نووسەر: nawras nawras

  • سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

    سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

    پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

    بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

    بەبۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.
    دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی بارزانیی نەمر جەختکردنەوە بوو لە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی بوو لە بەشداریكردنیان لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرز ڕاگرتنی ڕەسەنایەتی و بەها ئایینیەکان و کولتووری پێكەوەژیان لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد.
    هەمیشە ئەو چاوەڕوانیە لە زانایانی ئایینی و مامۆستا بەڕێزەکان هەیە ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە بەهێزکردنی هەستی نیشتیمانپەرەوەری و بەها مرۆڤییەکان و تەبایی و پێکەوەژیان و هۆشیارکردنەوەی جەماوەر بگێڕن.

    لەم بۆنە مێژووییەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.
    خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.

    مسعود بارزانی
    21ـی ئەیلوولی 2024

  • 13 پڕۆژە لە قەزای بنەسڵاوە جێبەجێ دەکرێن

    13 پڕۆژە لە قەزای بنەسڵاوە جێبەجێ دەکرێن

    ئەو پرۆژانەی کە لەسەردەمی کابینەی نۆیەم و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ سنووری بنەسڵاوە کراوە،کە کۆپیەکەی بۆ بازمیدیا نێردراوە

    ــ پڕۆژەی دروستكردنی پۆندی بنەسڵاوە بەگوژمەی 4 ملیار دینار و لەئێستادا کاری لێدەکرێت…

    ــ پڕۆژەی دروستكردنی شەقام و ئاوەرۆی لولەیی بەگوژمەی 3 ملیار دینار لەئێستادا كاری لێدەكرێت…

    ــ پڕۆژەی دروستكردنی سایدی دووەمی دەروازەی بنەسڵاوە بەكوژمەی 1 ملیارو و 600,000 شەسەد ملیۆن دینار لەئێستادا كاری لێدەكرێت…

    ــ پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەرۆی لوولەیی لەبنەسڵاوە بەكوژمەی 48 ملیۆن دینار لەئێستادا كاری لێدەكرێت…


    ــ کۆی گشتی گوژمەی ئەو پڕۆژەكانی لەسنووری قەزای بنەسڵاوە جێبەجێكراون 14,789,000,000 چواردە ملیار و حەفت سەد و هەشتاو نۆ ملیۆن دینارە.

    ئەوپرۆژانەی کە لەماوەیەکی نزیکدا لەقەزای بنەسڵاوه دەست بەکاردەبن

    1-پرۆژەی دروستکردنی پردی کۆنی بنەسڵاوە لەماوەیەکی نزیک دەست بەکاردەبێت.

    2-قیرتاوکردنی ناوچەی پیشەسازی لەبنەسڵاوە دەست پێدەکات.

    3-پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی پارکی نەمران دەست پێدەکات…

    4-پرۆژەی دروستکردنی چەند شەقامێک لەگەرەسۆر دەست پێدەکان


    ئەو پرۆژانەی کەپێشنیارکراون


    1-دروستکردنی شەقام لەنێوان ئاڵتون ستی و گەڕەکی چوارچرا.

    2-دروستكردنى شەقام وئاوەرۆی لولەیی لەگەڕەکی نۆهەرزاری.

    3-قیرتاوکردنی شەقامەکانی گەڕەکی گوڵان و گەڕەکی تەعجیل.

    4-قیرتاوکردن و دروستکردنی ئاوەرۆی لولەیی لەگوندی گەرەسۆر.

    5-قیرتاوکردنی شەقامەکانی گەرەکی گەرەسۆر

  • مەسرور بارزانی: پێویستە زانكۆكانمان بناغەی هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییە پێشكەوتووەكانی دەرەوە دابنێن

    مەسرور بارزانی: پێویستە زانكۆكانمان بناغەی هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییە پێشكەوتووەكانی دەرەوە دابنێن

    مەسرور بارزانی: پێویستە زانكۆكانمان بناغەی هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییە پێشكەوتووەكانی دەرەوە دابنێن

    ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە شاری هەولێر کردەوە .

    سەرۆکی حکومەت لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەكەمان لە رووی سەرچاوەی مرۆڤی دەوڵەمەندە و كۆمەڵگەیەكی گەنجمان هەیە، بۆیە دەبێت وەبەرهێنان لەسەر گەنجەكانمان بكەین و پێیان بگەیەنین، تاكوو كارامەتر لە بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر بۆ وڵاتەكەمان بەشدار بن.

    ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری سەرۆکی حکومەتە:

    بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

    ئامادەبووانی بەڕێز

    میوانانی هێژا

    زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی زانكۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی بەشدارم.
    كردنەوەی ئەم زانكۆیە، كردنەوەی دەرگای ئەزموونی دەوڵەمەند و شێوازی خوێندنی زانكۆكانی بەریتانیایە بۆ هەرێمی كوردستان.

    ئەم هەنگاوەش كاریگەریی بەرچاوی لە پێشخستنی ئاستی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان دەبێت و لە هەمانكاتدا زەمینەیەكی لەبارتر دەڕەخسێنێت بۆ پێشكەوتن و فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لە بوارەكانی كەلتووری و زانستی و ئابووری.

    وڵاتەكەمان لە رووی سەرچاوەی مرۆڤی دەوڵەمەندە و كۆمەڵگەیەكی گەنجمان هەیە، بۆیە دەبێت وەبەرهێنان لەسەر گەنجەكانمان بكەین و پێیان بگەیەنین، تاكوو كارامەتر لە بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر بۆ وڵاتەكەمان بەشدار بن.

    یەكێك لە ڕێگاكانی وەبەرهێنان لەسەر گەنجان و تواناكانیشیان، پێگەیاندنیانە لە ڕووی زانستی و ئەكادیمییەوە، بۆیە بە كردنەوەی هەر زانكۆیەكی ئاست بەرز، هیوا و ئومێدمان بۆ ئاییندەیەكی گەشتر زیاتر دەبێت.

    لەو بڕوایەدام ئەم زانكۆیەش كاریگەریی و جێدەستی لە بواری پێگەیاندنی پسپۆڕان و شارەزایانی كارامە دیار دەبێت و دەرچوانی ئەم زانكۆیە، ڕۆڵ و پێگەی خۆیان لە پرۆسەی ئاوەدانی و پێشخستنی وڵاتدا دەبیننەوە.

    لێرەدا دەرفەتە كە باس لە گرنگیی توێژینەوە و ریسێرچە زانستییەكان بكەم. توێژینەوە و لێكۆڵینەوە زانستییەكان كاریگەریی زۆریان دەبێت بۆ بەرچاوڕوونیمان بۆ دانانی پلان و بەرنامەكانمان بۆ داهاتوو. لەو كاتەی كە بەرپرسیارێتیی سەرۆكایەتیی ئەم كابینەیەم وەرگرتووە، هەستم بە كەموكوڕی كردووە كە لە زۆر بواردا لێكۆڵینەوە و زانیاری و داتای ورد لەبەردەست نییە. بۆیە دەبێ زانكۆكانمان لەم ڕووەوە هاوكارمان بن. پێویستە زانكۆكانمان بناخەی هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییە پێشكەوتووەكانی دەرەوە دابنێن تاكوو لە بوارە جیاجیاكانی پێویست وەكوو كشتوكاڵ، پیشەسازی، ئابووری، ئاو، ژینگە و كەشوهەوا لێكۆڵینەوەی هاوبەش بكەن. زانكۆكانی بەریتانیاش لەم ڕووەوە ئەزموونێكی زۆر باشیان هەیە و ئەم زانكۆیەش دەتوانێت پردێكی باشتر بێت بۆ پێشخستنی ئەم بوارە.

    بەر لەوەی بێینە ئێرە، بەردی بناخەی پۆندێكمان هەر لەناو سنووری ئەم زانكۆیە دانا، ڕووبەرێكی زۆری ئەم زانكۆیەش بۆ سەوزایی تەرخان كراوە و سوود لە وزەی نوێ وەرگیراوە. ئەم هەنگاوانە مایەی دڵخۆشییە و نیشانەی ئەوەیە كە بەڕێوەبەرانی ئەم زانكۆیە لە خەمی ژینگەپارێزیدان و بەپێی توانا و بەرپرسیارێتیی خۆیان، كار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەكەن.

