نووسەر: nawras nawras

  • شاری ستێرلینگ هایتسی ئەمریکی و عەنکاوە دەبنە دەستەخوشک

    شاری ستێرلینگ هایتسی ئەمریکی و عەنکاوە دەبنە دەستەخوشک

    قایمقامی عەنكاوە ڕایگەیاندووە، ئەنجوومەنی شارەوانی شاری ستێرلینگ هایتس لە ویلایەتی میشیگنی ئەمەریكی ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی لەگەڵ عەنكاوە ببنە دەستەخوشك.

    رامی نووری قایمقامی عەنكاوە ئاماژەی بەوە كردووە، ئەم دەستپێشخەرییە لە لایەن دامەزراوەی ڕەوەندی كلدانی لە ئەمەریكا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ پێشكەش كرا، پێكەوە كاریان لەسەر كردووە و ڕەزامەندی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێریان وەرگرتووە.

    قایمقامی عەنكاوە روونی كردەوە، لە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتن و ئیدارەی شارە ئەمەریكییەكە بەشێوەی ئۆنلاین كۆبوونەوەی هەفتانەیان هەبووە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هەنگاوەكانی ئەو پرۆسەیە و هەموو ئەو خاڵە پێویستانەی هەبوون، هەردوولا ڕوونیان كردووەتەوە و تێگەیشتنی هاوبەش لەبارەیەوە دروست بووە.

    لەبارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتننامەكە، قایمقامی عەنكاوە دەڵێت، چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت، لەوانە ناردنی فەرمانبەرانی حكوومەت بۆ ڕا‌هێنان لە ئەمەریكا لەبارەی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی حكوومەت بەشێوەیەكی مۆدێرن، هەروەها لە بڕگەی دووەمی ڕێككەوتننامەكە باس لە ناردنی گەنجانی عەنكاوە دەكات بۆ ئەمەریكا بۆ ئەوەی ئاشنایی لەگەڵ فەرهەنگ و شێوازی ژیانی ئەو وڵاتە پەیدا بكەن و لە ڕووی سەركردایەتی و كاری پێكەوەییەوە ئامادە بكرێن بۆ داهاتوو.

    هەروەها لە ڕووی ئاڵوگۆڕی كولتووریی و ڕۆشنبیریی هەردوولا پێوەندییەكانیان بەهێز دەكەن و سەردان و بەشداری لە چالاكییەكانی یەكتر دەكەن بۆ دروستكردنی ئاشنایەتی لەبارەی مێژووی ناوچەكە و ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، كە ئەنجوومەنی شارەكە سەرسامی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕیوە.

  • ئیدریس ئیسماعیل بۆ بازمیدیا:  ئەوانەی دەیانگوت نەوت رادەست بکەن، لەوکاتەوەی نەوت ڕادەستکراوە،بودجە نەنێردراوە و ورەیان لێنەهاتووە

    ئیدریس ئیسماعیل بۆ بازمیدیا: ئەوانەی دەیانگوت نەوت رادەست بکەن، لەوکاتەوەی نەوت ڕادەستکراوە،بودجە نەنێردراوە و ورەیان لێنەهاتووە

    ئیدریس ئیسماعیل بۆ بازمیدیا:
    ئەوانەی دەیانگوت نەوت رادەست بکەن، لەوکاتەوەی نەوت ڕادەستکراوە،بودجە نەنێردراوە و ورەیان لێنەهاتووە

