نووسەر: barzan barzan

  • سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراقی دەكات

    سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراقی دەكات

    سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراقی دەكات

    ڕۆژی دووشەممە 9ی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراقی كرد كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان فواد حوسێن جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری و محەمەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری پلان دانان و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەڕێز حەمید نەعیم خزیر سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بەڕێز عەلی موحسن ئیسماعیل پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراقی لە وەزارەتەكانی دەرەوە و پلاندانان و دارایی و نەوت و بازرگانی و پیشەسازی و كانزاكان و كشتوكاڵ و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و هەروەها سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بانكی ناوەندیی عێراق و دەستەی ئەوراقە داراییەكانی عێراق.

    لەو دیدارەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و خەبات لەدژی دیكتاتۆریەت هەبوو، هەروەها ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمیان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. هەروەها شاندی میوان جەختیان لەوە كردەوە كە چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم سوودبەخش بووە و مەبەستیانە هەموو لایەك لە كەشێكی پڕ لە متمانە و بە تێڕوانینێكی شەفاف و بنیاتنەر بگەنە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و لابردنی كۆسپەكان.

    هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی باڵای حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵی كرد و هیوای ئەوەی خواست كە ئەو سەردان و یەكتردیتنە ئەنجامێكی ئیجابی بۆ هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە سەددەی بیستەم و هەروەها ئەوەشی بە ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە ڕاگەیاند كە لەدوای 2003 ئەو چاوەڕوانییە هەبوو كە عێراقێكی تازە بنیات بنرێت كە ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و شەراكەت و دیموكراسی و فرەیی لە ناوچەكەدا. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە خەباتی گەلی كوردستان بۆ چەسپاندنی شەراكەت و مافەكانیەتی و ناكرێ لەبری ڕێزگرتن لە داواكانی گەلی كوردستان و قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران، هەوڵی ئەوە بدرێت دۆزێكی مێژوویی و خەبات و قوربانیدانی بێهەژماری كوردستان لە بابەتی مووچەدا بچووك بكرێتەوە یانیش هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت.

    سەرۆك بارزانی لەدرێژەی وتەكانیدا جەختیشی لەوە كردەوە كە باشترین ڕێگە بۆ نەهێشتنی كێشەكان، گرتنەبەری شێوازی لێكتێگەیشتن و دیالۆگی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. ئاماژەشی بەوەدا كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە هەموومان بۆ دەستوور بگەڕێینەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییە بین كە لایەنەكانی هاوپەیمانییەتی ئیدارەی دەوڵەت لەسەری ڕێك كەوتوون. سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران سودانی هەبوو بۆ نەهێشتنی كۆسپەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان و ئەوەشی دووپات كردەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان، لەپاڵ پابەندبوون بە دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسیەكان پێویستە نیازپاكی و ئیرادەیەكی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری كێشەكان هەبێت.

    جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادە بوون كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەكی دیکە لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

  • مه‌سرور بارزانی: هەبوونی سیستەمێكی بەهێز و كاریگەر و چالاكی بانكی گرنگە

    مه‌سرور بارزانی: هەبوونی سیستەمێكی بەهێز و كاریگەر و چالاكی بانكی گرنگە

    له‌ پێنجه‌مین پێشانگا و كۆنفڕانسی هایتێكس، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی گرنگی پێشكه‌ش كرد و له‌ گوتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، بە ئەلیكترۆنیكردنی كاروبارەكانی حكوومەت و بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان لەپێناو بەرزكردنەوە و خێراتركردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و ڕێگەگرتن لە بیرۆكراسی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئێمە بووە.

    سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، هەبوونی سیستەمێكی بەهێز و كاریگەر و چالاكی بانكی گرنگە، لەم ڕوانگەیەوە دەستمان بە ئەنجامدانی چاكسازی لە سیستەمی بانكی كرد.

    ئه‌مه‌ش ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌:

    بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

    ئامادەبوانی بەڕێز
    زۆر بەخێر بێن و خۆشحاڵم كە لەگەڵ ئێوەی بەڕێزم لەم پێشانگایەدا كە نوێنەرانی كۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەكییەكانی بوارە جیاجیاكانی تەكنەلۆژیا و بانكی و گەیاندن و زانیاریی تێیدا بەشدار بوون.

    هیوادارم ئەم پێشانگایە ببێتە دەرفەتێك بۆ زیاتر پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی زیاترمان بە بازاڕ و جیهانی تەكنەلۆژیا.

    بە ئەلیكترۆنیكردنی كاروبارەكانی حكوومەت و بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان لەپێناو بەرزكردنەوە و خێراتركردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و ڕێگەگرتن لە بیرۆكراسی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئێمە بووە.

    فەرمانگەی تەنكەلۆجیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە فەرمانگە چالاك و پێشەنگەكانی حكوومەت كە كار بۆ دروستكردنی ژێرخانێكی بەهێز و پێشكەوتووی دیجیتاڵی دەكات و لە ماوەی رابردوودا ستراتیژی وەچەرخانی دیجیتاڵیی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند بە ئامانجی هێنانەكایەی حكوومەتێكی سەردەمییانەی دیجیتاڵی كە پرۆسەی گەشەسەندنی ئابووریمان بەرفراوانتر و خێراتر بكات، بە جۆرێك كە هاووڵاتیان ببنە سەنتەری گرنگیپێدان لە ڕێگەی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیاوە.

    یەكێك لە تەوەرەكانی كۆنفرانسی هایتێكس، حكومڕانی و پەرەپێدانی كەرتەكانی تەكنەلۆجیای دارایی و بانكییە، بۆیە بە پێویستی دەزانم باس لە بەرنامەكانی حكوومەت لە بواری چاكسازیی بانكی بكەم.

    هەبوونی سیستەمێكی بەهێز و كاریگەر و چالاكی بانكی گرنگە، لەم ڕوانگەیەوە دەستمان بە ئەنجامدانی چاكسازی لە سیستەمی بانكی كرد، لەپێناو بنیادنانی ژێرخان و بنەمایەكی ئابووریی دیجیتاڵیی هاوچەرخ و بەهێز كە بتوانین هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم هەنگاو بنێین.