    هیوادارم هەموو زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكانمان رۆڵ و بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییە ژینگەییەكان بگێڕن، ئومێدەوارم قوتابیانی ئازیزمان لەم زانكۆ و گشت زانكۆكانی دیكەمان هەمیشە سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن كە ئەم زانكۆیانە بۆیان دەڕەخسێنن، بۆ ئەوەی لە ڕێی زانست و فێربوونەوە تواناكانیان بەرز بكەنەوە، تاكو بتوانن كاریگەرتر خزمەتی كوردستان و نیشتمانەكەیان بكەن و نموونەیەكی گەش و باڵای پاشەڕۆژی كۆمەڵگەكەمان بن.

    لێرەدا پاڵپشتیی خۆم و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم زانكۆیە دووپات دەكەمەوە و جارێكی دیكەش پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای پێشكەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.

  • مەلا بەختیار: کوڕانی مام جەلال بە کودەتا هاتوونەتە سەر دەسەڵات

    مەلا بەختیار: کوڕانی مام جەلال بە کودەتا هاتوونەتە سەر دەسەڵات

    بەشێك لە قسەكانی مەلا بەختیار تێکۆشەری دێرینی یەکێتی لە بەرامبەر هێرشەكەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی بۆ سەر دەزگا و بارەگاكانی سەر بە مەلا بەختیار:

    کوڕانی مام جەلال بە کودەتا هاتوونەتە سەر دەسەڵات، بێدەنگ نابم لەو تاوانە، سەدان کەسم لەگەڵە و یەکێتی بە هێزی چەکداری بەڕێوەناجێت

    🔶بەرامبەر ئەم تاوانە بێدەنگ نابم و تەنها نیم و سەدان کەسم لەگەڵە.

    🔶پێشتر باسی ئەوەم کردبوو یەکێتی بە هێزی چەکدار ناچێت بەڕێوە.

    🔶کوڕەکانی مام جەلال گوێ نادەنە هیچ بەهایەک.

    ‌🔶پێشتر باسی ئەوەم کردبوو یەکێتی لە لێوارێکی ترسناکدایە.

    🔶بیستومە بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوە بچێتە سەر ماڵەکەم لە خانەقین.

    🔶ئەوەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی بەرامبەر بە ئێمە دەیكەن مام جەلال لە گۆڕەكەی ڕادەچڵەكێنێ.

    🔶هەرچی ئەرز و دەباشان و دەوروبەری دەباشان و بەكرەجۆ و جێگەی مەسڵەحە و هەرچی شوێنی بازرگانی هەیە داگیریان كردووە، كەس نازانێ ئەم هەموو داهاتە بۆ كوێ دەڕوات؟ بە سەدان ملیۆن دۆلار داهاتی دەڤەری سلێمانییە بۆ كوێ دەڕوا؟

    🔶گوێ نادەنە ئەو هەموو ناڕەزایەتییەی خەڵك كە لەسەریان هەیە، بەردەوام دەبن لەم شەرمەزارییە، لە باتی ئەوەی بە خۆیاندا بچنەوە و كادیرە نانبڕاوەكان ئاشت بكەنەوە و هەزاران تێكۆشەر ئاشت بكەنەوە.

    🔶هەر راپرسییەك دەكرێ یەكێتی ناتوانێ لە نەوەی نوێش بباتەوە. هەموو راپرسییەكان دەڵێن لیستی یەكێتی لە خوار پارتی و هەندێك لە لیستەكانی ترەوەیە. سێ راپرسیم خوێندۆتەوە ئەنجامەكەی مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە بۆ یەكێتی و مێژووی یەكێتی.

    🔶یەكێتی هەر تاوانێك ئەنجام بدات، ئێمە بە هەڵوێستێكی شەرەفمەندانە و بە ئارامی وەڵام دەدەینەوە، بەرنامەی ئەڵتەرناتیڤی خۆمان دەخەینە ڕوو، ئێمە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راستەقینەین، چونكە گەندەڵ نین، كۆمپانیامان نییە، ئەرزەمان داگیر نەكردووە.