    ئەوانەی دەیانگوت نەوت رادەست بکەن ئەگەر بەغدا موچەی نەنارد وەرن گلەی لە ئیمە بکەن،لەو کاتەی نەوت رادەست کراوە تا ئێستا یەک مانگیش بە رێکو پێکی بەغدا پارە نەناردوە سەرەرای ئەوەی کە دادگای فیدرالی بریاری دابوو نابێت کێشەی موچە تێکەلی کێشەی سیاسی بکرێت ، هەر کاتێک دادگای فیدرالی بریارێک دژی کورد و کوردستان دابێت عیراقچیەکان دەیانگوت ئەمە بڕیاری دادگای فیدارلیە و بریارێکی قەتعیە و دەبێت جێبەجی بکرێت بەلام لە کاتی بریاردان لە بەرژەوەندی کوردستاندا و جێبەجێ نەکردنی ئەو بریارە لە لای وەزیری دارای عیراق هیچ لەو جاشانە ورەیان نیە یەک قسە دژی ئەو وەزیرە بکەن ،
    من زور سەرسورماوم لە ئەوانەی بە ناو ئوپۆزسیۆن ، باشە تێگەیشتن لە هەرێمی کوردستان ئێوە هەر چی خراپە بە ناوی ئوپوزسیونەوە دەرهەق حکومەتی هەرێم دەلێن ، بەلام لە بەغدا لە جیاتی ئەوەی داوای مافی کورد بکن لەوێش دژی هەرێمی کوردستان کاردەکەن هەر وەکو لە عیراقیش پارتی حکومەت و دەسەلات بیت ، ئەگەر ئێستاش ئەو پسیارە ئاراستەی جاشەکانی بە ناو ئوپۆزسیۆن بکەین و بلێن کا موچەی خەلکی کوردستان بەدلنایەوە دەلێن حکومەتی هەرێم دەبێت پێشمەرگە و ئاسایش و چەک و جبەخانە هەموو رادەستی وەزارەتی بەرگری عیراق بکەن ، ئەوان ئامادەنە کوردستان بە دار و بەرد و ئاو خەلک و خاک و پێشمەرگەوە هەر هەموی رادەستی بەغدا بکەن ئەوان لە عیراق و عەرەبە شوفینیەکان زیاتر دوژمنی کوردستانن ، بەتایبەتی لەم روژانە کە هەلبژاردنی کوردستان لە پێشمانە جاشەکان هەمو هەول دەدەن بو نە ناردنی مووچەی خەلکی کوردستان بو ئەوە خەلک نارازی بیت ، بەلام خەلکی کوردستان چاک دەزانێت ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت بو خزمەتی خەلکی کوردستان درێغی ناکەن و جاشەکانیش هەر شەرمزار دەبن

    ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجی پەرلەمانی کوردستان. بۆ بازمیدیا

  • ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی / ژمێرکارییەوە.

    ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی / ژمێرکارییەوە.

    ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی / ژمێرکارییەوە.

    ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی ناڕاست و ناڕەوا دژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان دەستی پێکردووە و دەیانەوێت هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ڕێگایەوە چەندین زانیاری ناڕاست لەسەر لیستی مووچە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە هۆکاری نەناردنی مووچە زیادبونی تەمویلی مووچەو ژمارەی فەرمانبەرو مووچەخۆرەو هتد….. ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی دەخەینە ڕوو.

    ١- سەبارەت بە دووبارە بونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغداد، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە بەڵام لە حکومەتی عێراق سودمەندن لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە، پێویست بوو لەکاتی بوونی سەرپێچی یاسایی لەلایەن هەردولاوە ئیجرائاتی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بونی مووچەو هاوکاری لەیەک کاتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دوبارە بونەوە هەبێت راستتر وابوو هاوکاریەکە ڕابگیرێت نەک مووچە لەبەرئەوەی فەرمانبەرەکە لەڕووی یاساییەوە بۆ پێدانی مووچە هیچ گرفتێکی نییە، وە ئەبوایە هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ لە ڕێی لیژنەی هاوبەشەوە بەدواداچون و وردبینیان بۆ دۆسیەکان بکردایەو چۆنیەتی سزاو بڕەکەیان دیاری بکردایە، کەڕەنگە هەندێک لەم حاڵەتانە نایاسایی نەبێت بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم.

    ٢- سەبارەت بە کێشەی نەبونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز لەوانە بونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن و هتد….. ئەوەش بەو مانایە نایات ئەوەی کە بایۆمەتری نەبێت مووچەخۆر نییە، لەجیاتی ئیعتیماد لەسەر بایۆمەتری کە حکومەتی هەرێم بەفەرمی وتویەتی تەواو نەبووە، باشتربوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی ئیعتیمادی لەسەر کارتی نیشتیمانی بکردایە کەهەموو هاوڵاتی و مووچەخۆرێک بەسەربازی و مەدەنیەوە هەیەتی لە تەواوی عێراقدا.