    ئێستا دەتوانم بڵێم كە ئێمە لەسەر ڕێگەیەكی راستی گۆڕانكاری و چاكسازین لە ڕووی تەكنەلۆجیا و بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییە دارایی و بانكییەكان كە زیاتر هانی بازرگانان و وەبەرهێنان لە ناوچەكە و سەرانسەری جیهان دەدات، بۆ ئەوەی بە مەبەستی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە بواری جۆراوجۆردا ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

    سوپاسی هاوكاری و پشتیوانیتان لە پرۆژەی هەژماری من دەكەم كە نموونەیەكە بۆ دەستپێكی گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دەستپێكی گەڕاندنەوەی متمانە بە بانكەكان و سیستەمی بانكی. وەك پێشتریش رامانگەیاندووە، بەرنامەی ئێمە ئەوەیە كە لە ماوەی ساڵێكدا یەك ملیۆن مووچەخۆر لە سیستەمی بانكیدا تۆمار بكرێن كە ئەمەش پێشكەوتنێكی گەورەیە، چونكە كارێكی ئاسایی و ئاسان نییە كە لەو ماوە كورتەدا ئێمە بتوانین ئەو هەموو ژمارە خەڵكە و ئەو هەموو هاووڵاتییانە بخرێنە ناو سیستەمی بانكییەوە. هەرچەندە پێشتر پێیان دەگوتم كە ئەمە لەوانەیە مومكین نەبێت و ئەستەمە كارێكی وا لەم ماوەیەدا ئەنجام بدرێت. بەڵام خۆشبەختانە ئێمە زۆر نزیكین لە گەیشتن بە ئامانجەكان. ئێستا سیستەمی بانكیی ئێمە لە جاران بەهێزتر و كاراترە، بە ڕێژەیەكی باش گەشەی كردووە، چیتر هەزاران فەرمانبەری حكوومەت پێویست ناكات بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان چەندین كاتژمێر سەرە بگرن، رێكارەكانی جووڵەی دراویش متمانەپێكراوتر و خێراترە و دەتواندرێت لە ڕێگەی مۆبایلەوە ئەنجام بدرێت. تا ئێستا ٢٠٠ ئامێری (ATM) لە سەرانسەری هەرێم دانراون، كە لە ئەنجامدا تا هەزار ئامێری (ATM) لە بەرنامەكەدایە كە لە سەرانسەری شارەكانی كوردستان دابنرێن.

    تا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن كارمەندی كەرتی گشتیی كوردستانمان هێناوەتە ناو سیستەمی بانكی، خزمەتگوزاریی بانكی لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا پێنج هێندە گەشەی كردووە، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، كە دەڵێم پێنج هێندە گەشەی كردووە، لە ماوەی مانگێكدا زیاتر لە 120 هەزار كارمەند بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.

    ئەم ژمارەیە لە مانگی داهاتوودا بۆ زیاتر لە 200 هەزار كەس زیاد دەكات و نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار دەخرێتە سەر حیسابە بانكییەكان، ئەمەش تەنها رۆژێكی دەوێت بۆ بانكەكانی كەرتی تایبەت كە ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدەن، لە كاتێكدا ئەم پرۆسەیە پێشتر لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە لە ڕێگەی هەزاران ژمێریان ئەنجام دراوە و هەفتەیەكی خایاندووە.

    زیادبوونی نەختینە و هەبوونی سیولە متمانەی زیاتر بە بانكە تایبەتەكان و بازرگانییەكان دەدات بۆ ئەوەی بتوانن قەرز بە هاوبەشەكانیان بدەن، چ وەك تاك و چ وەك كۆمپانیا. هەرچەندە سیستەمی بانكی و خزمەتگوزاریی دارایی، یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی پرۆسەی چاكسازیمان، بەڵام ئێمە هەر بەوە نەوەستاین، بەڵكوو ئێستا هاووڵاتییان بەشێكی زۆری كارەكانی پەیوەندیكردنیان لەگەڵ حكوومەتدا بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدات، ئەمەش خێرایی و كارایی بۆ هەموان زۆر زیاد دەكات و ئێمە ناوەندێكی داتا و زانیاریمان دروست كردووە كە بەپێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەكانە، هەروەها ئێستا تۆماركردنی كۆمپانیا و بزنسەكان زۆر لە جاران ئاسانتر و خێراترە.

    لە ساڵی داهاتوودا چەندین دەستپێشخەریی دیكە رادەگەیەنین كە وەچەرخانێك دەبێت لە كاروباری رۆژانەی هاووڵاتیان و بازرگانان، بۆ نموونە دەرهێنانی زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ناسنامەی دیجیتاڵی كە لە ماوەی ئەم كابینەیەدا دەرچوون، لە ماوەی داهاتوودا لە ڕێگەی ئەم ناسنامانەوە دەتواندرێت چەندین خزمەتگوزاریی گشتی رایی بكرێت، ئەم ژمارەیەش لە ساڵی داهاتوودا بە شێوەیەكی بەرچاو زیاتر دەبێت.

    بەڕێزان هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی بەرەو بە دیجیتاڵكردنی كاروباری حكوومەت ناوە، لە ڕێگەی جێبەجێكردنی ستراتیجیی وەچەرخانی دیجیتاڵیش، گۆڕانكارییەكی جۆری لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بە هاووڵاتیانمان بە شێوەیەكی خێرا و پێشكەوتوو دێتە ئاراوە.
    ئەمڕۆ شۆڕشی تەكنەلۆژیا و ژیریی دەستكرد، وەچەرخانێكی گەورەیە لە ژیانی ئێمەدا، لە هەموو بوارەكاندا، چ لە گەیاندن و پەیوەندیكردن بێت، یان خوێندن و فێركردن و تەندروستی و بازرگانی، بێگومان كاروانی گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكان بەردەوام و خێران، پێویستە كار بكەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە سوودی لێوەربگرین، خۆمان بۆ ئاڵنگاری و ئەو كێشە و گرفتانەش ئامادە بكەین كە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، چونكە راستە تەكنەلۆژیا ژیانی ئێمەی ئاسانتر و چێژبەخشتر كردووە، بەڵام پێویستە بە وریایی و بەرپرسیاریەتییەوە لەپێناو خزمەتی مرۆڤایەتی بەكاری بێنین.

    بەڕێزان، ئەم بەیانییە كە سەردانی ئەم پێشانگایەم كرد، بەڕاستی زۆر هەستم بە شانازی كرد كە گەنجەكانی خۆمان لەو ئاستە بەرزە توانیویانە لە بواری تەكنەلۆژیادا ئەوەندە پێش بكەون. خۆیان زۆر كۆمپانیای خۆیان دامەزراندووە و داهێنانیان كردووە و زۆر لەو بەرنامە و پرۆگرامانە خۆیان دروستیان كردووە.

    لە گفتوگۆم لەگەڵ چەند كەسێكیان، زۆر خۆشحاڵ بووم كە بیستم بەشێك لەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانەی ئەوان دروستیان كردووە، نەك تەنیا لە ئاستی كوردستان، بەڵكوو لە ناوچەكەش سوودی لێدەبینن و دەتوانن لە شوێنەكانی تریش بە ڕێگەی ئەم سیستەمە دیجیتاڵییەی كە ئەوان دروستیان كردووە، پەیوەندییەكی راستەوخۆ و باشتر لەگەڵ كوردستان دروست بكەن، ئەمە ببێتە رێگە و دەرگەیەكی تریش بۆ ناساندنی كوردستان بە رووی جیهاندا.

