەتێکی ئەمنی یەکگرتوو.

    دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی سەربەخۆیە و حکومەتی هەرێم ڕێز لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەگرێت و پابەندە بە سیستمێکی یەکگرتووی هاوسەنگ و دەست ناخاتە نێو ڕێوشوێنە دادوەرییەکان. هەروەها هەوڵ دەدات پڕۆسەی دادوەری، دادپەروەرانە و شەفاف و لێپرسراوانە بێت بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان.

    پێویستە ئاماژە بەوە بکەین بە مەبەستی نەهێشتنی گەندەڵی، حکومەتی هەرێم لە چاکسازییە هەمەلایەن و گشتگیرییەکانی بەردەوامە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی. بۆ نموونە وەزارەتی دارایی و ئابووری (٤٣) ڕێنمایی و (٣٠) گشتاندنی لەمبارەیەوە دەرکردووە.
    لە ساڵی ٢٠٢٢ لە پارێزگای دهۆک (١٤٤)ی گەندەڵی کەیس ئیحالەی دادگا کراوە. لە پارێزگای هەولێر تا ئێستا (٢٥) کەیس ئیحالەی دادگا کراوە. لە پارێزگای سلێمانی تا ئێستا (٦٩) کەیس ئیحالەی دادگا کراوە. دووپاتی دەکەینەوە دەستەی دەستپاکی بەردەوامبووە لە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١ دا (٤٩٣) بڕیاری دادوەری (ئامادەبوون و دەستگیرکردن) دەرچووە کە(٣٣٧) یان جێبەجێکراوە، هاوکات (٤٠٤) کەس بە گەندەڵی تۆمەتبارکراون کە بەڕێوەبەری گشتی، خاوەن کۆمپانیا و بازرگان لەخۆدەگرن. بەدەر لەمانەش (١٠٢) کەیس لە دادگا یەکلاییکراونەتەوە و (٤٦) کەس حوکمدراون.

    لە پاڵ یاسای چاکسازیی کابینەی نۆیەم بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، پڕۆژەی ستراتیجی نیشتمانی دەستەی دەستپاکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان (٢٠٢١-٢٠٢٥)ی پەسەند کردووە کە رووبەڕووبوونەوەی گەندەلی دابەشی سێ بەش کراوە، لەوانە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و کەرتی تایبەت و میدیا و لایەنە سیاسییەکان. بۆ جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژیەتە، سوود لە توانای دەرەکیش وەردەگیرێت، وەکو بانکی نێودەوڵەتی و زۆر لایەنی دەرەکیش ئامادەیی خۆیان نیشان داوە ھاوکار بن.

    جەخت لەوە دەکەینەوە، حکومەتی هەرێم لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ پابەند بوونی بە بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتییەکان و ئازادییە بنەڕەتیەکان، هەنگاوەکانیش بە ئاڕاستەی پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن ۆ پێکەوەژیانە لە نێوان هەموو پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستان. ئەویش بە جێبەجێکردنی چەندین ڕێوشوێن کە ئامانجیان بەهێزکردنی سەروەری یاسا و دڵنیابوونە لەوەی کە هەموو هاوڵاتیان بە یەکسانی و بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

    حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ دەستەبەر کردن و وەرگرتنی ڕاهێنان و پاڵپشتی لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەسەر بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.

    جەخت لەوە دەکەینەوە حکومەتی هەرێم پابەندە بە بەرەوپێشبردنی بنەما دیموکراسیەکانی وەک ئازادییەکان، شەفافیەت، یەکسانی جێندەری و پێکەوەژیان. ئەم بەهایانە وایکردووە هەرێم گەشەسەندنێکی بەرچاوی کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها حکومەت یارمەتیدەر بووە بۆ فەراهەم کردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ ئەوەی هاووڵاتیان تێیدا سەروەربن.

    پێویستە ئاماژە بەوە بکەین حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی کارا گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درێژەپێداوە و پابەندە بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لەسەر سیاسەتی بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و گەشەسەندنی ئابووری بەردەوامە.

    لە ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی تێروتەسەلی راپورتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەدەینەوە.

    نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم
    ٢٣/٣/٢٠٢٣

  • سەرۆک بارزانی له‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی بی بی سی، تیشكی خسته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی هه‌ستیار

    سەرۆک بارزانی له‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی بی بی سی، تیشكی خسته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی هه‌ستیار

    سەرۆک بارزانی له‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی بی بی سی، تیشكی خسته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی هه‌ستیار هه‌ر له‌ هۆكارەكانی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی مه‌زهه‌بی دوای رووخانی رژێمی عێراق له‌ ساڵی ٢٠٠٣ و جه‌ختكردنه‌وە له‌سه‌ر ناسنامه‌ی شاری كه‌ركووك و چه‌ند پرسێكی دیكه‌. كه‌ تیایدا جەختی له‌ ناسنامەی شاری کەرکووک كردەوە و رایگەیاند، ئەوەی ئێستا روودەدات کاتییە و هیچ هێزێک لە جیهان ناتوانێت، ناسنامەی راستەقینەی کەرکووک بگۆڕێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئەو هەڵوێستەی دژ بە هەوڵەکانی شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد نیشانیاندا به‌درێژایی ته‌مه‌ن لێی په‌شیمان نابنه‌وە.
    سه‌رەتا فیراس گه‌یلانی پێشكه‌شكار و په‌یامنێری ناسراوی كه‌ناڵی بی بی سی دەپرسێت:
    به‌رێزتان له‌ پێشینه‌ی ئه‌و سه‌رۆكانه‌ بوون كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی ٢٠٠٢ پێتان راگه‌یه‌ندرا و دركتان به‌ جددییه‌تی بڕیاری كۆشكی سپی كرد به‌ هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر عێراق دوای سه‌ردانێكی نهێنی به‌ڕێزتان بۆ واشنتۆن، دوای ئه‌و ساته‌وەخته‌ چۆن ئامادەكاری كرا بۆ خۆ گونجاندنتان له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ نوێیه‌ و چۆن خۆتان بۆی ئامادە كرد؟
    ‌ سه‌رۆك بارزانی گوتی: “له‌ مانگی نیسانی ٢٠٠٢ من و جه‌نابی مام جه‌لال بانگهێشنامه‌یه‌كمان له‌ واشنتۆنه‌وە پێگه‌یشت و به‌ سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یه‌ندراو چووینه‌ واشنتۆن، له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌دا بۆمان دووپاتكرایه‌وە كه‌ بڕیاری رووخاندنی رژێمی عێراق دراوە، جا‌ ئێمه‌ تیایدا به‌شداربین یاخود نا، بۆمان پێشنیار كرا كه‌ تێبینی پێویست بدەین، ئێمه‌ش بۆمان پێشنیاركردن كه‌وا كۆبوونه‌وەی لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی عێراق بكرێت و ئه‌و بۆشاییه‌ش پڕبكرێته‌وە كه‌وا دوای رووخانی رژێم دروست دەبێت. ئه‌و پێشنیارەی ئێمه‌ رەزامه‌ندی له‌سه‌ر درا. له‌كاتی گه‌ڕانه‌وەمان له‌ له‌ندەن پێشنیارەكه‌مان گه‌یاندە لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و رێككه‌وتن كرا له‌سه‌ر به‌ستنی كۆنگرەی له‌ندەن بۆ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی عێراق له‌ دیسێمبه‌ری ساڵی ٢٠٠٢”.
    پێش ئه‌وەی له‌سه‌ر بابه‌تی كۆنگرەی له‌ندەن بووەستین، به‌ر له‌و كاته‌ له‌سه‌ر رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وەت له‌ واشنتۆن، بۆچی سه‌ردانی دیمه‌شقت كرد؟
    سه‌رۆك بارزانی دەڵێت: “پێویست بوو له‌و كاته‌دا چاومان به‌ دۆسته‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانمان بكه‌وێت به‌ڵام سه‌رجه‌م وردەكارییه‌كانمان پێ رانه‌گه‌یاندن به‌ڵام پێمانراگه‌یاندن كه‌ بڕیاری یه‌كلاكه‌رەوە دراوە بۆ رووخاندنی رژێم. ئێمه‌ش وەكو بزووتنه‌وەیه‌كی كوردی و ئۆپۆزسیۆنێكی عێراقی پێویست بوو كه‌ هه‌ڵوێستێكمان هه‌بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشهاته‌ گه‌ورە و مه‌ترسیدارە. به‌شداربین و رۆڵمان هه‌بێت. ئه‌گه‌ر به‌شدار نه‌بووینایه‌ نه‌ماندەزانی چارەنووسی عێراق و چارەنووسی بزووتنه‌وەی كورد وەك ئۆپۆزسیۆن چی به‌سه‌ر دێت”.
    وەڵامی سه‌ركردایه‌تیی سووریا ئه‌و كات چی بوو بۆ ئێوە؟
    “له‌ بنه‌ڕەتدا ئه‌وكات ململانێیه‌كی سه‌خت له‌نێوان به‌غدا و دیمه‌شق هه‌بوو له‌نێوان ئه‌و دوو به‌رەیه‌ی حزبی به‌عس، ئه‌وە گومانی تێدا نییه‌. ئه‌وان حه‌زیان دەكرد رژێم بڕوخێ به‌ڵام ترسیان له‌ قۆناغی پاشتر هه‌بوو. رژێمی سووریا گومانیان له‌ بابه‌ته‌كه‌ هه‌بوو كه‌ ته‌نیا فشارێك بێت یاخود مه‌سه‌له‌كه‌ له‌لای ئیدارەی كۆشكی سپییه‌وە هیچ جددیه‌تی تێدا نه‌بێت. به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌مووی بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئه‌وكاتی عێراق جێهێڵدرا به‌و پێیه‌ی قۆناغی داهاتووی عێراق قۆناغی ئه‌من و سه‌قامگیری و بنیاتنانی په‌یوەندیی ئاشتیانه‌ و باشی دراوسێیانه‌ بێت له‌گه‌ڵ سووریا و وڵاتانی دیكه”‌.
    پاش ئه‌وە چوونه‌ له‌ندەن و كۆنگرەی له‌ندەنتان به‌ست له‌ دیسێمبه‌ری ٢٠٠٢ له‌و كاته‌دا به‌ڕێزتان له‌میانی گفتوگۆكانی دانیشتنه‌كانی كۆنگرەی له‌ندەن ئه‌و ترسه‌تان له‌لا دروست بوو كه‌ داهاتوو به‌وجۆرە گه‌ش نابێت كه‌ پێشبینی بۆ دەكرێت؟