    ٣- بەشێکی تر لەو ناوە دوبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێم کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە الاسماء)، وەهیچ یاسا شکێنیەکی تیا نییە، بەڵام بەبێ گەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە نیازە مووچەیان ببڕێت ، شایەنی باسە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناردون.

    ٤- سەبارەت بە کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و فەرمانگەکانى ترى کەرکوک کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە ئەوەش کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە بەردەوامە تاکو ئێستا وەکوو کێشەیەکی ماوە لەنێوان هەرێم و بەغداد درێژەی هەیەو پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتی هەیە واتە ڕێکەوتنی سیاسی.

    ٥- سەبارەت بە زیاد بوونى تەمویلی مووچەى نێوان مانگى (٦و ٧)ـ ٢٠٢٤ ، بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووەو بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووەو بڕی (٥٤،٢٠٨،٠٠٠،٠٠٠) پەنجاو چوار ملیارو دووسەدو هەشت ملیۆن دینار زیادبووە، شایەنی باسە ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ مووچەی مانگی حەوت لاببەی ، تەمویلی داواکراو نزیکەی ٩٥٦،٨٧٦،٠٠٠،٠٠٠ نۆ سەدو پەنجاو شەش ملیارو هەشت سەدو حەفتاو ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کەنزیک و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی ڕابردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجی کردووە.

    لە کۆتایدا پێویستە هەموو لایەک ئاگادار بن حکومەتی هەرێم لەدوای ساڵی ١٩٩٢ وە دابڕانێکی دورو درێژی لەبواری سیستەمی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری هەبووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تا دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە شوباتی ئەمساڵ تایبەت بەمووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.

    لەدوای ئەو بڕیارەوە هەردولا کاردەکەن بۆ ئەوەی ئیجرائاتە ئیداری و دارایی و یاسایی و ژمێریاریەکان یەک بخەن، کەئەمەش کارێکی ئاڵۆزو پڕ گرفتە.

    ئێمە لەساڵی ڕابردووەوە کاری لەسەر دەکەین و بەردەوامیشین ، ئومێدەوارین تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن.

    وە داواکارین لەوەزارەتی دارایی فیدراڵ هاوکار و هەماهەنگ بێت لەگەڵمان بۆ چارەسەر کردنی ڕێژەیەکی کەم لەو کێشە هونەریانەی تائێستا چارەسەر نەکراوە، نەک ئیجرائاتی (تعسف) ی بەرامبەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.

    چونکە پێمان وایە ناکرێت بەبێ وردبینی و بەدواداچوون لەو تێبینیانە مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت تەنها بەبڕیارێکی ئیداری.

    بەبیر هەموو لایەکی دەهێنینەوە دوای ( ٣١ ) ڕۆژ لە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، تا ئەم ساتە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری خەرجکردنی ( ١،٤٢٦،٠٠٠،٠٠٠ ) تەنها یەک ملیارو چوار سەدو بیست شەش ملیۆنی دەرکردووە بۆ تەمویلی موچەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە (%00.14)کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

    ئیتر مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان خۆتان قەزاوەت بکەن کێشەکە ( ئیداری و دارایی و ژمێریارییە یان ســیاسـی)

    بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢٠٢٤/٨/٢١

  • هۆکاری کوشتنی کۆڵبەرە کوردەکەی دوێنیی سنووری هەڵەبجە لە لایەن یەکێتی ئاشکرا کرا

    هۆکاری کوشتنی کۆڵبەرە کوردەکەی دوێنیی سنووری هەڵەبجە لە لایەن یەکێتی ئاشکرا کرا

    هۆکاری کوشتنی کۆڵبەرە کوردەکەی دوێنیی سنووری هەڵەبجە لە لایەن یەکێتی ئاشکرا کرا

    بەپێی زانیارییە بەردەستەکان ماوەی شەش مانگە یەکێتی لەڕێی وەهاب هەڵەبجەیی ، لەسنوری هەڵەبجە خەریکی سەرانە سەندنە لە خەڵکی ئاسایی و کۆڵبەرانی سەر سنور، هەر نەم هۆیەوە وەهاب هەڵەبجەیی کۆمەڵێک پیاوی خۆی بۆ ئەو کارە ڕاسپاردوە و هەر کەسێک سەرانە نەدات ناهێڵن لەسەر سنور کاری کۆڵبەری بکات! جێی باسە ئەگەر کەسی کۆڵبەر چاونەترس بێت و گوێ بە هەڕەشەی دژەتیرۆری یەکێتی و پیاوە ڕاسپاردەکانی وەهاب هەڵەبجەیینەدات و بەردەوام بێت لە کارکردن بەبێ سەرانەدان ، لەپشتەوە تە•قەی لێدەکەن بە مەبەستی کوشتن