    🔶بۆیە ئێمە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاراستەی گۆڕانكارین، مینبەری فرەمینبەرین، شكۆی یەكێتی هی ئێوە نییە هی ئێمەیە، مێژووی یەكێتی هی ئێمەیە هی ئێوە نییە. یەكێتی هەرچی كارەساتی بەسەر هاتووە ئێمە هەڵمانستاندۆتەوە ئێوە هەر لە وڵاتیش نەبوون، هەرزەكارێك بوون لە ئەورووپا، ئەگەر كوڕی مام جەلال نەبوونایە ئێوە چۆن ئەو هەموو پۆستەتان دەست دەكەوێ؟

  • سەرۆکی حکومەت؛ پابەندین بە پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان

    سەرۆکی حکومەت؛ پابەندین بە پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان

    سەرۆکی حکومەت؛ پابەندین بە پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان

    ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان، لە هەولێر بەڕێوە چوو.  سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا جەختی کردەوە کە پێویستە هەموومان کار بکەین بۆ زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردنی هزر و گیانی پێکەوە ژیان و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە دەبنە هۆی زیاتر پێشخستنی نیشتمانەکەمان و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

    ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەت :
    بەناوی خوای گەورە و میهرەبان (صپروخون هاوێ بريخا)
    خوشك و برایانی بەڕێز، مێوانانی ئازیز و خۆشەویست، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم، بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، پایتەختی پێكەوەژیانی ئایین و كلتوورە جیاوازەكان، بەخێرهاتنی هەموو ئەو میوانە بەڕێزانە دەكەم كە لە سەرانسەری جیهان تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لەم سیمپۆزیۆمە، بە تایبەتی بەرپرسان و مامۆستایانی ئایینیی و هەموو كلتوورە جیاوازەكان كە لێرە بەشدارن، زۆر زۆر بەخێر بێن. هیوای سەرکەوتن بۆ كۆڕبەندە دەخوازم و دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی دەكەم.

    دەستخۆشی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەریی سریانی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم سیمپۆزیۆمە. ئومێدەوارم ئەو گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە و باسانەی لە میانەی ئەم کۆڕبەندەدا پێشکەش دەکرێن، ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدانی کولتووری سریانی و لە خزمەتی بەهێزترکردنی گیانی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەكانی ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان بن. کوردستان بە درێژایی مێژوو، وەک بێشکەی مرۆڤایەتی، هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز بووە چەند شارستانیەتی جیاواز وەک شارستانی ماددەکان و سۆمەری و ئەکەدی و کلدانی و ئاشووری و سریانی و چەندانی تر، لەسەر زەمینی کوردستان سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە. من لە بۆنەی تریش ئاماژەم بەوە داوە کە لە دەڤەری ئێمەدا، لە یەک گونددا مزگەوت و کەنیسە و کنشت، جێگەیان بووەتەوە و باوەڕدارانی ئەم ئایینانە و ئەم کولتوورە جیاوازانە، بەیەکەوە ژیاون و جیاوازییەکانی یەکتریان قبووڵ بووە. هەروەها كە پەلاماری كوردستانیش دراوە، جیاوازی لە نێوان ئایین و كلتوورە جیاوازەكاندا نەكراوە و هەموویان بە یەك چاو سەیر كراون. كە ناحەزان و دوژمنان وەكوو یەك سەیری ئێمە دەكەن، دەبێ ئێمەش یەكدەست و وەكوو برا بین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەموو تەحەدیات و هەموو ناخۆشییەكان ببینەوە.

    لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانیش بەشدارییەکی دیاریان لە ژیانی سیاسیی و کولتووری و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا هەبووە و حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو دۆخی بەیەکەوەژیانەی کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان و مایەی شانازیمانە و هەمیشە داکۆکی و پارێزگاری لەم کولتوورە جوانە دەکەین و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هزرێکی تووندڕۆیی و جیاكاریش دەبینەوە.

    لەم دواییانەش کە هەوڵدرا مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی ناوخۆ و دامودەزگای فیدراڵی پێشێل بکرێت، ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە ڕووبەڕووی ئەو هەوڵ و پیلانانە بووینەوە و سەرەنجام بەشێک لە مافە زەوتکراوەکان گەڕێندرانەوە و پشت بە خوا و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئومێدمان وایە كە ماف و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی كوردستان لە بواری پەرلەمانی و ئیداریی هەرێمدا بە شێوەیەكی شایستەتر بچەسپێنین. هیوادارم بە هەموومانەوە کار بکەین بۆ زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردنی هزر و گیانی پێکەوە ژیان و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە دەبنە هۆی زیاتر پێشخستنی نیشتمانەکەمان و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

    جارێکی دیکەش دەستخۆشی ئەنجامدانی ئەم كۆڕبەندانەتان لێ دەکەم و بەڵێن دەدەین کە وەک هەمیشە، گرنگی بە زمان و ڕۆشنبیریی سریانی و زمان و کولتوور و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی گشت پێکهاتە جیاوازەكانی کوردستان بدەین. زۆر سوپاس، جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، هەر شاد و سەركەوتوو بن، وڵاتەكەشمان هەر ئاوەدان بێت.

  • ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرا کرا

    ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرا کرا

    ئەنجومەنی وەزیران یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ پەسەند دەکات

    *سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە وانەبێژان و خانەنشینان دەکات
    *سەرۆک وەزیران: داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەم بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن، چونکە هەموومان ڕۆڵەی ئەم کوردستانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەین.
    ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
    لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد وەک، بە گرێبەستکردنی وانەبێژان، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە وانەبێژان کرد کە بڕیاردرا لە سەر داهاتی ناوخۆ بکرێنە گرێبەست و هیوای خواست ئەم بڕیارە مایەی ڕەزامەندی مامۆستایانی وانەبێژ بێت و ببێتە هۆی زیاتر هاندانیان بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.
    سەرۆکی حکومەت هەروەها پیرۆزبایی لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەنگی لەسەردرا و پەسەند کرا ، لە سەر ئاستی حکومەتی فیدڕاڵیش دواجار توانرا بگەینە ڕێککەوتن و لەم مانگەوە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵ وەرگرت. گوتیشی خانەنشینان دڵنیا دەکەینەوە کە هەمیشە پاڵپشتی داوا و داخوازییە ڕەواکانیان دەبین و ئەم بەشە ماندووەی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گشتی تەرخان کرد شایانی هەموو پشتیوانییەکن.
    لە کۆتایی گوتەکەیدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد کە بڕیارە لەم مانگەدا دەست پێ بکات، لەم ڕووەوە سەرۆک وەزیران گوتی بێگومان لایەنە سیاسیەکان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو وڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چۆن بانگەشە بکەن، بەڵام داوایان لێ دەکەم کە بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن ، چونکە هەموومان کوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نيشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەین.
    لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو.
    دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەشنووسی بڕیارەکەی وەک خۆی پەسەند کرد لە پێناو یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستمی دارایی وژمێریاری لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم و دەسەڵاتەکانی کە لەناو دەستووری عێراق جێگیرکراون، وەک ئاشکراشە لە دوای ساڵی 2014 ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، دابڕانێکی تەواو ڕوویدا لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کە بووە هۆی پەیڕەوکردنی دوو سیستمی دارایی و ژمێریاریی جیاواز لە لایەن وەزارەتی دارایی هەردوولا، بۆیە لە قۆناغی نوێی ئێستای پەیوەندی هەردوو حکومەت، ئەم هەنگاوە گرنگە و ڕۆڵی دەبێت لە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی دارایی و ژمێریاریی هەردوولا و چارەسەرکردنی زۆربەی سەرنج و تێبینیەکانی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی لەسەر داهات و خەرجی و میلاکی حکومەتی هەرێم و یەکخستنی شایستەی دارایی و مووچەی مووچەخۆران لە سەرتاسەری عێراق کە ئەمەش لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمە کە بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی دەستی پێکرد.
    پاشان لە بڕگەی دووەمدا ، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆتایی حەفتەی ڕابوردوو لە بەغدا، هەروەها ئەنجامی دوایین کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ لەلایەن سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو کە پوختەی ڕاسپاردە و سەرنج و تێبینیە تەکنیکیەکان و هەنگاوی جدیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بوو کە لە ماوەی پێشوو ڕێکاری پێویستیان وەرگرتووە سەبارەت بە ڕاسپاردە و سەرنجەکانی وردبینی هاوبەش و پێداچوونەوەی داهات و خەرجیی ومیلاک و لیستەکانی مووچە، بەجۆرێک بەهانە و بیانووی تەکنیکی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەمێنێت بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی هەرێم، هەروەها بڕی ئەو پارانەش خرانەڕوو کەوەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەممووز و ئاب خەرجی کردووە.
    ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردوولا و تەواوکردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەموو مووچەخۆران و پەلەکردن لە چالاککردنی بە ئەليکترۆنیکردنی سیستمی پێدانی مووچە . لەبەرامبەریشدا پێویستە لە سەر وەزارەتی دارایی فيدراڵ تەواوکاریی مووچەی مانگی تەمموز و ئابی 2024 بە پەلە ڕەوانە بکەن تاوەکوو حکومەتی هەرێم بتوانێت لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئابن.
    لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەتیی ئەنجومەنی ئابووریی وەزاریی فیدراڵ كرد کە وا بڕیارە لەم ڕۆژانەدا لە هەولێر تایبەت بە دۆسێیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وەزارەتەکانی هەردوولا ئەنجام بدرێت، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیی گەرمیی لە سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە لە هەولێر، لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێم ئەم کۆبونەوەیە بە دەرفەتێکی پڕ بایەخ دەزانێت تا لە نزیکەوە ڕووبەڕوو وەزیرانی پەیوەندیداری لە هەردوو حکومەتی هەرێم وفیدڕاڵ گفتوگۆی جیدیی لەسەر دۆسێیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لا بکرێت کە تائێستا چارەسەر نەکراون لە گشت بوار و کەرتەکاندا.
    ئەنجومەنی وەزیران سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی وبەدواداچوون و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکاریی پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و سکرتاریەتی ئەنجومەنی فیدڕاڵیی ئابووری، هەروەها وەزیرە بەڕێزەکانیش ڕاسپێردران بە پێی تایبەتمەندییان، پێویستە دۆسیەی خۆیان ئامادە بکەن لەگەڵ خستنەڕووی پێشنیار و ڕاسپاردەی هاوسەنگ و پێویست بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە جێگیرکراوەکانی هاتوو لە دەستووریی عێراق لە پێناوی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی نێوان هەردوو حکومەت لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