    جارێكی تر من دەستخۆشیتان لێ دەكەم، سوپاسی ڕێكخەرانی ئەم پێشانگایە دەكەم و سوپاسی ئامادەبوونی هەموو ئەو كۆمپانیایانەش دەكەم كە بەشدار بوون لەم پێشانگایە.
    جارێكی تر زۆر زۆر بەخێر بێن، هەمیشە سەركەوتوو و سەلامەت بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

  • ئاگادارییەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

    ئاگادارییەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

    ئاگادارییەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

    ١- هەر خانەنشینێك بایۆمەتری نەكردووە،پێویستە لە ماوەی دوو هەفتەدا خۆی لە بایۆمەتری تۆمار بكات.
    ٢- هەر خانەنشینێك بایۆمەتری كردووە و نەیگەڕاندووەتەوە، پێویستە لە ماوەی دوو هەفتەدا بایۆمەترییەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانگەی خانەنشینیی پەیوەندیدار.
    ٣- هەر خانەنشینێك لەماوەی دوو هەفتەدا بایۆمەتری نەكردبێت و نەیگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانگەی خانەنشینیی پەیوەندیدار، بەپێچەوانەوە مووچەكەی ڕادەگیرێت.

    بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
    ٢٦/٨/٢٠٢٤

  • بەهۆی بیروڕای جیاواز یەکیتی دوریخستمەوە لە میدیاکەی، تەنانەت کارەبای مۆلیدەی ماڵەکەشیان بڕیوم

    بەهۆی بیروڕای جیاواز یەکیتی دوریخستمەوە لە میدیاکەی، تەنانەت کارەبای مۆلیدەی ماڵەکەشیان بڕیوم

    ڕۆژنامەنوسی سلێمانی محەمەد فاتیح بۆ بازمیدیا:
    بەهۆی بیروڕای جیاواز یەکیتی دوریخستمەوە لە میدیاکەی، تەنانەت کارەبای مۆلیدەی ماڵەکەشیان بڕیوم.

    دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر کچەکەم کەچی تاوانبارەکەیان دەستگیر نەکرد

    محەمەد فاتیح ڕۆژنامەنووسی سلێمانی بە بازمیدیای ڕاگەیاند: چەندین ساڵە یەکێتی بیانووی جۆراو جۆر بە من دەگرێت و هەڵکوتینە سەرماڵم بەبێ ئەوەی هۆکارێکی دیاریکراویان هەبێت، کە پەنام بۆ ئاسایشی سلێمانیش بردووە هاوکاریان نەکردووم تا ئەم ساتەش ئاسایش وەڵامی من نادەنەوە دەستی خۆیان لەم بابەتەدا هەیە، لە هیچ وڵاتێکی دونیادا نیە ئاسایش وەڵامی رۆژنامەنووس نەداتەوە.

    ئاماژەی بەوەشکرد: کچەکەم ڕوو بەڕووی هەڕەشەی ڕفاندن و دەستدرێژی سێكسی بوەوە، بەڵام ئاسایشی سلێمانی ئامادە نەبوو تاوانبارەكە دەستگیر بكات، پۆلیس تاونبارەكەی دەستگیركرد و دادوەر بڕیاریدا بڕی ملیۆن و نیوێك قەرەبووی كچەكەم بكاتەوە و گوشاری توند بخەرێتەسەر كوڕەكە، ئەوەش جێبەجێ نەکرا.

    ئەو ڕۆژنامەنووسەی سلێمانی گوتیشی: من وتار و هەڵوێستی جیاوازم هەبووە پێش ئەوەی بچمە کەناڵ هەشت و دواتریش ڕەخنەم لە یەکێتی گرتووە، بۆیە بە ئامانج گیرام و دژایەتیش کرام لای یەکێتی، لە ئیدارەی کەناڵەکەی بافڵ تاڵەبانی بانگرام و دورخرامەوە.

    ئەوەشی خستە ڕوو، سیاسەتی چەواشەکاری و فرت و فێڵم بەرامبەر بەکاردەهێنن و ئەوەش عەیبە بۆ یەکێتی، تەنانەت جۆزەی مۆلیدەکەشیان کوژاندومەتەوە و کارەبای ماڵەکەیان بڕیوم.

    ئەوەشی ئاشکرا کرد: بەرپرسی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی و بەڕێوەبەری کەناڵەکەی بافڵ تاڵەبانی چەندین جار لە کۆبوونەوە دەیگوت ئەوەی باسی کەناڵەکەمان بکات لە دادگاش وازی لێ ناهێنم و دوای ئەوەش بەدوایەوە دەبم، باوەڕیان بە بیروڕای ئازاد و ڕەخنەگرتن نییە، منیش لە دژی ئەم لە بەغدا سکاڵام تۆمار کردووە و ئاگادارکردنەوەشیان بۆ ناردووە، هاوکات دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستانیش لەسەر کەیسەکەم هاتوونەتە سەر هێڵ.