    جێی باسە نزیکەی 20ڕۆژ بەر لە ئێستا کۆڵبەرێک بەناوی (عومەر محمد) بەهۆی ئەوەی سەرانەی نەدابوو بە پیاوەکانی وەهاب و بەردەوام بوو لە کارکردن، لەلایەن یەکێک لە چەکدارەکانی وەهاب هەڵەبجەیی بەناوی (ئیبراهیم ئاوای) تەقەی لێ دەکرێت و بریندار دەکرێت!
    ئەوکات بۆ ئەوەی بابەتەکە نەگاتە میدیاکان، هەرزوو کەسی تەقەکەر لەبەرچاوی خەڵک ون دەکەن و بە کەسوکاری کۆڵبەرە بریندارەکەش دەڵێن “دەسگیرمان کردوە و لەزیندانە”!!

    شایەنی باسە دوێنێ هەمان ڕوداوی هاوشێوە دوبارە بویەوە کۆڵبەرێکی تر بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبوو سەرانە بە پیاوەکانی وەهاب هەڵەبجەیی بدات، لەلایەن یەکێک لە پیاوەکانی وەهابەوە بەناوی (هەڵکەوت) تەقەی لێ دەکرێت و دە•کوژرێت،کو•ژرانی ئەم کۆڵبەرە ئاگری لە ناوچەکە بەردا و شەوی ڕابردوو کەسوکاری کوژراوەکە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی پاسەوانی سنور (واتا پیاوەکانی وەهاب هەڵەبجەیی) و بارەگاکەیان سوتاند.!

    هەر بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ کۆمەڵێک ئەفسەری پاسەوانی سنوور ویستیان بەژداری لە پرسەی ئەو کۆڵبەرەدا بکەن کە دوێنێ خۆیان کو*شتیان!، بەڵام لەلایەن کەسوکاری کۆڵبەرەکەوە دەرکران و ڕێگەیان پێ نەدرا بەژداری پرسەکە بکەن!!

    تێبێنی /وێنەی لای ڕاست (عومەر محمد)ـی کۆڵبەری بریندار کراوە وێنەی لای چەپ، ئیبراهیم ئاوای پیاوی وەهاب هەڵەبجەییە کە عومەر محمدی بریندار کردوە!!

  • سبەی پێنج پڕۆژەی گرنگی تەندروستی لە پارێزگای دهۆک دەکەونە واری جێبەجێکردن

    سبەی پێنج پڕۆژەی گرنگی تەندروستی لە پارێزگای دهۆک دەکەونە واری جێبەجێکردن

    سبەی پێنج پڕۆژەی گرنگی تەندروستی لە پارێزگای دهۆک دەکەونە واری جێبەجێکردن …

    د. سەرکار سوورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: سبەی دووشەممە ( ١٩ ) ی ئاب بڕیارە بە ئامادەبوونی هەر یەک لە بەڕێزان وەزیری تەندروستی دکتۆر سامان بەرزنجی و پارێزگاری دهۆک دکتۆر عەلی تەتەر و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک دکتۆر ئاڤراسیاب موسی و چەندین لایەنی تری پەیوەندیدار پێنج پڕۆژەی ستراتیژی لە کەرتی تەندروستی لە سنوری پارێزگای دهۆک بکەونە واری جێبەجێکردن ئەوانیش دانانی بەردی بناغە بۆ سێ پڕۆژەی تەندروستی گرنگ و مەراسیمی کردنەوەی دوو سەنتەری پزیشکی . پرۆژەکان بەم شێوەی خوارەوەن :

    _ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی سەنتەری شوشتنی گورچیلە لە شاری دهۆک و سەنتەری شوشتنی گورچیلە لە قەزای ئاکرێ .
    _ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی چاودێری تەندروستی منداڵە ناکامەکان ( خدج ) لە نەخۆشخانەی منداڵبوون لە شاری دهۆک .
    _ دانانی بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی نۆژەنکردنەوە و گۆڕانکاری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کۆنی دهۆک بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە .

    _ کرنەوەی بنکەی تەندروستی ئازادی لە دۆمیز لە جۆری A .
    _ کردنەوەی سەنتەری چارەسەری نەخۆشی شەکرە و رژێنە دەرەقییەکان لە پارێزگای دهۆک .

  • پێشەوا هەورامانی: سەرۆکوەزیران باوه‌ڕی به‌ پرۆژه‌ی ستراتیژی و بنیاتنانی ژێرخانێكی به‌هێزه‌ بۆ كوردستان

    پێشەوا هەورامانی: سەرۆکوەزیران باوه‌ڕی به‌ پرۆژه‌ی ستراتیژی و بنیاتنانی ژێرخانێكی به‌هێزه‌ بۆ كوردستان

    پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە: “حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م كابینه‌یه‌دا سه‌لماندی كه‌ كابینه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌ و خزمه‌تكاری هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌ به‌بێ جیاوازی له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌ و شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و ستراتیژی ئه‌نجام دراون”.

    گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی باسی لەوەشکردووە: جیاوازی ئەم کابینەیە ئەوەیە کە ڕوانین و دونیابینی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەوەیە‌، باوه‌ڕی به‌ پرۆژه‌ی گه‌وره‌ و ستراتیژیی و بنیاتنانی ژێرخانێكی به‌هێزه‌ بۆ كوردستان.

    هەروەها گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە: کابینەی نۆیەم به ‌ئیمكانیه‌ت و توانایه‌كی ماددیی زۆر كه‌م وێڕای هه‌موو فشاره‌كان، جێده‌ستی دیاره‌ و له ‌زۆربه‌ی بواره‌كان توانیویەتی خزمه‌تی گه‌وره‌ و پرۆژه‌ی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات، کە له‌ مه‌ودوایه‌كی دوورودرێژ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت.

    هاوکات پێشەوا هەورامانی، باسی لە سەردان و بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کردووە بۆ سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و دەڵێت: “ئه‌م به‌ده‌مه‌وه‌هاتنه‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و خه‌ڵكیش ئێستا ئه‌وه‌یان بۆ ڕوون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی خه‌ڵك مانای چییه‌”.

    لەبارەی کار و خزمەتەکانی کابینەی نۆیەم، پێشه‌وا هه‌ورامانی ئه‌وه‌شی خستە ڕوو: گۆڕانكاریی زۆر گه‌وره‌ ڕوویان داوه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌م كابینه‌یه‌دا و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی كوردستان زۆر دیاره‌ و ئه‌م كابینه‌یه‌ش توانی بۆ یه‌كه‌م جار سیاسه‌تی ئاو دابڕێژێت، هەروەها له ‌بابه‌تی خۆراك زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستان گرفتی سایلۆیان نه‌ماوه و‌ به‌رهه‌می جووتیاران كاری له‌سه‌ر كراوه‌.

    لە بواری وەبەرهێنانیش، پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاندووە: ڕێژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌م كابینه‌یەدا‌ زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و پیشه‌سازی یه‌كێك بووه‌ له‌ ئامانجه‌كانی ئه‌م كابینه‌یه‌، کە فۆكسی زیاتر له‌سه‌ر كارگه‌ و وه‌به‌رهێنان له‌ بواری كشتوكاڵی و پیشه‌سازی بووه‌، فۆكسی ئه‌م كابینه‌یه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانی خانووبه‌ره‌ نه‌بووه،‌ له ‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كان وه‌به‌رهێنانی كردووه‌.

    پێشەوا هەورامانی ڕاشیگەیاندووە: له‌ناو ئه‌و هه‌موو فشار و نه‌بوونی پاره‌ و ئه‌و گوشاره‌ی كراوه‌ له‌م كابینه‌یه‌، باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ هێزێک به‌رگه‌ی بگرێت، به‌ڵام به‌رگه‌ی گرت و به‌ بەهێزییە‌وه‌ مایه‌وه‌ و به‌م فشارانه‌شه‌وه‌ توانی خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بكات و‌ زۆربه‌ی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م جێبه‌جێ كراون و سه‌رۆكوه‌زیران به‌ ئامانه‌ته‌وه‌ له ‌ماوه‌ی خولی كابینه‌ی حكوومه‌تدا توانی ئه‌و به‌ڵێنەی به‌ خه‌ڵكی دابوو، جێبه‌جێی بكات.

  • دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان سامانی ماسییان بووژاندووەتەوە

    دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان سامانی ماسییان بووژاندووەتەوە

    دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان سامانی ماسییان بووژاندووەتەوە

    ڕێدیر سدقی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی دهۆك، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاندووە: “دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان، سامانی ماسییان زیاد کردووە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر پەنجەماسی دەخەینە ناو پۆندەکان”.

    هەزاران هەلی کار لە ڕێگەی پرۆژەکانی ماسی ڕەخسێنراون، جگە لە پرۆژەکانیش، ڕاوکردنی ماسی، بووەتە سەرچاوەیەک بۆ بژێویی بەشێک لە هاووڵاتییان.

    لە هەرێمی کوردستاندا، 413 پرۆژەی ماسی هەن، کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە؛ بەرهەمی ساڵانەیان 4 هەزار و 700 تۆن ماسییە، پێداویستیی ناوخۆیی بۆ بەرهەمی ماسی، ساڵانە زیاتر لە 80 هەزار تۆنە.

    حکومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لە دابینکردنی ژینگەیەکی لەباری ئاوی، کارئاسانییەکی تەواو بۆ پرۆژەکانی ماسی دەکات.

    لەمساڵدا نزیکەی 80 هەزار پەنجەماسی، خراونەتە بەنداوەکانی چەمرگە و خنس.

  • پەیامی سەرۆك بارزانی لە حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

    پەیامی سەرۆك بارزانی لە حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

    پەیامی سەرۆك بارزانی لە حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

    بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

    بەبۆنەی حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی لە سەرجەم كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم و هیوای سەربەرزی و خۆشیان بۆ دەخوازم.

    دامەزراندنی پارتی لە شازدەی ئابی 1946ـدا بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر زەڕوورەتێكی مێژوویی بوو بۆ درێژەپێدانی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كورد لەو ساتە سەختانەی هەموو هەوڵی نەیار و داگیركارانی كوردستان ئەوە بوو شۆڕش و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان سەركوت و خامۆش بكەن. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە لەدەستی خەڵكی كوردستان بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان.

    لە حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا جەخت لەوە دەكەمەوە، پارتی بۆ ڕزگاریی گەلی كوردستان و خزمەتكردنی گەلی كوردستان دروست بووە، بۆ ئەوە دامەزراوە خەڵكی كوردستان سەرفیراز بن و دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان هەردەم پارێزراو و بەهێز بێت. بۆیە دەبێ هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژوو و قوربانیدانی حزبەكەیان و خوێنی شەهیدان بن و ئەركی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن كە خزمەتكردن و بەهێزكردنی كوردستانە. هەموو لایەك بە دۆست و نەیارانی گەلی كوردستان ئەو ڕاستیە دەزانن كە چەندە پارتی بەهێز بێت ئەوەندەش كوردستان بەهێزە.

    مسعود بارزانی
    16ی ئابی 2024

  • مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی لەیادی 16ی ئابدا پەیامێكی بڵاو كردەوە

    مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی لەیادی 16ی ئابدا پەیامێكی بڵاو كردەوە

    مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی لەیادی 16ی ئابدا پەیامێكی بڵاو كردەوە

    دەقی مەسرور بارزانی، پەیامی جێگری سەرۆکی پارتی لە یادی 16ـی ئابدا:

    بە بۆنەی حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک و ڕێبەری نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی ، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و گشت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کوردستانییانی نیشتمانپەروەر دەکەم.

    پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لە سەر دەستی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بارزانیی نەمر ، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی و حزبی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بووە.

