هاوپۆل: Uncategorized

  • مەسرور بارزانی لە(36)مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە

    مەسرور بارزانی لە(36)مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە

    پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە(36)مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە

    ئەمڕۆ شەممە 3/16، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی؛
    لە سی و شەشەمین ساڵیادی کیمیارانکردن و کۆمەڵکوژیی شاری هەڵەبجەدا، بەڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی بێتاوانی ئەو شارە خۆشەویستەی کوردستان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی دڕەندەیی ڕژێمی پێشووی عێراق و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو، کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لە یاد بێت و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
    جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە کە ئەوە مافێکی ڕەوا و دەستووری خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تا ئێستا ئامادە نین ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش تەواو بکەن.
    خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و مانگی ڕابردوو لە کاتی سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ڕەزامەندیمان لەسەر هەموو ئەو داواکارییانە دا کە لەلایەن بەڕێزان پارێزگار و بەرپرسانی کارگێڕی دەڤەرەکە خرانەڕوو. هیوادارين لە داهاتوودا، بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی نیشتمانپەروەر و قوربانیدەری هەڵەبجە بکەین. شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە و هەموو ئەو جینۆسایدانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون، هەمیشە لە یادمانن و هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین هیچ شتێک ئەم تاوان و شەرمەزارییانە لەبیر خۆمان و لەبیر دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا بباتەوە و دەبێ بەردەوام بەبیریان بهێنینەوە کە پێویستە قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکەنەوە.
    سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.

    مەسرور بارزانی
    سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2024/3/16

  • محەمەدی حاجی مەحمود بۆ بازمیدیا: سەرۆککۆمار تا ئێستا هیچ دەسەڵاتێکی خۆی بەکار نەهێناوە و بێدەنگە

    محەمەدی حاجی مەحمود بۆ بازمیدیا: سەرۆککۆماری عێراق تا ئێستا هیچ دەسەڵاتێکی خۆی بەکار نەهێناوە و بێدەنگە

    محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێکری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە “بازمیدیا”ـی رایگەیاند: “د.لەتیف رەشید کە سەرۆککۆماری عێراقە، تا ئێستا هیچ دەسەڵاتێکی خۆی بەکارهێناوە، یان شتێکی کردووە تا بڵێین رێگری لێ کراوە؟، ئەو پیاوە بێدەنگە”.

    محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێ لە بابەتی یاسا و دەستوور دەرچووە و لایداوە، بەشێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار کە جێبەجێکردنن، توانای ئەوەیان هەیە بڕیارەکانی پەرلەمان و دادگا رابگرێت، یان ئەوانەی سەرپێچی دەستوور دەکەن رایان بگرێت، دەبێ لە سەرۆککۆمار بپرسین بۆ دەسەڵاتەکانی بەکارناهێنێت؟.

    سکرتێری حزبی سۆسیالیست، باس لەوەش دەکات، کە پۆستی سەرۆککۆمار ئیستحقاقی کوردە کە د.لەتیف رەشید لە پشکی یەکێتی تێیدایە، دەسەڵاتی زۆرە و بەکارنەهێنانیان بۆ خودی خۆی دەگەرێتەوە، کە بۆچی هەڵوێستیان نییە لەبارەی ئەو بڕیارانەی کە دژی هەرێم دەردەکرێن.

  • کوردێک سەرۆککۆمارە کە ناتوانێت دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت دەست لە کاربکشێنیتەوە لە پۆستەکەی زۆر باشترە

    کوردێک سەرۆککۆمارە کە ناتوانێت دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت دەست لە کاربکشێنیتەوە لە پۆستەکەی زۆر باشترە

    ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، بۆ بازمیدیا:

    وەزیری گواستنەوە و گەیاندن کە لە پێکهاتەی کلدانییەکانە رایدەگەیەنێت: “لەم قۆناغە هەستیارەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، کوردێک سەرۆککۆمارە کە ناتوانێت دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت بۆ رێگریکردن لە دژایەتییەکان و بڕیارەکان کە بەرامبەر گەلەکەی و هەرێم دەگیرێتەبەر، دەست لە کاربکشێنیتەوە لە پۆستەکەی زۆر باشترە”.