  • کێشەی کەمئاوی هەولێر چارەسەربوو

    کێشەی کەمئاوی هەولێر چارەسەربوو

    ئومێد خۆشناو:کێشەی کەمئاوی هەولێر چارەسەربوو

    ئەمڕۆ هەینی، 23ی ئاب، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕای گەیاند، لە ماوەى ڕابردوو لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەى پارێزگارى هەولێر، بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەى کەمئاوى، کە بەو هۆیەوە بەشێک لە گەڕەکەکانى شارى هەولێر و دەروبەرى دووچارى گرفت دەبوون، بە هەوڵى تیمە هاوبەشەکانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان توانرا تاڕادەیەکى زۆر باش ئیدارەى ئەو کێشانە بدرێت، وەک هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتییان لە بەفیڕۆنەدانى ئاو و بڕینی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌رتۆڕی ئاوى پاکى ماڵان و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ هەموو ئەوکەسانەى کە ئاو بەفیڕۆ دەدەن.
    ئەوەشی خستووەتە ڕوو، هەردوو بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى هەولێر و دەوروبەر بە هەماهەنگى یەکتر و لە چوارچێوەى ئەو نەخشە و بەرنامە و پلانەى پارێزگاى هەولێر دایڕشتبووە بۆ چارەسەرى گرفتەکانى کەمئاوى، چارەسەرى کێشە و کەموکوڕى تەکنیکى بیرەکان و لێدانى بیر بەدیل و تازە، بۆ ئەو سێ مانگەى هاوین وەک یەک تیم چەندین هەنگاو بۆ ئەومەبەستە گیرایەبەر، بە تایبەتى لە بەڕێوەبەرایەتى ئاوى هەولێر، ئەوکارانە ئەنجام دراون:-
    یەکەم : ئیفرازەکان
    1- گۆڕینی بەشێکی هێڵی سەرەکی بۆڕی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز 3 لە ناو ووێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز 3 لە سەربودجەی پارێزگای هەولێر، بە گوژمەی ( 535 ) ملیۆن دینار کە بووە هۆی کارپێکردنی پەمپی پێنجەمی پڕۆژەکە و زیادکردنی 2000م3/ لە کاتژمێرێكدا.
    2- چاککردنەوە و بە کارخستنەوەی ووێستگەی یەکەم لە ناو ئیفراز خابت بە توانای 500 م3/ لەکاتژمێرێکدا لەسەر بوودجەی پارێزگای هەولێر بە گوژمەی ( 190 ) ملیۆن دینار.
    3- چاککردنەوەی هەردوو پەمپی ووێستگەی دووەمی ئیفراز خابت ( بای واتەر) بە توانای ( 1000 ) م3/ لە کاتژمێرێکدا لەسەر فەرمانی بەڕێز پارێزگاری هەولێر لەسەر بوودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر کە ماوەی زیاتر لە 10 مانگ بوو لە کارکەوتبوو.
    4- چاککردنەوەی دوو ماتۆڕی پەمپی ژمارە 1 و 2ى ووێستگەی ئاوی ئیفراز یەك کە ماوەی 5 مانگ بوو لە کارکەوتبوو لەسەر بوودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتی ئاوى هەولێر.
    5- چاککردنەوەی چوار پەمپی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 2 کەلەلایەن کۆمپانیان بای واتەر دانرابوو چاك نەدەکرایەوە بە فەرمانی بەڕێز پارێزگاری هەولێر چاککرایەوە لەسەر بودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتی ئاوى هەولێر.\
    6- لە ئیفراز 2 های لیفت کڕینی دوو ماتۆڕ بۆ هێڵی سایلۆ و کوێستان بۆ یەکەمین جار هێڵی سایلۆ کرایە 3 پەمپ کە ساڵانێك بوو دوو پەمپ بوو .
    7- لە ئیفراز 3 دوو پەمپ لە ئینتەیك دوو پەمپ لە لۆو لیفت یەك پەمپ لە مارعۆدا چاککرانەوە.
    بەم چاکسازیانە کۆی گشتی ئاوی نێردراو بۆ شاری هەولێر لە ( 10400 ) مەتر سێجا / لە کاتژمێرێكدا بەرزبوویەوە بۆ ( 14600 ) مەتر سێجا لە کاتژمێرێكدا، واتا لە کۆی گشتی ئاو نێردراو لە ڕۆژێکدا 24960 مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا بەرز بوویەوە بۆ ( 350400 ) مەتر سێجا لە کاتژمێرێكدا، لە کاتی ئێستاشدا گشت ووێستگەکان بە تەواوی توانای خۆیان کاردەکەن .
    دووەم : بیرەکان
    لەسەر بوودجەی تەنگەتاوی
    15 بیر لێدراوە ( بێر کۆت ژمارە 2 ، تۆبزاوا احمد 1 ، باداوا 28، بنسلاوە 20 ، هاوکاری 10 ، بەحرکە 66 ، پۆلیسان 7، گردەڕەشەی بچووک 3 ، قەرەبووی ژیان ژمارە 22 ، مفتی ژمارە 9 ،هەرێم ژمارە 1 ، سەربەستی ژمارە 13 ، 94 باداوە ژمارە 40 ، گەرەکی ڕزگاری ژمارە 4 ، قەڵاتی نوێ ).هەروەها 10 بیری تر لەو چەند ڕۆژە دەست پێ دەکات ( بحرکە دوو بیر ، بنسلاوە دوو بیر ، بێرکۆتی نوێ یەک بیر ، دارەتوو دوو بیر ، باداوە یەک بیر ، پیرزین یەک بیر ، هەولێری نوێ ( سەربەخۆیی ) یەک بیر ).
    لەسەر بودجەی پارێزگا متفرقە
    5 بیر ( دارەتوو 94 گەڕەکی ژین ، کۆلێژی دەرمانسازی ، گەرەکی ژیان بدیل ژمارە 9 ، نەورۆز بدیل ژمارە 5 جهازی لەسەرە، بەشی ناوخۆیی 18 ی شوبات فەرمانی دەرچووە).
    خێر خوازی
    11 بیر لەم شوێنانە لێدراوە ( قەرەچناغە، ئازادی، شادی، دارەتوو، شاوێس، دارەتوو ، هاوکاری ، سەرکارێز، نازناز، بنسلاوە)، 5 بیریش لەسەر سندوقی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی عێراق بەسەرپەرشتی پارێزگای هەولێر لەم شوێنانە لێدراوە، (2 بیر لە گەزنە ، 1 بیر لە گوندی شێخە شەل ، 2 بیر لە باغەمرە شەهاب )
    چاککردنەوەی بیرەکان :
    زیاتر لە 622 ملیۆن دینار بۆ پێداویستی بیرەکان سەرف کراوە
    تۆڕی ئاو:
    30 کیلۆمەتر دانانی تۆڕی ئاو لە شاری هەولێر ئەنجام دراوە .
    پڕۆسەی تانکەر
    367 ملیۆن دینار پڕۆسەی تانکەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ئەنجامدراوە ( لەسەر بودجەی پارێزگا ى هەولێر، وەزارەتى شارەوانى ). ئەوەجگە لە بەستانوەی نزیکە 300 بیر کە لە ڕێگەی مولیدە ئەهلییەکان لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابینکراوە.

  • ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو

    ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو

    ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئابی 2024، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

    لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرەنجامی کارەکانی لیژنەی وردبینيی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێريی دارایيی فیدراڵ و هەرێم بۆ سێ مانگی یەکەمی 2024، لەبارەی داهات و خەرجی و میلاک و تۆماری بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفيی یەکگرتوو، لەلایەن فەریق سلێمان، سەرپەرشتیاری دیوانی چاودێريی دارایيی هەرێم و هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری و سەفین غەفوور، ڕاوێژکار لە نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران خرایە ڕوو.

    ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە سەرجەم وەزارەتەکان بۆ برەودان بە هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایيی هەرێم و فیدڕاڵ لەپێناو لابردنی هەر ئاستەنگێکی تەکنیکی لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی مانگانەی هەرێم لە کاتی خۆیدا، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە بەرپرسیارێتی وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵە، مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت کە زیاتر لە 30 ڕۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز بە سەرجەم زانیاریيە داواکراوەکان ڕەوانە کراوە، بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە مووچە بە بڕیاری دادگا بە دوورگیراوە لە ناکۆکیيەکانی نێوان هەردوو حکومەت بەو پێیەی مووچە، شایستەی دارایيی مووچەخۆرانە و نابێت تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت. لە هەمانکاتدا وەزارەتی دارایی و ئابووريی هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە بەرانبەر وەزارەتی دارایيی حکومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ کردووە لە ناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە گشت زانیاریيەکانی تۆمارکراو لە داتابەیسی بایۆمەتری و دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی، سەرەڕای ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجیيەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ لە کاتی خۆیدا و هەروەها مانگانە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیيەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ ناردووە.

    ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە ، كە نابێت بەهیچ جۆرێک هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایيی فیدراڵ ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، وەک ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵەوە دەکرێت، ئەمە مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە دڵنیاین، دیوانی چاودێريی دارایيی فیدڕاڵ، بەردەوام ڕاپۆرت لەبارەی کەموکورتییەکانی ژمێریاریی دامەزراوەکانی فیدڕاڵ پێشکەش دەکەن، بەڵام هیچ کات پەنایان بۆ دواخستن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق نەبردووە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت، وەزارەتەکانیش لە نزیکەوە کار لەسەر ڕاسپاردەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایيی هەرێم و بەغدا دەکەن، بۆیە نابێت ڕاپۆرتەکانی چاودێريی دارایی، ببنە هۆکاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

    لە بڕگەی دووەمدا، ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو تایبەت بە یەکخستنی ڕێکار و ڕێنماییە داراییەکان لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی لە بواری دارایيی گشتی وسیستمە ژمێریاریيەکان، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندێتی دەستووریی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکارییەکانی خستەڕوو.
    ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەماهەنگی لەگەڵ دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران بکەن، بۆ گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی بڕیارێک لەمبارەیەوە، تا لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و بڕیاری پێویستی لەسەر بدرێت.

    بڕگەی سێیەم تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی هەماهەنگی نێوان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتيی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبەر ڕۆشنایيی دوا کۆبوونەوەی هاوبەش، لە ڕێککەوتی 8/14 و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوە تایبەت بە ئەرک و ڕۆڵی وەزارەتەکانی هەرێم لە پێشکەشکردنی ئاسانکاریی لۆجستی بۆ کۆمسیۆن، لەپێناو سەرخستنی ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20 ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ.
    ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپات کردەوە و جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کەشێکی ئارامدا کردەوە.

    دوا بڕگەی کۆبوونەوە، پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک بوو لەلایەن کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، سەبارەت بە پرۆسەی کڕینەوە و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران.

  • لێدوانێك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

    لێدوانێك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

    لێدوانێك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

    سەبارەت بە گۆڕانكاری و دوا پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی كەركووك، ئێمە هەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كەركووك ئەو تێبینییەمان هەبوو كە ئەنجامەكان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی كەركووك نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كەركووك و ڕەچاوكردنی دۆخی ئەو شارە و كۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان كرد. لەو كاتەوە هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە كەركوك هەموو لایەك بگەنە ئەنجام و چارەسەرێكی گونجاو، چونكە دۆخی كەركوك دۆخێكی ئیستسنائییە و چارەسەرەكەشی دەبێ چارەسەرێكی ئیستسنایی بێت و لە خزمەت بووژانەوە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵكی ئەو شارەدا بێت.

    لەدرێژەی ئەو هەوڵانە، لەگەڵ لایەنە عەرەب و توركمانەكان چەندین كۆبوونەوە ئەنجام دران. لە دوایین كۆبوونەوەدا لە 4ی ئابی 2024 لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانیدا كە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و توركمان ئامادەی بوون، جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك و لە چوارچێوەی تەوافوق و كۆدەنگیی نیشتیمانیدا بێت و هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە نابێ ئەزموونەكانی پێشوو دووبارە ببنەوە و ڕەئیی جەنابی سەرۆكیش ئەوە بوو كە بۆ دڵنیایی هەموو لایەك پارێزگارێكی كورد و بێلایەن دیاری بكرێت كە لە لایەن هەموو لایەنە براوەكان پەسەند بێت. لەدرێژەی ڕاگۆڕینەوەكان و لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كرا كە پارێزگاری كەركووك بە شێوەی (ثلاثي) بێت. ئەوە بوو هەر لایەك داوای دەكرد كە پێویستە بۆ یەكەم كەڕەت پارێزگار لە پێكهاتەی ئەوان بێت و جەنابی سەرۆكیش پێداگر بوو لەوەی كە دەبێ بۆ یەكەمجار پارێزگار كەسێكی كورد بێت. هەروەها سەرۆك بارزانیش داوای لێیان كرد ئەگەر بەو مەرجە ڕازی نین كە بۆ جاری یەكەم پارێزگار لە كوردێكی بێلایەن نەبێ ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی ڕێك بكەون، كەچی هەر هەموویان ڕەتیان كردەوە لەگەڵ یەكێتی لەسەر دانانی پارێزگار ڕێك بكەون. لەدوای ئەوە چەندین كۆبوونەوەی تر ئەنجام دران، هەرچەندە هەمووجاریش نیسابی یاسایی بۆ دیاریكردنی پارێزگار تەواو بوو، بەڵام ڕەچاوی ڕۆڵی هەوڵ و نێوەندگیریەكانی بەڕێز سودانی دەكرا چونكە دۆسیەكە لەدەستی ئەودا بوو و هەوڵێكی زۆری بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كەركووك دابوو.

    ئەوەشی لە ڕۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حكوومەتی خۆجێیی كەركوك بەبێی ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی كراوە، یاسایی نیە و گرفتی هەیە و لە سەر ڕێگەیەكی دروست نیە. پێمانوایە ئەوەی كراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێكی دروست بۆ تێپەڕاندنی كێشە و گرفتەكانی شاری كەركوك. چارەسەركردن و نەهێشتنی كێشەكانی ئەو شارە و سارێژكردنی ژان و ئازارەكانی خەڵكی كەركووك بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناكرێن. چارەسەر ئەوەیە تاكڕۆیی نەكرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەكان نەدرێت و هەموو لایەك بە نیازپاكییەوە و لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك لە بەڕێوەبردنی كەركوكدا بەشدار بن.