    “كۆنگرەكه‌ له‌ بنه‌ڕەتدا بۆ ئه‌وە به‌سترا كه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكرێته‌وە كه‌ له‌دوای رووخانی رژێم دروستدەبێت. له‌ كۆنگرەكه‌ زۆربه‌ی لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌شداربوون له‌ كۆتا رۆژی كۆنگرەكه‌ به‌ حه‌قیقه‌ت هه‌ستم به‌وەكرد كه‌ ئاڕاسته‌یه‌ك بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وە هه‌یه‌ دوای رووخانی رژێم نه‌وەك ئاشته‌وایی نیشتیمانی راسته‌قینه‌ و هه‌ڵدانه‌وەی لاپه‌ڕەیه‌كی نوێ”.
    جه‌نگه‌كه‌ له‌ بیستی ئادار دەستی پێكرد و رژێمی سه‌دام به‌ كاتێكی كه‌م رووخێندرا، هه‌ر ئه‌وكات هه‌ست به‌وە كرا كه‌ داهاتووی عێراق گه‌ش نییه‌ وەك ئه‌وەی ئه‌مه‌ریكا و لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌ڵێنیان پێدا. كه‌موكوڕییه‌كه‌ له‌ كوێ بوو؟
    “كه‌موكوڕییه‌كه‌وە له‌وێوە دەستی پێكرد كه‌ هێزەكانی ئه‌مه‌ریكا گۆڕان بۆ هێزێكی داگیركه‌ر ئه‌وە كه‌موكوڕییه‌ گه‌ورەکه‌ بوو”.
    ئه‌مه‌ریكا تا چ ئاستێك به‌رپرسیارە، هه‌روەها ئه‌و بڕیارە خێرایانه‌ی كه‌ پۆڵ برێمه‌ر دای كه‌ بووە هۆی تێكچوونی زیاتری دۆخه‌كه؟.
    “رووخانی رژێم رووخانی سه‌رجه‌م جومگه‌كانی حكومڕانی بوو، رووخانی سه‌رجه‌م دامه‌زراوەكانی دەوڵه‌ت بوو به‌ڵام پلانێك هه‌بوو بۆ پڕكردنه‌وەی بۆشاییه‌كان و پێكهێنانی حكومه‌تێكی كاتی، به‌ڵام تووشی سه‌رسوورمان بووین به‌ دەرچوونی بڕیارێك له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وە به‌ داگیركردنی عێراق داگیركردنیش هه‌روەكو برێمه‌ر به‌ ئێمه‌ی وت ( وشه‌یه‌كی قێزەونه)‌، به‌ڵێ ئه‌و وایگوت. به‌ڵام پێویست بوو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین. داگیركردن سه‌رجه‌م رێككه‌وتنه‌كانی رەشكردەوە ته‌نانه‌ت كۆنگرەی له‌ندەنی رەشكردەوە. وە بووە هۆی هه‌ڵگیرسانی سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه‌ی قۆناغی دواتر”.
    ئێوە نه‌تانتوانی برێمه‌ر له‌ ئاستێكدا رابگرن؟
    “نا نا، ئه‌و هه‌ندێك لایه‌نی له‌به‌رچاوگرت، ئه‌و حاكمی رەها بوو هه‌ر بڕیارێكی بویستبووا دەریدەكرد”.
    مامه‌ڵه‌ی حزب و لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا له‌و ساته‌دا چۆن بوو؟ تا چه‌ند هۆكاربوو بۆ دروستبوونی له‌تبوونی و دووبه‌رەكی سووننه‌ و شیعه‌، كه‌ وایكرد سووننه‌كان دواتر په‌نا بۆ توندوتیری ببه‌ن؟
    “له‌بری ئاشته‌وایی نیشتمانی و بونیادنانی دەوڵه‌ت و سوود وەرگرتن له‌ دەرفه‌تێكی نوێ بۆ بونیاتنانی عێراقێكی نوێ و فیدراڵ و دیموكراتی، لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان په‌نایان بردە به‌ر تۆڵه‌سه‌ندنه‌وە و پاكتاوی ناسنامه‌یی، له‌راستیدا دۆخه‌كه‌ زۆر كارەساتباربوو”.
    وەكو كورد بۆچی مانه‌وە له‌گه‌ڵ ئه‌و سیستمه‌ نوێیه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق؟
    “ئێمه‌ هیچ كات پشتگیری ئه‌و سیاسه‌ته‌مان نه‌كردووە، كه‌ دوای ئه‌و قۆناغه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌ شیعییه‌كان و ته‌نانه‌ت سوننه‌كانیشه‌وە په‌یڕەو دەكرا و به‌رپرسیاریەتی ئه‌و قۆناغه‌ له‌ ئه‌ستۆی هه‌ردوولا دایه‌، واتا هه‌ردوولا پاكتاوی رەگه‌زییان ئه‌نجامداوە، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وەی دەسه‌ڵات به‌دەستی شیعه‌كانه‌وە بوو، بۆیه‌ به‌رپرسیاریەتی گه‌ورەش دەكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وان”.
    تا چ ئاستێك پێت وایه‌ هاتنه‌كایه‌وەی قاعیدە و ژمارەیه‌كی زۆری رێكخراوەكانی دیكه‌ دەرفه‌تیان له‌ پیادەكردنی ئه‌وجۆرە سیاسه‌ته‌ وەرگرت و چۆن به‌رەی سوننی گۆڕدران بۆ قاعیدە و رێكخراوی ئوسوڵی؟
    “به‌دڵنیاییه‌وە كردەوەكانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وە و په‌راوێزخستن و هه‌موو رێكارە هاوشێوەكان ژینگه‌یه‌كی زۆر له‌باریان بۆ تیرۆریستان و رێكخراوی قاعیدە رەخساند و توانییان دزە بكه‌نه‌ ناو عێراق و له‌ ناوچه‌ سوننییه‌كان جێگیربن”.
    به‌ راشكاویی ئه‌و پرسیارەت لێ دەكه‌م له‌كاتێكدا ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌یی و ئیقلیمیت دەزانی، ماوەیه‌كی ته‌مه‌نیشت له‌ سووریا به‌سه‌ربردووە، تا چ ئاستێك سووریا رۆڵێكی خراپی گێڕا له‌و ساڵانه‌، مه‌به‌ستم ساڵانی یه‌كه‌می داگیركاری ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر عێراق، له‌ رێگه‌ی كردنه‌وەی سنوورەكانی و رێگه‌دان به‌ سه‌دان و هه‌زاران شه‌ڕكه‌ر بۆ په‌ڕینه‌وەیان بۆ نێو خاكی عێراق؟
    “ژمارەیه‌كی زۆری تیرۆرستان له‌ رێگه‌ی سووریاوە هاتنه‌ ناو عێراق ئه‌وە گومانی تێدا نییه‌ وە پاشانیش ئاگرەكه‌ بۆ خۆیان گه‌ڕایه‌وە”.