    ئانۆ جەوهەر دەڵێت: “من کە بووم بە وەزیر و سوێندم بە کتێبی پیرۆز خوارد ئەوەی لە توانامدایە بۆ خزمەتی خەڵکەکەم و هەرێمەکەم پێشکەشی بکەم، بەڵام کە رێگەم پێنەدرا یان نەمتوانی ئەو خزمەتە بکەم ئەوا دەست لە کار دەکشێنمەوە، ئەگەر وام نەکرد کەواتە بێ ڕێزیم بەرامبەر سوێندەکەم کردووە، سەرۆککۆماریش کە سوێندی خواردووە بەهەمان شێوەیە”.

    ئاماژەی بەوەدا، لە کاتی خۆپیشاندانی پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشوری و ئەرمەن و تورکمانەکان، ئێمە نووسراوێکمان ئاراستەی سەرۆککۆمار کرد، پێمان راگەیاند کە بە پێی مادەی 67ی دەستوور ئەرکی سەرۆککۆمارە پارێزەری دەستوور بێت، پێویستە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە دەستوور مینوویەک نییە هەر مادە و بڕگەیەک بیانەوێ جێبەجێی بکەن و ئەوانی دیکە ئیهمال بکەن، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نووسراوەکەمان نەدراوەتەوە.

    وەزیرەکەی هەرێمی کوردستان لە پێکهاتەی کلدانییەکان باس لەوە دەکات، کە دادگای بەناو فیدراڵی دادگایەکی نادەستوورییە و بڕیارەکانی هەمان بڕیارەکانی مجلیسی قیادەی سەرورەی بەعسە، دەیەوێت سیستیمی فیدراڵی لە عێراق هەڵوەشێنێتەوە، دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان نەهێڵێت.

  • ئەنجوومەنی شورای هەرێم راگەیەندراویکی توندی دژی دادگای فیدڕاڵی بڵاوکردەوە

    ئەنجوومەنی شورای هەرێم راگەیەندراویکی توندی دژی دادگای فیدڕاڵی بڵاوکردەوە

    ئەنجوومەنی شورای هەرێم راگەیەندراویکی توندی دژی دادگای فیدڕاڵی بڵاوکردەوە

    بەیاننامەى ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان – عێراق
    لە سۆنگەى هەستكردن بەبەرپرسیارێتى مێژوویی و یاسایی بەرامبەر بەو ئاراستە نوێبەى دادگەى ئیتیحادى باڵاى عێراقی لە بڕیارەكانى ئەم دواییەیدا لەخۆى گرتووە دەربارەى ئەو دەعوایانەى دژ بەهەرێمى كوردستان بەرزكراونەتەوە، كە چەندین سەرپێچی لەخۆگرتووە بۆ دەقە دەستورییە ڕوونەكان و بنەما یاساییە چەسپاوەكان، هەروەها لە ڕوانگەى باوەڕبوونمان بە سیستەمى فیدرالى لە عێراق، ئێمە لە ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان – عێراق، گرنگترین تێبینییە یاساییەكانمان دەربارەى ئەو سەرپێچییانە بۆ ڕاى گشتى دەخەینەڕوو:

    1- دادگەى ئیتیحادى باڵا خۆى خستۆتە شوێنى دەسەڵاتى یاسادانان، بەجۆرێك لە حوكمى دەعواى ژمارە (83) و هەردوو یەكخراوەكەى (131) و(185)/ ئیتیحادى/2023، چەندین دەقى یاسایی تەشریع كردووە لە بەندەكانى (دووەم) و(سێیەم) و(چوارەم) و(پێنجەم)ى حوكمى ئاماژەپێكراودا، ئەویش دواى ئەوەى بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونى هەندێك ماددە و بڕگەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان – عێراق ژمارە (1)ى ساڵى 1992ى هەمواركراو. ئەمەش پێشێلكردنێكى ڕوونە بۆ ماددە (93)ى دەستورى عێراقى ساڵى (2005)، بەتایبەت بەندى (یەكەم)ى، كە تیایدا كارى دادگەى ئیتیحادى باڵا كورتكراوەتەوە سەر پیادەكردنى تایبەتكاری چاودێرییكردنى مەوداى دەستوری بوونى یاسا و پێڕەوە بەركارەكان. بۆیە هێنانەكایەى دەقى یاسایی لە بڕیارى دادگەى ئیتیحادی باڵا دەستوەردانە لە تایبەتكارییەكانى دەسەڵاتى یاسادانان و سەرپێچییەكى ڕوونە بۆ ماددە (47)ى دەستور كە دەقى كردووە لەسەر ئەوەى هەر دەسەڵاتێك پیادەى تایبەتكارییەكانى خۆی دەكات لەسەر بنەماى جیاكردنەوەى دەسەڵاتەكان.