    پارتی خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە سەروەری و فیداکاری و بەرگریکردنە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و ئەمڕۆش بە هۆی سەرکردایەتیی دووربینانە و لێهاتووانەی جەنابی سەرۆک و دڵسۆزی و لەخۆبردوویی ئەندامان و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی، پارتیمان یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین و کاریگەرترین حزبەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی گرنگ و کارای لە پاراستنی قەوارەی دەستووری و بەدەستهێنانی دەسکەوتە نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە. پارتی تاکە ئومێدی خەلکی کوردستانە کە ڕێگە نەدات پیلانی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان سەر بگرێت و بەرگریکارێکی سەر سەخت دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەدەستەوەدانی خاک و مافەکانی خەلکی کوردستان بگرێت. چاوەڕوانین ئەندام و لایەنگرانی پارتی ، بە هەموو گوڕ و تین و دڵسۆزیێکەوە، بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن بۆ ئەوەی وەک هەمیشە، پارتی هێزی یەکەم و پێشەنگی کوردستان بێت ، چونکە سەرکەوتنی پارتی ، سەرکەوتن و پێشکەوتن و ئاوەدانیی کوردستانە.

    لە یادی شازدەی ئاب و ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، سڵاو لە دامەزرێنەری پارتی ، بارزانیی مستەفا و سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان.

    مەسرور بارزانی
    جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
    شازدەی ئابی 2024

  • مەکتەبی سیاسیی پارتی پەیامێکی لە یادی 77ەمین ساڵیدی دامەزراندنی پارتی، بڵاوکردەوە

    مەکتەبی سیاسیی پارتی پەیامێکی لە یادی 77ەمین ساڵیدی دامەزراندنی پارتی، بڵاوکردەوە

    مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لە یادی 77ەمین ساڵیدی دامەزراندنی پارتی، بڵاوکردەوە.

    لە بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی هاتووە: “یادی دامەزراندنی پارتی، تەنیا یادی حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکوو یادی ھزرێک، ڕێبازێکە، کە ھەم ھەنگاوێکی گرنگ و بێھاوتا بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و خەباتی نەسرەوتووی گەلەکەمان، ھەمیش پێویستییەکی مێژوویی بوو بۆ بەدیھێنانی خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان.”

    دەقی بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

    جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان

    خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان

    پێشمەرگە قارەمانەکان

    ئەمڕۆ حەفتا و ھەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە شازدەی ئابی ساڵی ١٩٤٦، لە نێو تاریکایی زوڵم و ستەم و ڕۆژگاری پڕ دەردەسەریی ئەوکات و لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لە پێناو ئازادیی گەل و خاک و نیشتمان لە ئەستۆ گرت و لەوساوە تا ئێستا، لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ، بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوت گەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان وەدەستھێناوە، کە ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادیان دەکەینەوە.

    یادی دامەزراندنی پارتی، تەنیا یادی حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو یادی ھزرێک، ڕێبازێکە، کە ھەم ھەنگاوێکی گرنگ و بێھاوتا بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و خەباتی نەسرەوتووی گەلەکەمان، ھەمیش پێویستییەکی مێژوویی بوو بۆ بەدیھێنانی خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان.

    ھاووڵاتیانی ئازیزی کوردستان

    ھەڤاڵان و جەماوەری ھێژای پارتیمان

    زنجیرەی خەباتی نەپساوەی چەکداریی و سیاسیی و دیپلۆماسیی و میدیایی پارتیمان لە قۆناغە جیاجیاکانی تێکۆشانیدا لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماریدا و ھەروەھا لە شۆڕشەکانی ئەیلوولی مەزن و گوڵان و ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ـدا و، ھەموو ئەو دەستکەوتانەی لەو کاروانە نەپساوەدا بەدیھاتوون، گەواھیدەری ئەوەن، کە پارتی ھێزێک و ڕێکخستنێک و بزووتنەوەیەکی پێشەنگ و پشتئەستوور بووە بە جەماوەر و تێکڕای چین و توێژ و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبییەکانی کوردستان، ھەروەھا بە گیانی کوردایەتی و کوردستانی و کولتووری دایالۆگ و برایەتی و پێکەوەژیان لەسەر ئاستی نێوخۆ و پارچەکانی دیکەی کوردستان کاری کردووە بۆ بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و سەرخستنی دۆزە ڕەواکەمان و دابینکردنی مافەکانمان.