    له‌و سه‌روبه‌ندەدا دەرفه‌ت رێككه‌وت كه‌ دیدارێك له‌گه‌ڵ به‌ڕێز هۆشیار زێباری وەزیری ئه‌وكاتی دەرەوەی عێراق سازبكه‌م ئه‌و باسی له‌و دژیه‌كی و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ كرد له‌ تێڕوانینی ئێران و سووریا هه‌ن سه‌رەڕای هاوپه‌یمانی ستراتیژی له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌. به‌ڵام دژیه‌كی له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ دۆخی عێراقدا هه‌بوو، ئێستا دوای تێپه‌ڕبوونی دوو دەیه‌ به‌سه‌ر داگیركردنی عێراق چۆن دڵنیابینه‌وە له‌وەی كه‌ به‌ڵێ راست بوو ئه‌وان ناكۆك بوون له‌و پرسه‌؟
    “به‌ بۆچوونی من جۆرێك له‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌بوو له‌ نێوان ئێران و سووریا بۆ لێدان له‌ هێزەكانی ئه‌مه‌ریكا”.
    هێزەكانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ٢٠١٠ له‌ عێراق چوونه‌ دەرەوە بارودۆخه‌كه‌ش دیسان شله‌قایه‌وە هه‌ندێك ئۆباڵه‌كه‌یان خسته‌ ئه‌ستۆی په‌یڕەوكردنی سیاسه‌ته‌كانی به‌ڕێز نوری مالیكی سه‌رۆك وەزیرانی ئه‌وكاتی عێراق، به‌ڵام دۆخی ئه‌منی به‌ ته‌واوی وێران بوو له‌ ساڵی ٢٠١٤ و قاعیدەش به‌ به‌رگێكی نوێ و شه‌ڕانگێزتر و به‌هێزتر گه‌ڕایه‌وە؟
    “دوای كشانه‌وەی هێزەكانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ٢٠١١ بۆشایی ئه‌منی دروستبوو، سوپای عێراقیش له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو كه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكاته‌وە. ئێرانییه‌كان به‌شێكی گه‌ورەی ئه‌و بۆشاییه‌یان پڕكردەوە. جا چ به‌ شێوەیه‌كی راسته‌وخۆ بێت یاخود له‌رێگه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانیی و ئه‌و گروپانه‌ی كه‌ به‌شێوەیه‌كی راسته‌وخۆ به‌ ئێرانه‌وە به‌ستراونه‌ته‌وە. كاتێك هاتنه‌ ناو مووسڵ له‌راستیدا به‌ گوێرەی زانیارییه‌كانمان رووداوێكی شۆكهێنه‌ر بوو بۆ هه‌مووان. داعش پلانی ئه‌وەی نه‌بوو مووسڵ داگیربكات به‌ڵكو پلانیان ئه‌وەبوو چه‌ند ئه‌ندامێكیان له‌ به‌ندیخانه‌ی بادووش‌ رزگاربكه‌ن. ویستیان چه‌ند به‌رەیه‌كی شه‌ڕ له‌ مووسڵ به‌وە سه‌رقاڵ بكه‌ن تا ئه‌و پلانه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن كه‌چی سووپا شكستی هێنا. ئه‌و سوپایه‌ی كه‌ ناتۆ به‌ ١٠ ساڵ دروستیكردبوو به‌ ١٠ كاتژمێر به‌ هه‌ڵم بوو و دیار نه‌ما. پاشان ئاڕاسته‌یان به‌رەو ئێمه‌ گۆڕی. سوپای عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای پابه‌ندبوونی نیشتیمانی بنیاتنه‌نرابوو ئه‌وەش هۆكاربوو كه‌ داعش كۆنتڕۆڵی زۆربه‌ی خاكی عێراقی كرد. بێگومان دانیشتووانی مووسڵ به‌هۆی پیادەكردنی سیاسه‌تی تائیفی دەرهه‌قیان هاریكاری داعشیان كرد ته‌نانه‌ت وه‌ك رزگاركه‌رێك له‌ داعشیان دەڕوانی دواتر زانییان ئه‌وانه‌ رزگاركه‌ر نین به‌ڵكو كارەساتن”.
    “بێگومان داعش به‌ توانه‌یه‌كی له‌رادەبه‌دەرەوە هێرشیان كردە سه‌رمان هه‌رگیز هاوسه‌نگی نه‌بوو له‌ توانای سه‌ربازی له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و داعش له‌ رێگه‌ی ئه‌و هه‌موو چه‌ك و كه‌رەسته‌ی له‌ هه‌ردوو سوپای عێراق و سووریا بۆی به‌جێمابوو، ته‌نیا له‌ سوپای عێراقی هه‌زار و ٧٠٠ ئۆتۆمبێلی گولــله‌ نه‌بڕی جۆری هه‌مه‌ریان ده‌ستكه‌وتبوو هه‌روەها تۆپ هاوێژ و چه‌ك و كه‌رەسته‌ی سه‌ربازی. له‌ سه‌رەتادا زۆر سه‌خت و دژوار بوو به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستان خۆڕاگر و بوێر بوون”.
    رزگاركردنه‌وەی عێراق له‌ دەستی داعش مه‌حاڵ بوو ئه‌گه‌ر هێزەكانی هاوپه‌یمانان دووباره‌ نه‌گه‌ڕابووناوه‌ و به‌شدارییان نه‌كردبووایه‌ له‌رێگه‌ی بۆردومانی ئاسمانی و زانیاری هه‌واڵگری له‌ ساڵی ٢٠١٥. تێروانینت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ چۆنه‌؟
    “ناكرێت ئه‌و راستییه‌ ئینكار بكرێت هاوپه‌یمانان پاڵپشتییه‌كی گه‌ورەیان كرد به‌ تایبه‌ت پاڵپشتی ئاسمانی، ئه‌وەی په‌یوەندیدار بێت به‌ ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌رگرییه‌كی پاڵه‌وانانه‌ی نواند و بوێربوو له‌ به‌رگریكردن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پاڵپشتی ئاسمانی هاوپه‌یمانان نه‌بووایه‌ ئه‌وا زیانه‌كانمان چه‌ند ئه‌وەندە دەبوو سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا ئه‌ركێكی سه‌خت دەبوو. جه‌نگه‌كه‌ش درێژخایه‌نتر دەبوو”.
    ئایا هۆكارە بۆ ئه‌وەی كه‌ تاكو ئه‌م ساته‌ش جێهێشتنی هێزەكانی هاوپه‌یمانان به‌ته‌واوی له‌ عێراق رەتدەكه‌یه‌وە، كه‌ ئه‌وە داواكاری زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانه‌ له‌ به‌غدا به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نانه‌ی سه‌ر به‌ ئێرانن؟
    “به‌دڵنیاییه‌وە ئه‌گه‌ر هێزەكانی هاوپه‌یمانان به‌ ته‌واوی له‌ عێراق بكشێنه‌وە، من دڵنیام كه‌ داعش به‌هێزەوە ده‌گه‌ڕێته‌وە. ئێستاش ماون. ئه‌وانه‌ی داوا دەكه‌ن هێزەکانی هاوپه‌یمانان عێراق جێبهێڵن ئه‌و راستییه‌ دەزانن به‌ڵام موزایه‌دەی سیاسی و نیشتیمانی به‌و بابه‌ته‌وە دەكه‌ن”.