    2- پابەند نەبوونى دادگەى ئیتیحادى باڵا بە عەریزەى دەعواى داواكار، بەجۆرێك داواكارى دەعواى ژمارە (83)ى ئاماژەپێكراو، داواى هەڵوەشاندنەوەى یازدە كورسییەكەى (كورسییەكانى كۆتا)ى نەكردووە، بەڵكو داواى دوبارە دابەشكردنەوەى كورسییەكانى پەرلەمانى كوردستانى كردووە بەسەر پارێزگەكانى هەرێم بەگوێرەى پێوەرى ژمارەى دانیشتووان، كەچى دادگەى ئیتیحادى باڵا لە بەندى (یەكەم)ى حوكمەكەیدا بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونى دەستەواژەى (یازدە) لە ماددەى یەكەمى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان ى هەمواركراو، ئەمەش داواكار لە عەریزەى دەعواكەى داواى نەكردبوو، بەم پێیەش ئەمە دەبێتە پێشێلكردنێكى ڕوونى ئەو بنەمایەى لە یاسا و لە دادگەرییدا چەسپاوە كە دەڵێت: دەعوا لە چوارچێوەى عەریزەكەیدا سنووردارە، و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەى داواكار داواى دەكات.

    3- لە دەعواى ژمارە (83)ى ئاماژەپێكراو دیارە كە كەسانى داوالێكراو بریتین لە:
    – سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان.
    – سەرۆكى هەرێمى كوردستان.
    – سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان.
    دادگەى ئیتیحادى باڵا لە بەندى (هەشتەم)ى حوكمى دەعواى ئاماژەپێكراو بڕیاریداوە بە رەتكردنەوەى دەعوا بەرامبەر هەردوو داوالێكراو سەرۆكى هەرێمى كوردستان و سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان لەبەر ئاراستەنەبوونى نەیارى (عدم توجه الخصومە). بەمەش نەیاری (الخصومە) كورتكرایەوە سەر سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان، بەڵام دادگەى ئیتیحادى باڵا بێئاگایە لەوەى بەبڕیارى ژمارە (233) و یەكخراوەكانى (239) و(248) و(253)/ئیتیحادى/2022 لە 30/5/2023 حوكمى داوە بە نادەستوریی بوونى یاساى بەردەوامبوونى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان – عێراق ژمارە (12)ى ساڵى 2022، بەم پێیەش سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان و سەرجەم ئەندامەكانى لەبنەڕەتدا بوونی یاساییان نەماوە، لە كاتێكدا ماددەى (4)ى یاساى دادبینیی مەدەنیی ژمارە (83)ى ساڵى 1969ى هەمواركراو مەرجى داناوە بەوەى پێویستە داوالێكراو نەیار بێت. بەگوێرەى ئەم ماددەیە پێویست بوو دەعواكە رەت بكرێتەوە لەبەر نادروستى مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان وەك نەیارێك چونكە لەكاتى بەرزكردنەوەى دەعواكە بوونى یاسایی نەماوە.

    4- سەرپێچیكردنى دادگەى ئیتیحادى باڵا بۆ رێسا یاساییە رێكارییەكان، كاتێك لە دەعواى ژمارە (233) و یەكخراوەكانى (239) و(248) و(253)/ئیتیحادى/2022، بڕیاریداوە بە قەبولكردنى نووسراوى لادانى هەردوو بڕیكار (د. وعدی سلێمان مزورى) و فەرمانبەری مافپەروەر (شەرمین خچر بهجت)، هاتوو لە پەرلەمانى كوردستان بە ژمارە (1369) لە ڕێكەوتى 23/5/2023 و هەڵوەشاندنەوەى تەخویلكردنى ئامادەبوونیان لەدادبینیكردن لەبەردەم دادگەى ئیتیحادى لە دەعواى ئاماژەپێكراودا. كەچى دادگەى ئیتیحادى باڵا لەبڕگەى ژمارە (1)ى حوكمى ئاماژەپێكراویدا بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونى یاساى بەردەوامبوونى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان – عێراق ژمارە (12)ى ساڵى 2022، بەم حوكمەش سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان دەسەڵاتى لادانى هەردوو بریكارى ئاماژەپێكراوى نامێنێت.