  • مەسرور بارزانی: گرفتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەشێکی لایەنە سیاسییەکانن، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین

    مەسرور بارزانی: گرفتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەشێکی لایەنە سیاسییەکانن، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین

    مەسرور بارزانی: گرفتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەشێکی لایەنە سیاسییەکانن، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین

    لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی دا کە بەشێکی زۆری ئەو داواکاری و ڕاسپاردانەی لەم ڕاپۆرتەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەیان پێدراوە ، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، کاری لە سەر کردوون و پلان و کارنامەی بۆ جێبەجێکردنیان داناوە.

    ئەمەش دەقی وتاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانە :
    بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
    بەڕێزان، بەیانیتان باش، زۆر بەخێر بێن
    بەخێرهاتنێكی تایبەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی كوردستان دەكەم، هەروەها بەخێرهاتنێكی گەرمی مێوانانی بەڕێز لە بەغدا، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە حكوومەتی فیدڕاڵ، هەروەها جێگری سەرۆكی چاودێریی دارایی لە حكوومەتی فیدڕاڵ دەكەم، بەخێرهاتنی هەموو ئەو بەڕێزانەی چ لە كوردستان و چ لە دەرەوەی كوردستان هاتوون، هەروەها بەخێرهاتنی بەڕێز باڵوێزی یەكێتیی ئەورووپاش دەكەم. زۆر زۆر بەخێر بێن،
    زۆر خۆشحاڵم كە لەم بۆنەیە لەگەڵ ئێوە بەشدارم.
    دەستخۆشی لە دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەبارەی جێبەجێکردنی ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان.
    بێگومان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتیی ، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە . بۆیە کاری جیددیمان کردووە و ڕێکاری پێویستمان گرتەبەر لە پێناو پەرەپێدانی شەفافیەت و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی. لەم ڕووەوە هەماهەنگیی و پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ هەیە.
    ئەم ڕاپۆرتەش بە هاوکاری و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە و لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021، ئەنجومەنی وەزیران ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پەسەند کرد و هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی و لە هەمان کاتدا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانيش ڕاسپێردران بۆ بەدوادچوونی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی ئەم ڕاپۆرتە کە لەمانگی سێی ئەمساڵدا، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە لایەن بەڕێز سەرۆکی دەستەی دەستپاکییەوە خرایە ڕوو.
    جێی خۆشحاڵییە کە بەشێکی زۆری ئەو داواکاری و ڕاسپاردانەی لەم ڕاپۆرتەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەیان پێدراوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، کاری لە سەر کردوون و پلان و کارنامەی بۆ جێبەجێکردنیان داناوە، لەوانە:
    * بەدیجیتەڵکردنی کاروبارەکانی حکومەت و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دیجیتاڵی و هەنگاونان بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی.
    پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کاروبارەکانی حکومەت بەردەوامە و بەشێکی گرنگە لە چاکسازییەکانی حکومەت کە بێگومان ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی بیرۆکراسی و سنووردانان بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.
    تەوەرێکی دیکەی کارکردنمان بە ئاراستەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، * چاکسازیکردنە لە سیستەمی بانکی و بەستنەوەی دامەزاراوەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت بە سیستەمێکی پێشکەوتوو و هاوچەرخی بانکی.
    هەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتوو و چالاکی بانکی، جگە لەوەی یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. فاکتەرێکی گرنگی پەرەپێدانی ئابوورییە و ژینگەیەكی لەباریشە بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی و یارمەتیدەریشە بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی گەندەڵی.
    هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەرنامە چاکسازییەکانی بۆ پەرەپێدانی شەفافیەت و دادپەروەری و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، * کاری لەسەر هەموارکردنەوە و پێشکەشکردنی چەند پڕۆژە یاسایەکیش کردووە کە دیارترینیان یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی بووە لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2020 ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا و پەسەند کرا.
    هەروەها لە چەند ساڵی ڕابردوو، لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە چەندین کەیسی تایبەت بە گەندەڵیش کراون و ڕەوانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان کراون.