    ئێوە بڕیاری ریفراندۆمتان دا و هه‌ڵوێستی به‌ڕێزتان روون و راشكاوانه‌ بوو كه‌ مه‌حاڵه‌ په‌یوەندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌وشێوەیه‌ به‌ردەوام بن و چه‌ندین هۆكاریشتان دیاریكرد و ئاماژەشتان به‌وەدا كه‌ عێراق به‌رەو وڵاتێكی مه‌زهه‌بی ئایینی دەچێت. ئه‌و ئه‌زموونه‌ چی له‌لای ئێوە جێهێشت؟
    “بابه‌ته‌كه‌ بووەته‌ ململانێ له‌سه‌ر ئیرادە، هه‌موو لایه‌نه‌كان ویستیان ئیرادەی ئێمه‌ بشكێنن، ئه‌مه‌ هۆكاری سه‌رەكی بوو بۆ خۆڕاگری ئێمه‌. راسته‌ زۆر هه‌وڵ لەدژی ئێمه‌ دران به‌ڵام ئێمه‌ خۆڕاگر بووین و سه‌ركه‌وتین، ئه‌و هێرشه‌مان وەستاند كه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ كرایه‌ سه‌رمان، كه‌ركووكیش هه‌رگیز نه‌دەڕووخا، ئه‌گه‌ر به‌هۆی خیانه‌تی لایه‌نێكی دیاریكراوەوە نه‌بووایه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتییه‌، چونكه‌ هیچ هێزێك له‌م جیهانه‌ ناتوانێت ناسنامه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی كه‌ركووك بگۆڕێت.”