  • کشانەوەی دادوەرە کوردەکە نامەیەکی بەهێزی کورد بوو بۆ دادگای فیدڕالی

    کشانەوەی دادوەرە کوردەکە نامەیەکی بەهێزی کورد بوو بۆ دادگای فیدڕالی

    فەرەیدوون عەبدوڵقادر
    سیاسەتمەداری دیاری کوردستان:

    📌کشانەوەی دادوەرە کوردەکە نامەیەکی بەهێزی کورد بوو بۆ دادگای فیدڕالی

    📌ناکرێت ناوی هێزە ئەمنیەکانی خۆمان بدرێتە هیچ لایەنێکی دی

    📌ئەو خوشکەی کە وەزیری داراییە کەم ئەزموون و ئاگای لە دنیا نیە وەک شێری لێهاتووە دەڵێت تا لیست نەنێرن مووچە نادەم،من پێی دەڵێم ئەسڵەن ئێمە سیقەمان بەتۆنیە ئەو لیستانەتان بدەینێ

    📌لە سەرەتایی دامەزراندنی عێراقەوە دژایەتی کورد کراوە

    📌ئەو عەقلیەتەی ئێستا عێراق هەیەتی هەمان عەقلیەتی 100ساڵ پێش ئێستایە

    📌عەقلیەتی مەرکەزی لە بەغدا زاڵە

    📌دەیانەوێت دەسەڵاتی هەرێم لاواز بکەن

    📌ناکرێ زانیاری دامەزراوەی ئەمنی بۆ بەغدا بنێردرێن

    📌کورد نەبوایە پڕۆسەی دروستکردنەوەی عێراق زۆر ئەستەم دەبوو

    📌کورد هەمیشە بەرگری لەخۆی کردوە

    📌وڵاتانی دراوسێ بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

    📌هەتا ئەم ئەقلیەتە لە بەغدا هەبێت کێشەی کورد لە عێراق چارسەر نابێت

    📌قەت ناتوانن لە ئازارەکانی کورد تێبگەن

    📌مافی کورد لە بەغدایە پێویستە ڕووی دەمی مووچەخۆران و خۆپشاندانەکان لە بەغدا بێت

    📌گەلی کورد زۆر دۆخی لەمە سەختری دیووە ، ڕەنگە بەشێک لە جیلی ئێستا ئەوەیان نەدیبێت کە چۆن گەنجی کورد دەبرایە مەحکەمە،لە سێدا*رە دەدران ، ئێمە هەموو شتێکمان دیووە ، چیرۆکی ئەنفالی بارزانیەکان و کیمیابارانی هەڵەبجە هەموو ئەو قۆناغانەن کە کورد پێیدا تێپەڕیووە.

  • پێویستە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەواوی مووچەی مووچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بنێرێت و جیاکاری نەکات لە نێوان مووچەخۆراندا

    پێویستە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەواوی مووچەی مووچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بنێرێت و جیاکاری نەکات لە نێوان مووچەخۆراندا

    ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەواوی مووچەی مووچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بنێرێت و جیاکاری نەکات لە نێوان مووچەخۆراندا

    *ئەنجومەنی وەزیران: پڕۆژەی ( هەژماری من) پرۆژەیەکی پێشکەوتووی بانکیی و پەسەندکراوی بانکی ناوەندیی عێراقە ودەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی وئابووری و حیسابی بانکیان لە )هەژماری من (ەوە مووچە وەربگرن

    ئەمڕۆ چوارشەممە 3/13، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

    لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و گەنجینە و کۆنگرێس لە
    ڕۆژانی 2/26 تا 2024/3/5.

    سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە لە کۆبوونەوە و دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی دوولایەنە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و پاراستنی قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی کوردستان و مافی پێکهاتەکانی کوردستان و پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی کرا.