    ئەمڕۆ کە یادی شکۆداری ١٦ی ئابە، گەلەکەمان قۆناغگەلێکی دوور و درێژی بڕیوە و سەدان ھەوراز و نشێوی دیکەی تێپەڕاندووە و چەندین مین و پیلانی پوچەڵ کردۆتەوە و بە ئومێدەوە لە ئایندە و ئاسۆیەکی گەش دەڕوانێت. پارتی کە ئەو ھەموو پیلان و گەلەکۆمەکییەی لێکرا، وەک پێشڕەوی کوردایەتی و کۆڵنەدان، وەک ھەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و ھەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگریی و بەرگریی مەردانەی لە خاک و مافی گەلی کوردستان، ھێندەی دیکە پێگە و نێوبانگی لەسەر ھەموو ئاستەکان بەھێزتر کردووە و بەرنامە نیشتمانی و ئاوەدانخوازییەکەشی جێگەی ئومێدی جەماوەرە، پتەوی ڕیزەکانی نێوخۆشی وایکردووە ئەھلی ئەو پڕکێشییە سەخت و دژوارانە بێت.

    کوردستانییانی ھێژا

    لە یادی ١٦ی ئابدا، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو کوردستانێکی ئاسوودە و سەقامگیرتر ھەنگاو دەنێین بۆ بەھێزترکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسیی ھەرێم، بەرەو ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت، ھەڵبژاردنێک کە پارتیمان بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت و ھاوکارین بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی دیموکراسییانەی پاک و بێگەرد و بێ دەستتێوەردانی ھیچ لایەک، تا دەنگدەرانی کوردستان ئازادانە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە کەشێکی ئارامدا نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان ھەڵبژێرن، کە لە ئاست ئەرکەکانی قۆناغەکەدا بێت و، بتوانێت سەقامگیریی کوردستان وەک ھەمیشە بپارێزێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر ببات، ھەڵبەتە ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانیی ھەیە، ئەو یەکڕیزییەی، کە پارتیمان ھەوڵی بۆ داوە و زۆرترین نەرمیشی لە پێناودا نواندووە.

    ھاووڵاتیانی خۆشەویست

    پارتیمان، لە ڕوانگەی بەخەمەوەبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای پڕەنسیپەکانی ھاوبەشی، سازان، ھاوسەنگی، چارەسەر بۆ جیاوازییەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە مووچەخۆرانی ئازیزیشەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن، ئەم چارەسەرییانەش ببنە بناغەی پێکەوەژیانی پێکھاتە جیاجیاکانی عێراقی فیدراڵ.

    لەسەر ئاستی ناوچەکەش، پارتیمان لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت کە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت و، ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت و، وەکو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە ھەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەھەمان شێوە ھەرێم نابێتە گۆڕەپانێک بۆ ھەڕەشە لەسەر ئاساییشی سنوورەکانی ئەو وڵاتانە و ڕێز لە سەروەریی ھەموو لایەک بگیرێت.

    لەو یادە پڕ شکۆیەدا، بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە، وەک ھەمیشە لەسەر ھەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی شەرعییانەی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، ھەروەھا بەھێزکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی و دیموکراسیی و کوولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.

    لەم یادە پڕ مانا و پیرۆزەدا:

    ـ سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر).

    ـ سڵاو بۆ ئەندازیاری ئاشتەوایی کاکە (ئیدریسی ھەمیشە لەیاد).

    ـ سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەھیدانی ڕێگەی سەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.

    لە یادی ١٦ی ئابدا بەڵێن بۆ گیانی پاکی شەھیدان نوێ دەکەینەوە کە درێژەپێدەری ڕێبازەکەیان بین، کە ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئەو ئەزموون و دەسکەوتانەی، کە بەرھەمی خوێنی بەنرخی ئەوانە.

    لەم بۆنە مێژووییەدا سوپاس و پێزانین ئاراستەی ھەڤاڵانمان و کادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستانمان و بە تایبەتییش یەک بە یەکی پێشمەرگە قارەمانەکان، دەکەین و ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنین لە داکۆکیکردن لە پارتە ڕەسەنەکەیان و سووربوونیان لەسەر بەدیھێنانی ئەو پەیام و پەیمانەی داویانە.

    سەرکەوتن ھەر بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە

    بەرزو شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کورد و کوردستان