    بۆچی پێداگربوون له‌سه‌ر هه‌نگاونان به‌رەو ریفراندۆم سه‌رەرای نه‌بوونی هیچ به‌ڵێنێكی جدی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوە به‌وەی كه‌ له‌ پاڵ ئێوە دەوەستێت؟
    “مافێكی ئاسایی هه‌ر گه‌لێكی سه‌ر ئه‌م زەمینه‌یه‌، خۆی بڕیار له‌بارەی چارەنووسی خۆی بدات و به‌لایه‌نی كه‌م دەنگی خۆی دەربڕێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وەشیان به‌ ئێمه‌ به‌ رەوا نه‌دەبینی و رق و كینه‌یه‌كی زۆر زەق هه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌، ئه‌و رق و كینه‌یه‌ش زیاتر ته‌شه‌نه‌ی كرد و گۆڕا بۆ شكاندنی ئیرادەی گه‌لی كورد، بۆیه‌ ئێمه‌ش هه‌ڵوێستێكمان نیشاندا كه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌ن لێی په‌شیمان نابینه‌وە.
    ئایا پێت وایه‌ عێراق هێشتاش به‌رەو وڵاتێكی مه‌زهه‌بی هه‌نگاو دەنێت؟
    “ئه‌و عێراقه‌ی ئێستا دەیبینین ئه‌و عێراقه‌ نه‌بوو كه‌ هیوامان بۆی خواست دوای رووخانی رژێم وە له‌ پێناو ئه‌وەشدا تێكۆشاین كه‌ ته‌نانه‌ت پێش رووخانی رژێم. به‌ڵام ئێستا دەرفه‌تێك هه‌یه‌ له ژێر سایه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ی ئێستا به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی دروستبووە، دەرفه‌تێك هه‌یه‌ بۆ چاككردنه‌وەی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ پێویسته‌ چاكبكرێته‌وە”.
    كۆتا پرسیار دوای ریفراندۆم برینێكی گه‌ورە دروستبوو ئایا ئه‌و برینه‌ سارێژبوو دوای ئه‌وەی له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌و سه‌ركردانه‌ی عێراق دیدارتان ئه‌نجامدا كه‌ به‌شێكیان فه‌رماندەی هێزە چه‌كدارەكان بوون له‌ كاتی هێرشكردنه‌ سه‌ر كوردستان، ئایا ئه‌و لاپه‌ڕەتان هه‌ڵداوەته‌وە و ئه‌و برینه‌ سارێژبووە؟
    “پێش هه‌مووشت ئێمه‌ پرەنسیپێكمان هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ خاوەن دۆزین هه‌رگیز سازش له‌سه‌ر دۆزی رەوامان ناكه‌ین و هه‌رگیز سازش له‌سه‌ر پرانسیپه‌كانمان ناكه‌ین به‌ڵام ئه‌وە سیاسه‌ته‌ و بارودۆخه‌ هه‌ندێك كات له‌ جه‌نگدای له‌گه‌ڵ لایه‌نێك یان كه‌سێك به‌ڵام قۆناغێك دێت كه‌ ناچاری گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكه‌یت”.
    هه‌روەك ئه‌وەی له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن روویدا؟
    “به‌ڵێ… ئه‌وە بارودۆخه‌، ئه‌وە به‌رژەوەندی وڵات و خه‌ڵك حوكم دەكات. واته‌ بابه‌ته‌كه‌ شه‌خسی نییه‌ گرفتی شه‌خسی نییه له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیاریكراو، ئێمه‌ دۆزێكمان هه‌یه‌ هه‌ندێكجار دەبێ به‌رگری لێ بكه‌ین و قوربانی له‌پێناو بدەین هه‌ندێكجاریش ناچارین گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ر بكه‌یت بۆ ئه‌وەی چارەسه‌ری سه‌ركه‌وتوو بۆ پرسه‌كان بدۆزینه‌وە”‌.