    پاشان شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەکە زۆر سەرکەوتوو بوو و لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاوە گرنگییەکی زۆر بە شاندەکە درا و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کرایەوە .

    بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی یەکەمین ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی هەرێم سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی (ستراتیژی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ) کە پێشتر لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرابوو لە پێناوی هێنانەکایەی چەند ئامانجێکی دیاریکراو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و برەودان بە شەفافیەت و لێپرسینەوە، لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکی دیاریکراو، پوختەی ڕاپۆرتەکە لەلایەن ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکییەوە خرایەڕوو. ڕاپۆرتەکە چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری دامەزراوە فەرمییەکانی لەخۆ گرتبوو لە چوارچێوەی ستراتیژەکە، لە ناویشیاندا بواری هۆشیارکردنەوەی دژە گەندەڵیی و پەرەپێدان بە چاودێری ناوخۆیی و هەموارکردنەوەی چەند یاسا وڕێنماییەک و برەودان بە توانای فەرمانبەران وڕاهێنانیان و هەروەها هێنانەکایەی دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان.

    ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لەبەرامبەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکە، هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی و لە هەمانکاتدا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە و پێشنیارانەی خرانەڕوو.

    پاشان لەلایەن ئاوات شێخ جەناب ، وەزیری دارایی و ئابووری ، هەنگاو و ڕێکارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی لە بەر ڕۆشنایی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان خرایەڕوو.

    وەزیری دارایی وئابووری ئاماژەی دا بەوەی کە وەزارەتەکەی، داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کردبوو بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی 2024 بە بڕی ( 949,813,146,170) ملیار دینار.

    بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنيا بڕی 569 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنيا (%59) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و ئەمەش وا دەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت.

    وەزیری دارایی وئابووری ڕوونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من)، لە مێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی (توطين ) لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق.
    ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی وئابووری و شاندی دانوستانکاری بودجە بۆ ئەو ڕێکارانە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە نابێت هیچ لەم ڕێکارانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لەمووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ، بۆیە جەخت دەکەینەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان، چونکە ئەمە مافی دەستوریی و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکیەکی نێوان هەردوو حکومەت بكرێ و کۆسپ و تەگەرە بخرێتە بەردەم خەرجکردنی.

    ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە کە هیچ ڕێگرییەک نیە بۆ پشت بەستن بە پڕۆژەی (هەژماری من) کە پڕۆژەیەکی گرنگ و پێشکەوتووی بانکییە و هاوشێوەی پرۆسەی ( تەوتین)ە و تێچووەکەشی کەمترە و خزمەتگوزاریشی زیاترو باشترە و لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانکی ناوەندی عێراق کراوە، بۆیە دەبێ مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و ( هەژماری من ) ەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن وسوودمەندبن لە زۆر خزمەتگوزاریی بانکیی و پێدانی پارە و تەنانەت وەرگرتنی ئاسانکاریی قەرز، پرۆسەکەش بەردەوامە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم ، حیسابی بانکیان بۆ بکرێتەوە، ئەو بانکانەی لە ( هەژماری من )یش بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندی عێراقین و بەشێکن لە پرۆسەی ( توطين) کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە.

    ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە کە وەک چۆن مووچەخۆرانی عێراق ، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی حیسابی لێ دەکەنەوە، بە هەمانشێوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئازادبن کە لە چوارچێوەی ( هەژماری من)دا، لە چ بانکێک حیساب بکەنەوە.

    کە ئێستا پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا، چەندین بانکی تریش دەبنە بەشێک لە پرۆژەکە.

  • بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتی بەریتانیا کران

    بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتی بەریتانیا کران

    میدیای لاهور جەنگی: بافڵ و قوباد بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتی بەریتانیا کران

    بەپێی هەواڵێکی میدیای لاهور جەنگی “هەفتەی ڕابردوو بەریتانیا دوائاگادارکردنەوەی دایە بافڵ جەلال تاڵەبانی کەبەزووترین کات سەردانی وڵاتەکەی بکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە،هەر بەم هۆیەشەوە بافڵ لە بەغدادەوە بەپەلە خۆی گەیاندە لەندەن و تائێستاش نەگەڕاوەتەوە.