    ئامادەبووانی بەڕێز :
    ئێمە خواست و ئیرادەیەکی بەهێزمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەیە، بەڵام ئەمە تەنیا ئەرکی حکوومەت و دادگاکان نییە، بەڵکوو پێویستی بە هەماهەنگیی و هاریکاری و پشتیوانیی گشت هاووڵاتییان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و زانکۆ و دامەزراوەکانی پەروەردە و مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەیە کە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ڕوونکردنەوەی مەترسییەکانی گەندەڵی بگێڕن. لە هەمان کاتدا پێویستە کار لەسەر پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی کولتووری دەستپاکی و ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی بکەین.
    هەرچەندە بەشێک لە گرفتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەرنامەی چاکسازی، دەست تێوەردان و ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان بووە کە نەک هاوکار نەبوون، بەڵکوو هەندێک لایەن دژایەتی سیستەماتیکی هەوڵەکانی حکومەتەیان کردووە. بەڵام من لێرەدا هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە، کە سەرەڕای هەموو کێشە و ئاستەنگ و قەیرانەکان، ئێمە بە گوڕ و تین و ئیرادەیەکی زۆر بەهێزەوە، بەردەوام دەبین لە سەر درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتن و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
    جارێکی دیکەش دەستخۆشی لە دەستەی دەستپاکی دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دووپات دەکەمەوە لە پێناو سنووردارکردن و بنبڕکردنی پەتای کوشندەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان .
    هەر شاد و سەرکەوتوو بن.

  • لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی و خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانران

    بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی و خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانران

    ڕۆژی یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024، لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە ژێر چاودێری هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە گوژمەی (20) ملیار دینار ، بەردی بناغەی دروستکردنی جووتسایدی پیشەسازی کۆن ــ گەڕەکی بانە، پارکی نیشتیمانی سۆران،شەقامەکانی کۆمەڵگەی گەڵاڵە و شەقامی سەرەکی دیانا ـ سەروچاوە لە قەزای ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانرا، پڕۆژەکان لەلایەن کاڤین گرووپ جێبەجێ دەکرێن.

    لە مەڕاسیمەکەدا هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی جووت ساید حاجی ئۆمەران دادەنرێت و دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

    هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێت: پڕۆژەی ڕیسایکلین لە چەند هەفتەیەکی داهاتوو بەردی بناغەکەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە دادەنرێت و لە ماوەیەکی کورتدا دەچێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

    سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەشڵێت: هەردوو پرۆژەی پارکی نیشتمانی و پارکی ناو شاران، ماوەیەک بەر لە ئێستە بەردی بناغەیان لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بۆ دانرا. پرۆژەی نیشتمانی کە نزیکەی 300 دۆنمی بۆ تەرخان کرابوو و پێشتر دیزاینی کرابوو، دووبارە سەرلە نوێ دیزاین کرایەوە، ئێستە ڕووبەرەکەی زیاتر لە 420 دۆنمە؛ ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە دەروازەی ئەو پرۆژە دەکەوێتە ناو بازاڕ، هاووڵاتییان دەتوانن لەدەرگای ناو بازاڕی سۆرانەوە بێنە ناو پارکەکە تا دەگاتە خوار هۆڵی بۆنەکانی سۆران.