    مەحمود محەمەد

    گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

    12-08-2024

  • راگەیەنراوێك لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

    راگەیەنراوێك لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

    ڕوونكردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە پسپۆڕییەكانەوە
    ڕۆژی (٦\٨\٢٠٢٤) ماڵپەڕی كەناڵی (نالیا)ی سەر بە خاوەنێكی قەرزداری حكومەتی هەرێم، هەواڵێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی گوایە (حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە دەستی بەسەر نزیکەی ٣٧ ملیار دیناری هاوڵاتیاندا گرتووە کە وەک پارەی مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک بدرێتە هاوڵاتیان!) نووسیویەتی گوایە: (پێش وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە هەر هاوڵاتییەک كە مامەڵەی كردووە، بڕی ٢٨٥ هەزار دیناری وەک بارمتە لێ وەرگیراوە، بەڵام لە ٢٠١٤ بە بیانووی شەڕی داعش پێشینە وەستاوە و ئێستا حكومەتی هەرێم نە پێشینەكە دەدات و نە ٢٨٥ هەزار دینارەكە دەگێڕیتەوە بۆ هاوڵاتیان!).
    بۆ بەرچاوڕوونیی هاوڵاتیانی خۆشەویست و پووچەڵكردنەوەی ئەو چەواشەكارییە، بە گرنگی دەزانین سەرەتا ئەم خاڵانەی خوارەوە روون بكەینەوە و ئینجا وەڵامێكی (نالیا)ش بدەینە:
    ١- پاڵپشت بە هەردوو بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٠٤٥٢) و (١١٠٠٢) لە (١٠\٩\٢٠٠٨) و ٨\١٠\٢٠٠٨) بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون و سوود وەرگرتنی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی نیشتەجێی شار و شارۆچكە و گوندەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە (٤٤)ی ساڵی (٢٠٠٨) پێشینەی خانووبەرە بدرێت، ئەوە بوو لە رێگەی (١٦) بانكی خانووبەرەوە پرۆسەكە جێبەجێ كرا. بۆ زانیاریی هەموو لایەک ئەو پێشینەیە لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە تاوەكو ساڵی (٢٠١٣) بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان درا و لەو ماوەیەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (٣ ترلیۆن و ٢١٤ ملیار و ٥١٣ ملیۆن و ٤٥٨ هەزار و ٣٠٠ دینار)ی بۆ پێشینەی خانووبەرە بە هاوڵاتیان دا و (١٩٦ هەزار و ٧٢١ كەس) سوودمەند بوون لەو پرۆسەیە.
    ٢- پاڵپشت بە رێنمایی ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠١٠) كە هاوپێچە لەگەڵ ئەم روونكردنەوەیەدا، لە مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرەدا، لە هەر هاوڵاتییەكی خوازیار، بڕی (٢٥٠ هەزار دینار) وەرگیراوە نەك (٢٨٥ هەزار دینار) وەك كەناڵی (نالیا) لە هەواڵەكەیدا نووسیویەتی! ئەو (٢٥٠ هەزار دینارە)ش وەک خەرجییە كارگیڕییەكان (المصاریف الاداریه) بەرامبەر بە (كرێی لێژنە، پشكنین، چاپەمەنی، گواستنەوە، رووپێو، شارەزا) كۆی ئەو پارەیەش بڕی (٣٧ ملیار دینار!) نیە وەک كەناڵی (نالیا) نووسیویەتی، بەڵكوو راستیەكەی بڕی (٥ ملیار و ١٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار)ە و لە (٢٠٠٧٤) هاوڵاتی وەرگیراوە كە مامەڵەیان پێشكەش كردووە و پشكنینی موڵكیان بۆ كراوە بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتواندراوە پێشینەی خانووبەرەیان بۆ خەرج بكرێت، ئاگاداری هەموو لایەكیش دەكەینەوە كە هەر یەكێک لەو هاوڵاتیانە سەردانی بانک بكەن و داوای ئەو (٢٥٠ هەزار دینار)ە بكاتەوە، بانكەكە بۆی دەگەڕێنێتەوە و هیچ كێشەی نیە، هەر بۆ زانیاریی هەموو لایەک تا ئێستا چەندین هاوڵاتی داوای پارەكەیان كردووەتەوە و (٢٥٠ هەزار دینار)ەكەیان وەرگرتۆتەوە.
    ٣- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری، زیاتر لە ترلیۆنێك دیناری وەك قەرزی كشتوكاڵ و قەرزی بوارەكانی تر بەخشیوە بە قەرزخوازان، ئەوەشی بە ئەركی سەرشانی خۆی زانیوە لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان و پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستان لە هەموو رووێكەوە، لە سۆنگەی ڕەچاوكردنی دۆخی ئابووریی خەڵكیشەوە، هیچ جۆرە فشارێكی لەسەر هاوڵاتیان دروست نەكردووە.
    لە كۆتاییشدا بە پێویستی دەزانین، وەبیر كەناڵی نالیا و خاوەنەكەی بهێنینەوە، لەم كاتەدا كە ئەو هەواڵە! بڵاوكراوەتەوە، كەناڵی نالیا و خاوەنەكەی، قەرزێكی یەكجار زۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لایە و نەیانداوەتەوە، جیا لە پارەی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند و تەنانەت زۆر لە كارمەندانی كەناڵەكەش كە مووچەیان خوراوە. خۆ ئەگەر سەرۆكی ئەو حزبەی خاوەنداریی كەناڵی (نالیا) دەكات، كەسێكی سەر ڕاست بوایە و بەڕاستی لە خەمی مافی خەڵكدا بوایە، با ئەو قەرزە زۆرەی حكومەتی هەرێمی بگێڕایەتەوە كە لە سامانی گشتییە و پارەی خەڵكە، بەدڵنیاییەوە دەیان كێشەی خەڵكی پێ چارەسەر دەكرا.

  • مه‌سرور بارزانی ڕەزامەندی لە سەر داواکارییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان دەدات

    مه‌سرور بارزانی ڕەزامەندی لە سەر داواکارییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان دەدات

    سەرۆکی حکوومەت چەندین بڕیاری گرنگی لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان دا ،
    كە ئەمانەی خوارەوە پوختەی ئەو بڕیارانەیە:

    پارێزگای سلێمانی:

    چارەسەركردنی كیشەی میلاكات و دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ

    – بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناهاوسەنگی ڕێژەی فەرمانبەران و ئاسانکاریی ڕێکارەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی میلاکات و بەرزکردنەوەی کارایی دام ودەزگاکانی حکوومەت لەو ناوچانە، سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندیی لەسەر ئەوە داوە كە هەریەكە لە پارێزگاری (سلێمانی و هەڵەبجە) و (ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) دەسەڵاتی دەرکردنی (فەرمانی گواستنەوەی ڕاژە) و (تەنسیب) یان پێ دەدرێ بۆ ماوەی (٢) ساڵ بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگە حكوومییەکان لە پسپۆڕییە جیاوازەکان جگە لە ڕاژەی سەربازی، ئەم فەرمانە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناگرێتەوە.

    – ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی (١٧٧) فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست لە پسپۆڕیی جیا و لە فەرمانگە و دامودەزگای جیاواز، بەم شێوەیە (٥) فەرمانبەری بواری یاسایی بۆ دیوانی قائیمقامییەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، (٥٢) ڕووپێوكار و فەرمانبەریit ئایتی لەسەر میلاکی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کشتوكاڵی سلێمانی، (٨٠) فەرمانبەر لەسەر میلاکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، (٥) فەرمانبەر بۆ بنکەی ژینگەی بازیان، (٣٥) فەرمانبەر بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

    – ڕەزامەندی درا بە گۆڕینی بڕوانامە و ناونیشانی ژمارەیەك لە فەرمانبەر گرێبەستەكانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی.

    پێدانی دەسەڵات
    – ڕەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنی ڕێژەی ٣٠٪ لە داهاتی پارێزگای سلێمانیی ئاماژە پێکراو (دیوانی پارێزگا و کاروباری هونەری) بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویستە بچووکەکان لە سنووری پارێزگاکەیان و پێدانی دەسەڵات بە بەڕێز (پارێزگاری سلێمانی) بە مەبەستی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە .

    – ڕەزامەندی درا كە دەسەڵاتی ئیفاد بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی (٣٠) ڕۆژ بدرێت بە پارێزگای سلێمانی، ئەمەش تەنیا بۆ فەرمانبەرانی ناو پارێزگای سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەمەرجێک پلە یان لەخوار (بەڕێوەبەری گشتی) بێت.

    – ڕەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای سلێمانی بۆ بەکارهێنانی هۆڵە حكوومییەکانی سنووری پارێزگا، بێ بەرامبەر بۆ ئەو چالاکی و بۆنانەی کە بە پشتیوانیی پارێزگا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

    – نووسراو ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کراوە تایبەت بەپێدانی دەسەڵاتی دیاریکردنی شێوازەکانی گرێبەست کردن بە (پارێزگار) بۆ هەموو ئەو کەمکردنەوانەی کە گوژمەی خەمڵێنراویان تا بڕی (یەک ملیار) دینارە.

    زیادكردنی پێشینە
    – ڕەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی پێشینەکانی پارێزگای و سلێمانی و قایمقامیەتەکان لە (١٨٣,٠٠٠,٠٠٠) ملیۆن دینار بۆ (٣١٩,٠٠٠,٠٠٠) سێ سەد و نۆزدە ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار.
    – زیادکردنی پێشینەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە (٢١٠,٠٠٠,٠٠٠) ملیۆن دینارەوە بۆ (٣٥٠,٠٠٠,٠٠٠) ملیۆن دینار.

    دابینكردنی پێداویستییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و دامەزراندنی کەسانی پسپۆڕ

    – ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی (٥٢٢,٢٠٨,٠٠٠) پێنج سەد و بیست و دوو ملیۆن و دوو سەد و هەشت هەزار دینار بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕووپێوی فڕۆکەوانی کە لە لایەن کۆمپانیای (CGX) فەڕەنسی دابین دەکرێت.

    – ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی (٦٨٩٠٠) دۆلار بۆ کڕینی ئامێری (X-RAY) جۆری (HS6040- zis) لە بریکاری سەرەکیی کۆمپانیای(Smith Detection) بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

    – ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی (٦,٠٠٠,٠٠٠) ملیۆن دۆلار بە مەبەستی دابینکردنی پێنج ئامێر و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و ڕزگارکردن بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

    – ڕەزامەندی درا لەسەر دابینکردنی (٢٣) ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

    هێنانەکایەی فەرمانگەی نوێ و مۆڵەتپێدان

    – ڕەزامەندی درا لەسەر هێنانە کایەی (بنکەی ژینگەی بازیان) كە سەر بە فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەبێت.

    – ڕەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای سلێمانی بۆ بەکرێدان و نوێکردنەوەی سێ بەنزینخانە لە سنووری پارێزگاکە کە دەکەونە شارەکانی (دەربەندیخان، عەربەت و ڕانیە) بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی پارێزگای سلێمانی.

    – رەزامەندی درا گواستنەوەی شارەوانی تووەسپی کە هەردوو گوندی (کانی گۆران و فەیاڵ) دەکەوێتە سنوورەکەی، لە سنووری شارەوانیەکانی دەوروبەری سلێمانی بۆ ناو سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و چارەسەركردنی کێشەی تەملیکردن.
    – ڕەزامەندی درا لەسەر چارەسەرکردنی ئەو خانووانەی کە بە زێدەڕۆ دروست کراون لەسنووری شارەوانی سلێمانی بە ڕایی کردنی مامەڵەکانیان بۆ ئەو داواکاریانەی تاکو ٩/٩/٢٠٢٢ وەرگیراون .
    – نووسراو ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بە مەبەستی خستنە ناو کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە پاژە کردنی (قیست) ئەو پارەیەی کە لە زێدەڕۆکار وەردەگیرێت لە بڕی خەمڵاندن و تۆمارکردن بەناویانەوە (بدل التملیك).

    دابینكردنی ئۆتۆمبێل و پێداویستی و كەلوپەل

    – ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی (٤٠٠,٠٠٠, ٥,٠١٣) پێنج ملیار و سیانزدە ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار وەک وەفری پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و کڕینی کەلوپەل و پێداویستییەکانی فەرمانگەکان.

    – ڕەزامەندی درا لەسەر دابینکردنی (١٥) ئۆتۆمبێل بۆ قایمقامیەتەكان و بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی.

    – دابینکردنی (١٤) چواردە ئامێری گەورە لە جۆرەکانی ( حادیلە – گەلابە- کاسحەی بەفر – شۆفل- قاشتە) بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی.

    – بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی کەڵەکەبوونی قەرزی بانگەوازکردنی پارێزگا لە ڕۆژنامەکاندا، ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی (٢٢) ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی.

    دابینكردنی سووتەمەنی

    بە مەبەسەتی دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییە حكوومییەکانی هەرێم، نووسراو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بە مەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی پشتیوانیکراوی فەرمیی عێراقی فیدراڵ

    لێرە بڕیارەکانی تایبەت بە سلێمانی ببینە: نووسراوى بڕياره‌كانى پارێزگای سلێمانى

     

    پارێزگای هەڵەبجە

    تەرخانكردنی ڕێژەیەك لە داهات و زیادكردنی پێشینە

    – رەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانكردنی رێژەی ٢٠٪ی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئیدارەی پارێزگاكە و پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای هەڵەبجە بۆ خەرجكردنی ئەو رێژەیە لە چوارچێوەی رێسا و رێنماییەكان بۆ خزمەتكردنی ناوچەكە، بە مەرجێك ساڵانە پلان بەرز بكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەماهەنگیكردن و پەسەندكردنی.

    – ڕەزامەندی درا لەسەر زیادكردنی پێشینەکانی دیوانی پارێزگا و قایمقامیەتەكان و ناحیەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە (٥٦) ملیۆن دینار بۆ (١٣٤) ملیۆن دینار.

    – پێدانی دەسەڵات بە پارێزگا و قایمقامیەتەكان بۆ خەرجكردنی پیشینەی كتوپڕ .

    کردنەوەی فەرمانگەی نوێ و بەفەرمیكردنی دەروازەی سنووری (مەرزی سازان)

    – نووسراو ئاراستەی لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەتی فیدراڵ کراوە بەمەبەستی بەفەرمی کردنی (مەرزی سازان) لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و بكرێتە مەرزێکی فەرمی. ئەمەش یەكێك بوو لە داواكارییە گرنگەكانی بەرپرسانی ئیداری و خەڵكی ناوچەكە.
    – لەسەر فەرمانی سەرۆكی حکوومەت بڕیار دراوە (بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەڵەبجە) لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بكرێتەوە و میلاكی بۆ دەستنیشان بكرێت .

    دامەزراندنی فەرمانبەر و پڕكردنەوەی میلاك

    ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی (٥٢) فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست لە پسپۆڕییە جیاوازەكان بۆ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و قایمقامیەتەكانی و ناحیەكان

    كڕینی ئۆتۆمبێل

    – بریار درا بە دابینکردنی (٢٣) ئۆتۆمبێلی پێویست بۆ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و قایمقامیەتەكان و ناحیەكانی سنوورەكە.
    لێرە بڕیارەکانی تایبەت بە پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ببینە: نووسراوى بڕياره‌كانى پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌

     

    ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین

    زیادكردنی خەرجی و پیشینە

    – ڕەزامەندی درا لەسەر زیادكردنی خەرجی کتوپر و پێشینانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و هەردوو قایمقامیەتی قەزای رانیە و پشدەر و ناحیەكان لە بڕی (٠٠٠, ٣٧,٣٠٠) ملیۆن دینار بۆ (٠٠٠, ٩٩,٠٠٠)ملیۆن دینار.