    هەر لەسەر ئەم پرسە بەپێی هەواڵەکەی ئەو میدیایە ، دوێنێ چوارشەممە قوباد جەلال تاڵەبانی بەهەمان شێوەی براکەی دوای ئاگادارکردنەوەی حکومەتی بەریتانیا لەڕێگەی هێڵی فرۆکەوانی شاهانەی ئوردنەوە خۆی گەیاندوەتەوە لەندەن،ئەمەش لەکاتێکدایە کەدەبوو ئەمڕۆ بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بێت بەڵام بەهۆی ئەو ئاگادارلردنەوەیە نەیتوانی.

    بەگوێرەی زانیاریەکان کە میدیاکە ئاماژەی
    پێداوە ،بەریتانیا چەند دۆسیەیەکی لەدژی کوڕەکانی جەلال تاڵەبانی کردووەتەوە کەئەوانیش بریتین لە(سپی٫کردنەوەی پارە لەدوبەی…پشتیوانیکردن لە٫تیر*رۆر ، ڕفا*ندن و ئەشکەنج*ەدانی دوو هاوڵاتی بەریتانی لەسلێمانی لە ڕووداوەکانی ٨ی تەمموزدا.

    بەپێی زانیاریەکان بافڵ و قوباد هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانین و ناویان لەسەر ئیبراهیم ئەحمەد تۆمارکراوە ، لەبەریتانیا بەکوڕی ئیبراهیم ئەحمەد ناسراون نەک جەلال حسامەدین،میدیاکە دەشڵێت “ئەو سێ مەلەفەی کە لەسەر مێزی لێکۆڵینەوەن زۆر هەستیار و قورسن ئەگەر لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسی بەریتانیادا بەڵگە لەبەردەستدابێت ئەوا جگە لەلێسەندنەوەی ڕەگەزنامە پێدەچێت دادگایی بکرێن و سزاش بدرێن”

  • ئەنجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان: دادگای فیدراڵی زیاده‌ڕۆیی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ یاساییه‌كانی كردووە

    ئەنجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان: دادگای فیدراڵی زیاده‌ڕۆیی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ یاساییه‌كانی كردووە

    بەیاننامەیەك لە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستانەوە سەبارەت بە دوا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر پرسی كۆتاكان