    ئەوەشی خستە ڕوو، بە تەواو بوونی ئەو پارکە، سۆران لە ڕووی سەوزاییەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکە، هەروەها پانتاییەکی زۆری سەوزایی لە ناو سەنتەری سۆران بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت.

    هەڵگورد شێخ نەجیب، باسی لەوەشکرد، بەهەمان شێوە پارکی ناو شار جارێکی دیکە دیزاینێکی دیکەمان بۆ کردەوە، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر سوودی لێ وەربگرین، ئێستە دیزاییەنەکەی تەواو بووە. لەم چەند ڕۆژەدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەچێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

  • لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە قەزای ناوەندن سۆران دەچنە بواری جێبەجێکردن

    لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە قەزای ناوەندن سۆران دەچنە بواری جێبەجێکردن

    چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە قەزای ناوەندن سۆران دەچنە بواری جێبەجێکردن

    ڕۆژی سێشەممە 27ـی ئابی 2024، لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ژێر چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەردی بناغەی پڕۆژەی درێژکردنەوەی بۆڕی ئاوی خواردنەوە و دروستکردن و قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی گەرەکەکانی 26ـی گوڵان و بەرخودان و هەندرێن، بە گوژمەی(1,170,250,000) ملیار دینار لە سەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانرا،کە لەلایەن کۆمپانیای هەبابان جێبەجێ دەکرێت.

    لە مەڕاسیمی دانانی بەردی بناغەکەدا، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆران، قائیمقامی قەزای چۆمان،بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران،سەرۆکی شارەوانی سۆران،بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ، بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی سۆران و بەرپرسانی حکومی و حزبی و دانیشتوانی هەرسێ گەڕەکەکە ئامادەیبوون.

    سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە مەڕاسیمەکەدا چەند وتەیەکی پێشکەش بە دانیشتوانی ئەم سێ گەڕەکە کرد و ڕایگەیاند: “وەک ئاگادارن لە ماوەی سێ ساڵی دروستبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران،سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و فشارانەی لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردوستان هەیە، شۆڕشێکی ئاوەدانیمان بە پاڵپشتی و هاوکاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکان بەتایبەت، ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ تۆڕی ئاوی خواردنەوە، کارەبا،تەندروستی،پەروەردە لەم دەڤەرە دەست پێکردووە و بەردەوامین”.

    سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: “بۆیە جێی خۆیەتی بە ناوی هاوڵاتیان و خەڵکی ئەم دەڤەرە سوپاسێکی تایبەتی سەرۆکوەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی بکەین کە لەم ماوەیەی رابردوو هاوکار و پاڵپشتێکی تەواوی ئەو دەڤەرە بووە،ئەو هاوکاریانەی کە لەلایەن حکومەتەوە لەرێی ئێمەوە پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێت بە ئەمانەتەوە ئەو هاوکاری و پاڵپشتیانە دەگەیێنینە خەڵکی خۆمان.

    لە کۆتاییدا هەڵگورد شێخ نەجیب ڕاشیگەیاند: “لەدانانی بەردی بناغەی چەندین پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان لە داهاتوو بەردەوام دەبین خەڵکی ئەم دەڤەرە شایستەی هەموو خزمەتێکن”.

    راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

  • مەسرور بارزانی لە 36 مین ساڵیادی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاوکردەوە

    مەسرور بارزانی لە 36 مین ساڵیادی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاوکردەوە

    مەسرور بارزانی لە 36 مین ساڵیادی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاوکردەوە

    دەقی پەیامی مەسرور بارزانی:

    ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە کە سی و شەش ساڵ لەمەوبەر، لە دوا قۆناغی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال ، ڕژێمی بەعس، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی دەڤەری بادینانی شەهید و بێسەروشوێن کرد، سەدان گوندی ئەو ناوچەیەشی وێران کرد کە سەرەنجام بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس.

    ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە قێزەونانە، قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو،بەڵام تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژیانە ، نەیانتوانی ئیرادە و خواستی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان لە ناوببەن.

    لەم یادەدا ، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە .

    لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت و هەرچی لە تواناشیدا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان درێخی ناکات.

    سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و گشت شەهیدانی کوردستان.

    مەسرور بارزانی
    سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

    2024/8/25