    دامەزراندن و میلاك

    – ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی (٤٣) فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست و بەپێی پسپۆڕییە داواكراوەكان لەسەر میلاكی دیوانی ئیدارەی راپەڕین و هەردوو قایمقامیەتی قەزاكانی رانیە و پشدەر و ناحیەكان.

    دابینكردنی ئۆتۆمبێل

    – ڕەزامەندی درا لەسەر دابینکردنی(١٣) ئۆتۆمبێل سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، قایمقامیەتی رانیە، قایمقامیەتی پشدەر، ناحیەكانی سەركەپكان و سەنگەسەر و بێتواتە و حاجیاوا.

    لێرە بڕیارەکانی تایبەت بە ئيداره‌ى سه‌ربه‌خۆى ڕاپه‌ڕين ببینە: نووسراوه‌كانى ئيداره‌ى سه‌ربه‌خۆى ڕاپه‌ڕين

    ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان :

    زیادكردنی پێشینە

    – زیادکردنی پێشینە و خەرجی باری لەناکاوی ئیدارەی ڕاپەرین قائیمقامیەتەکان لە (٠٠٠, ٢٦,٠٠٠) ملیۆن دینار بۆ (٠٠٠, ٧٨,٠٠٠)ملیۆن دینار.

    دامەزراندن و میلاك

    ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی(١٣٣) فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست و بەپێی پسپۆڕییە داواكراوەكان لەسەر میلاكی دیوانی ئیدارەی راپەرین، هەردوو قایمقامیەتی قەزاكانی كەلار و كفری و ناحیەكانی سنووری ئیدارەكە و هەردوو بەرێوەبەرایەتیی ناحیەی قۆرەتوو و مەیدان.

    یەکلاکردنەوەی كێشەی زەویی سندووقی

    – نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، دەسەڵات دراوە بە وەزارەتی شارەوانی بۆ ماوەی یەك ساڵ تا كێشەی ئەو زەوییانە یەكلا بكاتەوە لە سنووری گەرمیان كە بە (زەویی سندووقی) ناسراون و دەكەونە نێوان دوو خانوو، تۆماری سەربەخۆیان نیە بەڵام لە نەخشەی شارەوانی بە (زەویی چۆڵ) داخڵ كراون بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لێی سوودمەندبن.

    پێدانی زەوی بۆ كەسە شایستەكانی ناوچە كوردستانییەكان

    نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، ڕەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی شارەوانی تا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان زەوی بۆ میراتگری شەهیدان و ئەنفالكراوان و راگیراوانی سیاسی و ڕزگاربوانی شاڵاوی ئەنفالی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دابین بكات كە ژمارەیان (٢٧٤) كەسە بۆ ئەوەی لە شوێنی شیاو زەوییان پێبدرێت.

    دابینكردنی ئۆتۆمبێل

    بریار درا بە دابینکردنی (٣٥) ئۆتۆمبێل بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قائیمقامیەتی كەلار و قایمقامیەتی كفری و ناحیەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، بۆ مەبەستی لێژنەی ئەمنی و لێژنەی چاودێری.

    مۆڵەتی بەنزینخانە

    – ڕەزامەندی درا لەسەر پێدانی مۆڵەت بە سێ بەنزینخانە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان.

    پڕۆژە

    – ڕەزامەندی درا لەسەر گواستنەوەی (٣٩) پڕۆژە لە بوودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بۆ سەر بوودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی وەگەرخستنەوەیان.

    – پێدانی دەسەڵات بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان تاکو بڕی (١) ملیار دینار.

    لێرە بڕیارەکانی تایبەت بە ئيداره‌ى سه‌ربه‌خۆى گه‌رميان ببینە: ئيداره‌ى سه‌ربه‌خۆى گه‌رميان

  • حكوومەتی هەرێم كارەبا بە وزەی خۆر بۆ گوندنشینان بەقیست دابین دەكات

    حكوومەتی هەرێم كارەبا بە وزەی خۆر بۆ گوندنشینان بەقیست دابین دەكات

    حكوومەتی هەرێم كارەبا بە وزەی خۆر بۆ گوندنشینان بەقیست دابین دەكات

    حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارەبای لە وزەی خۆر بۆ گوندی گوندی ئێنەمسیدی سنووری ‌شارۆچكەی مێرگەسۆر دابین كرد. ئێستە 32 ماڵی گوندەكە‌ لەم ڕێیەوە سوود لە كارەبای بەردەوام وەردەگرن.

    ماوەی حەوت مانگە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی وزەی خۆر كارەبای بۆ دانیشتووانی گوندی ئێنەمسیدی سنووری مێرگەسۆر دابین كردووە، ئەو گوندە 32 ماڵن، بەم كارە دڵخۆشن و بەباشترین خزمەتی دەزانن پێشكەشیان كرابێت، چونكە هەم كارەبای بەردەوامیان هەیە و هەمیش دۆستی ژینگەیە. لەم چەند ساڵەدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەگوژمەی 250 ملیار دینار پڕۆژەی گەیاندن و وەبەرهێنانی لە بواری كارەبادا جێبەجێ كراوە و ژمارەیەك پڕۆژەش ڕەزامەندییان بۆ دراوە.

    هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەمبارەیەوە رای گەیاند، پێدانی كارەبا بە هەموو گوندەكان، ئەركی وەزارەتی كارەبای قورس كردووە و ئێستە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كار لەسەر بەرنامەیەك دەكات بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەكی تر كارەبا بۆ گوندەكان دابین بكەین، بە جێبەجێكردنی ئەم پلانە دەتوانین فشار لەسەر كارەبای نیشتمانی كەم بكەینەوە و كارەبای زیاتر بۆ شارەكان دابین بكەین.

    پرۆژەی دانانی كارەبا بە وزەی خۆر بۆ گوندەكان، یەكێكە لەو كارانەی ئێستە حكوومەتی كوردستان جێبەجێی دەكات، هەر ماڵێك كارەبای بە وزەی خۆر بۆ دابین دەكات، بەشێوەی قیست پارەكەیان لێ وەردەگرێتەوە.

    ئەو سیستمەی ئێستە بۆ گوندی ئێنەمسیدی سنووری مێرگەسۆر دانراوە، شەو هەشت ئەمپێر و رۆژیش 16 ئەمپێر كارەبا دابین دەكات، تێچووەكەی سێ هەزار و 100 دۆلارە، پارەكە حكوومەت دابینی كردووە و بە قیست دانیشتووانی گوند دەیدەنەوە.
    پرۆژەی وزەی پاكی كارەبا بە سوودوەرگرتن لە تیشكی خۆر لە گوندی ئێنەمسیدی قەزای مێرگەسۆر، بە گوژمەی 200 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ كراوە.