    عێراق بە پێی یاسای ئیدارەی دەوڵەت لە قۆناغی گواستنەوە لە ساڵی 2004 گۆڕا بۆ دەوڵەتێكی فیدراڵی و تێیدا سیستەمی حوكم بە پێی مادە چوار لەو یاسایە دەستنیشان كرا بە شێوەیەك لەسەر بنەمای راستیی مێژوویی و جوگرافی و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بە پێی دەستور لەنێوان ناوەند و هەرێمی كوردستان بوو. دوای پەسەندكردنی دەستوریش لە ساڵی 2005 لە مادە 117 / یەكەم دان بە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی دەنێت و مافی بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی پێی داوە تەنیا دەسەڵاتە دیاریكراوەكانی فیدراڵی (الصلاحیات الحصریە للسگات الاتحادیە) نەبێت و ئەوەی باسی نەكردووە لە دەسەڵاته دیاریكراوەكان‌ لە دەسەڵاتی هەرێمدایە و تەنانەت لەبەرامبەر یاسا فیدرالیەكان ئەولەویەتی بە یاساكانی هەرێم داوە.  هەروەها ئەوەی پەیوەستە بە دەسەڵاتە هاوبەشەكان كە لەمادەكانی 110 تاكو 115ی دەستوردا هاتووە مافی هەمواركردنەوەی جێبەجێكردنی یاساكانی فیدراڵی بە هەرێم داوە كاتێك هاودژی یان ناكۆكی لەگەڵ یاساكانی هەرێمدا هەبێت و لێرەدا باڵادەستی بۆ یاساكانی هەرێمە. هەروەها شایەنی ئاماژەپێكردنە كە ناكرێت لەژێر هیچ پاساوێك دەستكاری مادە دەستورییەكان بكرێت لەبەر ئەوەی دەستوریین و گشت لایەك دەبێ پێوەی پابەند بن لەنێویشیاندا دادگای فیدراڵی كە پێویستە پێوەی پابەند بێت و كێشەی بۆ دروست نەكات یان پێشێلی نەكات بە بیانووی نابەجێ.  لەسەر ئەو بنەمایانەش، مافی هەرێمی كوردستانە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق مافە دەستورییەكانی خۆی بەكار بهێنێت، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی دامەزراندنەكەی بە پێچەوانەی حوكمەكانی مادە 92ی دەستور و یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە 30 ساڵی 2005ی هەموار كراوە، زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتە یاساییەكانی كردووە كە لەدەستوردا هاتووە بە شێوەیەك مافی بەخۆی داوە كە لە هەموو گەوره ‌و بچوكێكی هەرێم دەستێوەردان بكات هەروەك لە بڕیاری ژمارە 83ی ساڵی 2024 خۆیدا كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كۆتاكانی لە یاسای هەمواركراوی ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردووەو هەڵوەشاندنەوەی یازدە كورسیی پەرلەمان و كەمكردنیان بۆ سەد كورسی، كە بە وردبوونەوە لەو بڕیارە بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە بە پێچەوانەی ئەو دەستورەیە كە لەژێر سایەیدا كار دەكات چونكە دەستور دانی بەوەدا ناوە كە باڵادەستی بۆ یاساكانی هەرێمی كوردستانە كاتێك ناكۆك یان هاودژ بێت لەگەڵ یاسا فیدرالیەكان، بەڵام یاسای نێوبراو هیچ شتێكی نادەستوریی تێدا نیە و دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا، خۆی لەشوێنی یاسادانەر داناوە كاتێك هەستاوە بە هەموار كردنی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان و یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2007ی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كاتێك دابەشكردنی ناوچەكانی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتەكانی دیاریكراوی پەرلەمانی كوردستانەو بە دوور و نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە دادگای فیدراڵیەوە نیە بە شێوەیەك كە وا دەخوازێت پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگاكەدا بكرێت سەرەڕای ئەوەی بڕیارەكە كۆتاییەو هەموو دەسەڵاتەكان دەبێ پێوەی پابەند بن بەڵام پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە بۆ ئەوەی رەچاوی دادپەروەری و یەكسانی بكات چونكە یەكسانی و دادپەروەری بناغەی حوكمرانیە و پەیڕەوكردنی لەنێو خەڵكدا هێز و پێگە و سەنگ و قورسایی لەنێو كۆمەڵگەدا پتەو دەكات ئەویش بۆ گەرەنتی كردنی ماف و كەرامەتی هاووڵاتیان بە بێ جیاكاری ئیتنی و دینی و نەتەوەیی و مەزهەبی یان رەگەزیی.

    دادوەر
    عبدالجبارعزیز حسن
    سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان

  • دادوەرە پارتیەکەی دادگای فیدراڵی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە

    دادوەرە پارتیەکەی دادگای فیدراڵی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە

    دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی تایبەت بە دەست لەکارکێشانەوەی دژی بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی باسی لە چەند خاڵێك كرد بەم شێوەیە

    🔸لە میانی كاركردنم وەك دادوەر، هەستم بە گەڕانەوە بۆ سیستەمی مەركەزیەت لە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی كرد كە وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ مەركەزیەت. هەستم كرد دەسەڵاتی دەستووریی هەرێمەكان كەم دەكرێتەوە.

    🔸دادگای فیدڕاڵی لە هەموو سیستەمەكاندا هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتی ناوەند و دەسەڵاتی هەرێمەكان دەپارێزێت، بۆیە دادگاكە بە ناوی فیدڕاڵی ناوی لێندراوە و لە دەستووردا كۆمەڵێك ماددەی بۆ تەرخان كراوە، لە نێویشیاندا ماددەی ١١٩. بۆیە پێویستە دادگای فیدڕاڵی زیاتر دەسەڵاتی هەرێمەكان بپارێزێت نەك دەسەڵاتی ناوەند. بەڵام بەداخەوە لە دادگای فیدڕاڵی پێچەوانەكەیم بینی.