  • له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی بی بی سی، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئاماژە به‌ هۆكارەكانی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی مه‌زهه‌بی دوای رووخانی رژێمی عێراق له‌ ساڵی ٢٠٠٣ دەكات

    له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی بی بی سی، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئاماژە به‌ هۆكارەكانی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی مه‌زهه‌بی دوای رووخانی رژێمی عێراق له‌ ساڵی ٢٠٠٣ دەكات

    له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی بی بی سی، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئاماژە به‌ هۆكارەكانی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی مه‌زهه‌بی دوای رووخانی رژێمی عێراق له‌ ساڵی ٢٠٠٣ دەكات و دەڵێت: له‌بری ئه‌وەی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ئه‌و دەرفه‌ته‌ بۆ بونیادنانی عێراقێكی فیدراڵی یه‌كگرتوو بقۆزنەوە، لایه‌نه‌كان هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وەیان دا.

    سه‌رۆك بارزانی گوتی، “له‌بری ئاشته‌وایی نیشتمانی و بونیادنانی دەوڵه‌ت و سوود وەرگرتن له‌ دەرفه‌تێكی نوێ بۆ بونیادنانی عێراقێكی نوێ و فیدراڵ و دیموكراتی، لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان په‌نایان بردە به‌ر تۆڵه‌سه‌ندنه‌وە و پاكتاوی ناسنامه‌یی، له‌راستیدا دۆخه‌كه‌ زۆر كارەساتباربوو”.