    🔸دەستووری هەمیشەیی عێراق یەكێكە لەو دەستوورانەی كە پێویستی بەوە هەیە كە ئەگەر هەموار بكرێتەوە، كۆمەڵێك ڕێكاری پێویستە. لەو دەستوورەدا مافەكانی پێكهاتەكان جێگە كراوەتەوە، بەڵام هەستم كردووە كە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی ئاراستەیەكە بەرەو هەمواركردنەوەی دەستوور.

    🔸لەبەر ئەوەی یاسای دادگای فیدڕاڵی بەپێی ماددە ٩٢ی دەستوور دەرنەچووە، ئەو دادگایەی ئێستای عێراق بەپێی یاسایەكەوە دروستكراوە كە پێش نووسینەوەی دەستوور دەركراوە، تەنیا دوو نوێنەری بۆ هەرێمی كوردستان لەو دادگایە هەبوون، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕیارەكان بە زۆرینە دەردەكران، بۆیە نەماندەتوانی كاریگەری لەسەر بڕیارەكان بكەین.

    لە كۆتاییشدا رای گەیاند: ”من لەبەر هەموو ئەو هۆكارانە، لە ڕوانگەی هەستكردنم بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گەلی هەرێمی كوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانیەوە و لەبەردەم دامەزراوەكانی و قەوارە دەستوورییەكەی، كشانەوەی خۆم لە ئەندامێتیی دادگای باڵای فیدڕاڵی رادەگەیەنمم، چونكە بەهۆی ئەو هۆكارانەوە نەمتوانیوە ئەو ئامانجانەم وەدی بهێنم كە لەپێناویدا لە دادگاكە دەست بەكار بووم و بەهۆی گۆڕانی ئاراستەكانی دادگاكە.“

  • دادگای فیدراڵی ئامانجی لەباربردنی هەرێمە و بەغدا بەردەوامە لە دەستبەسەرداگرتنی پشکی هەرێم

    دادگای فیدراڵی ئامانجی لەباربردنی هەرێمە و بەغدا بەردەوامە لە دەستبەسەرداگرتنی پشکی هەرێم

    پێگەی (ئەلمۆنیتۆر)ی ئەمریكی, راپۆرتێكی بە ناونیشانی “سودانی روبەڕوی فشاری ئەمریكا بووەتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ كورد پێش سەردانەكەی بۆ واشنتۆن” پێگەی پێگەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چارەسەركردنی ململانێ بەردەوامەكانی نێوان بەغدادو هەولێر, یەكێكە لەو پرسانەی ئەولەویەتی هەیە بەلای واشنتۆنەوە.
    هەروەها دەشلێت” فشارەكان لەسەر حكومەتەكەی سودانی چڕتۆ بووەتەوە بۆ باشكردنی ئەو كاروبارانەی كە جێگەی مەترسین. هەروەها ئاماژە بە فشارەکانی ئەمریکا دەکات لەسەر بەغدا و دەڵێت “فشارەكانی ئەمریكا بەڕوونی دەركەوت لە كۆبونەوەی سودانی لەگەڵ جەیك سۆلیڤان, راوێژكاری ئاسیشی نیشتمانی ئەمریكا, لە پەراوێزی كۆڕبەندی جیهانی لە دافۆس، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پێگەکەی راگەیاندووە کە سۆلیڤان بە سودانی وتووە, پێویستە سەردانەكەی بۆ واشنتۆن لە قۆناعێكی باشدابێت, كە بەرەوپێشچوون لە پەیوەندیەكان لەگەڵ هەولێر بەدیبكرێت. لە بارەی دەستبەسەەداگرتنی پشکی هەولێر پێگەکە ئاشکرای دەکات کە “بەغداد بەردەوامە لە دەستبەسەراگرتنی پشكی هەولێر لە بودجەی نیشتمانی و, رەتیدەكاتەوە رێگە بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بدات, لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیەوە.
    لەهەمان كاتدا باس لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکات دژی هەرێم و رایدەگەیەنێت , دادگای فیدراڵی كۆمەڵێك بڕیاری دەركردووە, كە ئامانجی لەباربردنی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیە, كە بە گوێرەی دەستور دراوە بە هەرێمی كوردستان, هەروەها دەشڵیت بەمدواییانە بڕیارێكی دیکەی دەركردووە كە دەبێت سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان بخرێتەوە ژێر دەستی بەغداد.