    له‌ وەڵامی پرسیارێكیشدا له‌بارەی بڕیاری كورد بۆ مانه‌وە له‌گه‌ڵ ئه‌و سیستمه‌ نوێیه‌ی دەسه‌ڵات له‌ عێراق، سه‌رۆك بارزانی دووپاتیكردەوە، ئێمه‌ هیچ كات پشتگیریمان له‌و سیاسه‌ته‌ نه‌كرد، كه‌ حزبه‌ شیعییه‌كان له‌ فه‌رمانڕەوایی عێراقدا په‌یڕەویان دەكرد.

    هەر لەو دیمانەیەدا سه‌رۆك بارزانی گوتی، “ئێمه‌ هیچ كات پشتگیری ئه‌و سیاسه‌ته‌مان نه‌كردووە، كه‌ دوای ئه‌و قۆناغه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌ شیعییه‌كان و ته‌نانه‌ت سوننه‌كانیشه‌وە په‌یڕەو دەكرا و به‌رپرسیاریەتی ئه‌و قۆناغه‌ له‌ ئه‌ستۆی هه‌ردوولا دایه‌، واتا هه‌ردوولا پاكتاوی رەگه‌زییان ئه‌نجامداوە، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وەی دەسه‌ڵات به‌دەستی شیعه‌كانه‌وە بوو، بۆیه‌ به‌رپرسیاریەتی گه‌ورەش دەكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وان. به‌دڵنیاییه‌وە كردەوەكانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وە و په‌راوێز خستن و هه‌موو رێكارە هاوشێوەكان ژینگه‌یه‌كی زۆر له‌باریان بۆ تیرۆریستان و رێكخراوی قاعیدە رەخساند و توانییان دزە بكه‌نه‌ ناو عێراق و له‌ ناوچه‌ سوننییه‌كان جێگیربن”.

    له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیمانه‌كه‌دا، تایبه‌ت به‌ بڕیارەكه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ ساڵی ٢٠١٧، سه‌رۆك بارزانی له‌ وەڵامی “بی بی سی”ـدا تیشكی خستە‌ سه‌ر هۆكاری خۆڕاگریی هێزەكانی پێشمه‌رگه‌ له‌ رووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبه‌ر و جه‌ختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، ئه‌گه‌ر به‌هۆی ناپاكی لایه‌نێكی دیاریكراو نه‌بووایه‌، هه‌رگیز كه‌ركووك نه‌دەكه‌وت و دەشڵێت: ئه‌مه‌ كاتییه‌ و هیچ هێزێك له‌ جیهان ناتوانێت ناسنامه‌ی كه‌ركووك بگۆڕێت.

    هەروەها سه‌رۆك بارزانی گوتیشی، “بابه‌ته‌كه‌ بووەته‌ ململانێ له‌سه‌ر ئیرادە، هه‌موو لایه‌نه‌كان ویستیان ئیرادەی ئێمه‌ بشكێنن، ئه‌مه‌ هۆكاری سه‌رەكی بوو بۆ خۆڕاگری ئێمه‌. راسته‌ زۆر هه‌وڵ لەدژی ئێمه‌ دران به‌ڵام ئێمه‌ خۆڕاگر بووین و سه‌ركه‌وتین، ئه‌و هێرشه‌مان وەستاند كه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ٢٠١٧ كرایه‌ سه‌رمان، كه‌ركووكیش هه‌رگیز نه‌دەڕووخا، ئه‌گه‌ر به‌هۆی خیانه‌تی لایه‌نێكی دیاریكراوەوە نه‌بووایه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتییه‌، چونكه‌ هیچ هێزێك له‌م جیهانه‌ ناتوانێت ناسنامه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی كه‌ركووك بگۆڕێت”.

    له‌ كۆتایی دیمانه‌كه‌دا، سه‌رۆك بارزانی دووپاتیكردەوە، مافێكی ئاسایی هه‌ر گه‌لێكی سه‌ر ئه‌م زەمینه‌یه‌، خۆی بڕیار له‌بارەی چارەنووسی خۆی بدات و به‌لایه‌نی كه‌م دەنگی خۆی دەربڕێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وەشیان به‌ ئێمه‌ به‌ رەوا نه‌دەبینی و رق و كینه‌یه‌كی زۆر زەق هه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌، ئه‌و رق و كینه‌یه‌ش زیاتر ته‌شه‌نه‌ی كرد و گۆڕا بۆ شكاندنی ئیرادەی گه‌لی كورد، بۆیه‌ ئێمه‌ش هه‌ڵوێستێكمان نیشاندا كه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌ن لێی په‌شیمان نابینه‌وە.